یەکێتیی مامۆستایان داوا دەکات لە داهاتوو مووچە بڕاوەکەیان بدرێتەوە

:: PM:12:03:22/06/2020 ‌
سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان داوا دەکات، لە مووچەی مانگەكانی داهاتوو ئەو %21ـی مووچەیەیان بگەڕێتەوە کە ئەم مانگە لێیان دەبڕێت.

ئەمڕۆ دووشەم 22ـی حوزەیران، عەبدولواحید محەمەد سەرۆكی یەكێتـی مامۆستایانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، بەدواداچوونمان لەسەر مووچەی مامۆستایان و دەستكاریكردنی كردووە، بڕینی %21ـی مووچە تەنیا بۆ ئەو مانگە دەبێت بەبێ‌ دەرماڵەكان.

داواكارین لە مووچەی مانگەكانی داهاتوو ئەو %21ـی مووچەیەمان بۆ بگەڕێتەوە
سەرۆكی یەكێـتی مامۆستایان گوتی، داواكارین لە مووچەی مانگەكانی داهاتوو ئەو %21ـی مووچەیەمان بۆ بگەڕێتەوە.

باسی لەوەش كرد، بڕینی دەرماڵەكان لە یاسای چاكسازی دیاری كراوە، هیوادارین یەكسانی و دابەشكردنی مووچە بۆ هەمووان وەك یەك بێت تا تەنیا مامۆستایان زیان نەكەن.

ئەحمەد گەرمیان جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لەو كۆنگرە ڕۆژنامەنووسییە گوتی، زۆر پێویستە هەموو مانگێك بۆ مامۆستایان لە كاتی خۆی مووچە دابەش بكرێت و وەری بگرن.

ڕوونی كردەوە، سوپاسی وەزیری پەروەردە دەكەین كە نەیهێشت خوێندنی ئەمساڵ لەناو بچێت و چەندان بڕیاری پێویستی دەركرد.




وشە - رامیار جەواد