خوێندكارێكی كورد لەژێر ئەشكەنجەی ئیتڵاعاتی كرماشان گیانی لە دەست دا

:: AM:10:44:21/06/2020 ‌

خوێندكارێكی بواری دەرمانسازی زانكۆی زانستە پزیشكییەكانی كرماشان كە 18 مانگ پێشتر لەلایەن ناوەندە تەناهییەكانی كرماشانەوە دەستبەسەر كرابوو، لە ژێر ئەشكەنجە گیانی لە دەست داوە و ئێستە تەرمەكەی ڕادەستی بنەماڵەكەی كراوەتەوە.

ئیدارەی ئیتڵاعاتی كرماشان، بنەماڵەی خەلیل مورادی ئاگادار كردووەتەوە كە كوڕەكەیان بە هۆی ڕووداوی هاتوچۆوە گیانی لە دەست داوە.

خەلیل مورادی تەمەن 32 ساڵ، خەڵكی سەلاسی باوەجانی و دانیشتووی شاری جوانڕۆ و خوێندكاری دەرمانسازی زانكۆی زانستە پزیشكییەكانی كرماشان بووە، لە پایزی 2018 لەلایەن هێزەكانی ئیدارەی ئیتڵاعاتی كرماشانەوە بە تۆمەتی هاوكاری لەگەڵ یەكێك لە حزبە كوردستانییەكانی دژبەری حكوومەت دەستبەسەر كراوە.

بەگوتەی سەرچاوەیەكی نزیك لە بنەماڵەی مورادی، خەلیل مورادی لەكاتی دەستبەسەركردنی لە دەرمانخانەیەكی كرماشان، سەرقاڵی ئیش بووە و لەو كاتەوە بنەماڵەكەی لە چارەنووسی بێ ئاگا بوون.

ماڵپەڕی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو كە بە هۆكاری تەناهی نەیویستووە ناوی ئاشكرا بێت، لەوبارەوە دەڵێت، بنەماڵەی مورادی مانگی ڕابردوو بەرپرسێكی حكوومەتیان بە پارە ڕازی كردووە كە لە دۆخی ڕۆڵەكەیان ئاگاداریان بكاتەوە و ئەویش تەنیا وڵامی ئەوە بووە كە خەلیل لە ئیتڵاعاتی كرماشان ڕاگیراوە.
بە سەدان گەنجی رۆژهەڵاتی كوردستان لە گرتووخانەكانی ئێرانن كە بە بێتاوان یان بە تۆمەتی لایەنگریكردنی حزبێكی سیاسی گیراون

خەلیل مورادی لە كاتی دەستبەسەركردن لە هەموو مافە یاساییەكانی خۆی وەك ئاگاداركردنەوەی بنەماڵە و دەستپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە. تا ئێستە هیچ یەك لە بەرپرسانی تەناهی و دادوەریی پارێزگای كرماشان لەبارەی مەرگی گوماناوی مورادی لە ئیدارەی ئیتڵاعات لێدوانیان نەداوە.

پێویستە بگوترێ بە سەدان گەنجی رۆژهەڵاتی كوردستان لە گرتووخانەكانی ئێرانن كە بە بێتاوان یان بە تۆمەتی لایەنگریكردنی حزبێكی سیاسی گیراون. سزای بەشێك لەوانە سێدارەیە و بەشێكیشیان لە ژێر ئەشكەنجە و ئازار دەمرن.



وشە - سلێمان تاشان