جێی پرسیار و تێڕامانە

PM:02:31:14/07/2022 ‌
كۆمەڵگەی كوردی بە جۆرێك چاوبەست كراوە و هێزی خۆبەكۆیلەكردن تێیدا زاڵ بووە, دەرفەتی بینین و بیستنی ڕاستی و دروستی دۆخەكە نەماوە یان زۆر ئەستەم و مەحاڵ بووە. سێ ساڵ بەر لە ئێستە و پێش دەستبەكاربوونی مەسروور بارزانی وەك سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان, دۆخی هەرێمی كوردستان چۆن بوو؟ 
بژێوی تاك و داهاتی نەوت و ناوخۆ چەند بوو؟ 
دابەشكردنی مووچە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و رێگەوبان چۆن بوو؟ 
كرانەوەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بە رووی هەرێمی كوردستاندا.. هتد چۆن بوو؟

سەرباری چەندان هەوڵی دەرەكی و ناوخۆیی بۆ پەكخستنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان, بەڵام مەسروور بارزانی بە سیاسەتی حەكیمانەی، خۆی توانی لە رێی پلان و بەرنامە و چاكسازییەكانییەوە، قەیرانەكان تێپەڕێنێت و سەرجەم بەربەستەكان بشكێنێت. 

دوای خستنەڕووی ئەو هەموو دەستكەوتە مەزن و مێژووییانەی سەرۆكی حكوومەت لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، بەگشتی, سەرجەم كۆمەڵگەی كوردی لێی سوودمەند بوونە, "جێی پرسیار و تێرامانە" تا ئێستە خەڵكانێك دوای میدیای چەواشەكار كەوتوون و بە ژەهرڕشتنی خیانەتكارانە نكۆڵی لێ دەكەن و بە كەم دەینرخێنن! 

با بەراوردێكی بژێویی ژیانی زۆرینەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی وەك  ئێران  عێراق, توركیا و سووریا بكەین, جا دەبینن ژیانی تاك لە هەرێمی كوردستان چەند شكۆمەندانەتر و خۆشگوزەرانتره, تا ئەو وڵاتانەی كە بە كرێگیراوەكانیان لە میدیا چەواشەكارەكانیانەوە موزایەدەیان بۆ دەكەن؟‌

راستییەكەی پێویستە دووبارە زۆر لە تاكی كورد پەروەردە بكرێن و لەو ئیرهابی فكری و چاوبەستنە ڕزگار بكرێن، ئەخلاقی نەتەوەیی و نیشتمانیان بەرز بكرێتەوە، چیتر جاشایەت و خۆفرۆشییان لا ئاسایی نەبێت, كاتێك دەبینێت كۆمەڵگە بەرەو رادەستی ئایدۆلۆجیای جاشگەری دەڕوات, دەتاسێت و شۆك دەبێت! بۆیە دەبێت باش بزانین وڵات هەرگیز نابووژێتەوە، ئەگەر دانیشتووانی بەرنامەی نانەتەوایەتیی پێڕەو بكەن.