گەندەڵییەكی گەورە ئاشكرا دەبێت و دوو بەڕێوەبەر سزا دەدرێن

:: PM:12:07:22/06/2020 ‌
دوای ئاشكرابوونی وەرگرتنی باجی نایاسایی، وەزیری دارایی و ئابووری بڕیار بۆ گۆڕینی دوو بەڕێوەبەری مەرزی پەروێزخان لە شوێنەكانیان دەدات و گەندەڵییەكەشیان وەرگرتنی باج بەبێ‌ پسوولە بووە.

ئەمڕۆ دووشەم 22ـی حوزەیران، بەپێی ئەو زانیارییانەی  بڵاو بووەتەوە ، بە فەرمانی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم، بەهۆی وەرگرتنی باجی نایاساییەوە، بڕیاری گواستنەوەی دوو بەڕێوەبەر لە گومرگی مەرزی پەروێزخان دەدرێت و دەگۆڕێن.

بەرپرسی لایەنێكی دیاریكراو بەبێ پسوولە باج و سەرانەی نایاسایی لە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان وەردەگرن
چەند ڕۆژێك لەمەوبەر ژمارەیەك شۆفێر كە رۆژانە خۆڵی ئاسن و خۆڵی كارگەكان دەگوازنەوە، لە گردبوونەوەیەكدا لە مەرزی پەروێزخان، ئاماژەیان بەوە كرد كە بەرپرسی لایەنێكی دیاریكراو بەبێ پسوولە باج و سەرانەی نایاسایی لە ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان وەردەگرن.

میدیای فەرمی بزووتنەوەی گۆڕانیش بڵاوی كردووەتەوە، دوای ناڕەزایی ئەو شۆفێرانە و بەدواداچوون بۆ بابەتەكە، وەزیری دارایی بڕیاری راگرتنی هاوردەكردنی ئەو "خۆڵانە"ی دەركرد و بڕیارە دوو بەرپرسی گومرگیش بگۆڕێن.

باس لەوەش كراوە بە بڕیاری ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی، هاتنی ئەو خۆڵانە راگیراوە تا ئەوكاتەی بەدواداچوونی ورد دەكرێت و وەرگرتنی سەرجەم ئەو باجە ناڕەسمییانە رادەگیرێن و  لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕیاری گواستنەوەی دوو بەڕێوەبەر لە گومرگی مەرزی پەروێزخان دەدرێت و دەگۆڕێن.



وشە - رامیار جەواد