پێوەندی تیشكی خۆر و ڤایرۆسی كۆرۆنا

:: PM:06:39:24/06/2020 ‌

كۆرۆنا وەك دێوەزمەیەك یاخەی كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی گرتووە و رۆژانە دەیان و سەتان كەس دەكاتە قوربانی، بەهۆی نەبوونی چارەسەری بنبڕ، مرۆڤ بەدوای هەر ئامرازێكەوە ویڵە ببێتە هۆی لەناوچوون یان كەمبوونەوەی پەتاكە، توێژینەوەیەكی ئەمەریكی باسی كاریگەریی تیشكی خۆ بۆ سەر ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكات.
90%ی كاریگەریی ڤایرۆسەكە پەك دەخات
وەك لە توێژینەوە نوێیەكەدا هاتووە، تیشكی خۆر لە هاوین و لەكاتی نیوەڕۆدا، دەكرێ كاریگەری و توانای ڤایرۆسی كۆرۆنا بە رێژەی 90% بوەستێنێت، بەتایبەتی لە ناوچەكانی پلەی گەرمیان بەرزە، ئەوەیش لە ماوەی 34 خولەكدا.

توێژینەوەكە كە ئەنجامەكانی لە گۆڤاری كیمیای رووناكی و بایۆلۆجی رووناكی بڵاو كرایەوە، ئاماژەی كرد، تیشكی سەرووی وەنەوشەیی لە ناوەڕاستی رۆژدا، دەتوانێت 90%ی ڤایرۆسەكانی كۆرۆنا پەك بخات، بەڵام شارەزایان ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكەن كە ئەو كاریگەرییە كار ناكاتە سەر تێكڕای تووشبوون.

دوو لە تیمی توێژەران، زانایان خۆسێ لویس ساگریبانتی و سی داڤید لیتڵن، كە لەگەڵ حكوومەتی ئەمەریكا كار دەكەن، یەكێكیان لە سوپا و ئەوەی تر لە بەڕێوەبەرایەتی خۆراك و دەرمان،  پێیان وایە كە ئەو داخستنەی وەك خۆپارێزی لە كۆرۆنا گیرایە بەر، زیانی هەبووە، چونكە زۆركەسی لە بەركەوتنی تیشكی خۆ بێبەش كرد، كە دەكرا ڤایرۆسەكانی لەناو ببردبووایە. 

ئەو توێژینەوە نوێیە، یەكێكە لەنێوان چەندان توێژینەوەی تر كە دووپاتیان كردووەتەوە بەوەی ڤایرۆرسی كۆرۆنا زۆر لە تواناكانی لە پلەی بەرزی گەرمی و شێدا لەدەست دەدات، بەپێچەوانەی كەشی سارد، بەڵام رێكخراوی تەندروستی جیهانی تا ئێستەیش گومانی لە ئەنجامی ئەو توێژینەوانە هەیە، لەوكاتەی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی كە لە تیشكی خۆردا هەیە، بۆ پاككردنەوەی رووە جیاوازەكان لە ڤایرۆس لە میترۆكانی نیویۆرك لە ئەمەریكا بەكاردەهێنرێت.

بەشێك لە زانایان دووپاتی دەكەنەوە كە ئەو بڕەی تیشكی سەرووی وەنەوشەیی كە پێویستە بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسەكان، بۆ مرۆڤ سەلامەت نییە، بۆیە پێشبینی دەكرێت كە هاوینێكی گەرم رەنگە بتوانێت پەتاكە سست بكاتەوە، بەڵام بەتەواوەتی نایوەستێنێت.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل