سیاسەتوانان: حەقە پەكەكە سنووری چالاكییەكانی بۆ باكوری كوردستان بگوازێتەوە

:: PM:10:24:21/06/2020 ‌

سەركردەیەكی پێشووی بزووتنەوەی ئیسلامی لە كوردستان رای دەگەیەنێت، ئەوەی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان پیادەی دەكات، لە هیچ وڵاتێكی دنیادا نییە، ئەو داوا دەكات پەكەكە چالاكییەكانی بۆ باكوری كوردستان بگوازێتەوە.
پێویستە هێزە سیاسییەكانی هەرێم هەڵوێستیان یەكبخەن
محەمەد بازیانی، ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی بزووتنەوەی ئیسلامی ئەمڕۆ یەكشەم 21ی حوزەیران، بە "وشە"ی راگەیاند، ئەوەی پەكەكە لە سنووری هەرێمی كوردستان پیادەی دەكات لە هیچ وڵاتێكی تری دنیادا نییە، وەك دەگوترێ، 400 گوندی كوردستان لە ژێر دەستی پەكەكەیە و حكوومیان دەكات، لەكاتێكدا سنووری كاركردنی ئەوان باكوری كوردستانە نەك باشوور.

بازیانی روونی كردەوە، هەڵوێستی حزبەكان لە ئاست هێرشەكانی توركیا و ئێران دووفاقی پێوە دیارە، رۆژانە ئێران تۆپبارانی گوندەكان دەكات و هیچ حزبێكی ئەم دەڤەرە دەنگیان لێوە نایەت.

بە گوتەی ئەو سیاسەتوانە، پێویستە حزبەكانی هەرێم بەتایەت پارتی و یەكێتی، هەڵوێستەكانیان یەكبخەن و رووبەڕووی ئەو گوشارانە ببنەوە كە لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە، توركیا و ئێران بۆردومان دەكەن و بەغدایش هەڵوێستی نییە.

لای خۆیەوە محەمەد وەتمان، ئەندامی پێشووی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، میلەتی كورد لەوپەڕی نەهامەتیدایە، پێویستە پەرلەمان و حكوومەتی هەرێم هەڵوێستیان هەبێت، نەك حزبەكان، هەڵوێستی حزبەكان هیچ سوودێكی نییە، تەنیا دەچێتە قاڵبی موزایەدەوە.

یەكێتی لە سنووری سلێمانی هیچ هەڵوێستێكی بەرانبەر هێرشكردنە سەر بارەگاكانی پەكەكە لەلایەن توركیاوە نییە، بەڵام لە بەرانبەر بۆردمانی ناوچە كوردستانییەكانی سنووری پارێزگای دهۆك داوای هەڵوێست وەرگرتن دەكات.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل