هەندێک پەرلەمانتار لەپێناو گیرفانی خۆیان دژی بڕیارەکانی حکوومەت دەوەستنەوە

:: AM:10:51:22/06/2020 ‌
دوای بڕیارەكانی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیران، كۆمەڵێك لایەنی سیاسی و پەرلەمانتار بەم بڕیارە گەورەترین زیان بە گیرفانیان دەگات و نیوەی مووچەكانیان لێ كەم دەكرێتەوە؛ هەر بۆیە دژی بڕیارەکان دەوەستنەوە.

ئەمڕۆ دووشەم 22ـی حوزەیران، شوان زراری ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەلاپەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی، بەدرێژایی مێژووی حوكمڕانێتیی وڵاتانی دنیا، هەمیشە ئەو كەسە سەركەوتووانەی حوكمی وڵاتەكانیان كردووە، دووچاری لێشاوێك لە ڕووبەڕووبونەوەی قورسی نەیارەكانیان بوونەتەوە.

خەریكە بابەتەكە بەلاڕێدا دەبرێت و چەواشە دەكرێت لەلایەن هەندێ لایەنی سیاسی و پەرلەمانتاران، وەك پیشەی هەمیشەییان دەستیان داوەتەوە كارە قێزەونەكەیان 
ئەندامەكەی پەرلەمان دەڵێت، دوای ئەوەی لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیران چەند بڕیارێكی گرنگ دران كە رێچارەیەك بدۆزرێتەوە چیتر مووچەی فەرمانبەران دوا نەكەوێت، لەو بڕە داهاتەی لەبەردەستە، مووچە دابەش بكرێت، ئەوە سەرەڕای ئەوەی كە كورتهێنانی تێدا هەبووە، دوای گفتوگۆیەكی درێژ هەمووان لەسەر بڕیارەكە كۆك بوون، دواتر بڕیاری كۆتایی درا کە مووچەی پلەباڵاكان و هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێم و پەرلەمانتاران و سەرجەم خانەنشینی ئەو چینانە بە رێژەی %50 كەم بكرێتەوە.

باسی لەوەش كردووە، لەكاتی دەركردنی ئەو بڕیارە، هەندێ حزب دەستیان داوەتە موزایەدەكردن و هەواڵی چەواشەكارانە بڵاو دەكەنەوە، وەك دەبینین كە خەریكە بابەتەكە بەلاڕێدا دەبرێت و چەواشە دەكرێت لەلایەن هەندێ لایەنی سیاسی و پەرلەمانتاران، وەك پیشەی هەمیشەییان دەستیان داوەتەوە كارە قێزەونەكەیان، بۆیە لێرەدا دەڵێم لەوە دڵنیابن ئەو كەسانە لە خەمی میلەت و فەرمانبەراندا نین، بەڵكو لە خەمی مووچەكەی خۆیانن، چونكە ئەم بڕیارەی دراوە گەورەترین زیان لە گیرفانی ئەوان دەدرێت و نیوەی مووچەكانیان لێ كەم دەكرێتەوە، بۆیە ئەو بڕیارەی دراوە تەنیا لە قازانجی چینی مووچەخۆری ئاسایی حكوومەتە.

لە كۆتایی نووسینەكەی ئەوەشی ڕوون كردووەتەوە، كەمكردنەوەی مووچە تەیا بۆ ئەو مانگە دەبێت و بۆ مانگەكانی داهاتوو یاسای چاكسازی دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە كە دڵنیابن كاریگەری زۆری دەبێت لە نەهێشتنی نادادپەروەری و كەمكردنەوەی خەرجی و زیاتركردنی داهات، بۆیە هیچ پێویست ناكات ڕاستییەكان بگۆڕن، هەواڵی درۆ و چەواشەكارانە بڵاو بكەنەوە، تەنیا چاوەڕوان بن تەواوی ڕاستییەكان بۆ ڕای گشتی دەخەینەڕوو.

ئەو نووسینەی ئەو پەرلەمانتارە لە كاتێكدایە بەهۆی دەركردنی یاسای چاكسازی، ئێستە بەشێكی زۆر لە پەرلەمانتارە خانەنشینكراوەكان و هەندێك لە پەرلەمانتارەكانی ئێستە دژی دەوەستنەوە، چونكە نیوەی مووچەكانیان دەبڕێت و مووچەی فەرمانبەران دەستكاری ناكرێت.



وشە - رامیار جەواد