سێیه‌م هۆشیاریی هاتوچوو (هاتوچۆ)
ژیڤان خۆرانی
• تاكی كورد ئه‌گه‌رچی له تاكی زۆربه‌ی نه‌ته‌وه و وڵاتانی تر باشتر ده‌ژی و پێشكه‌وتووتره، زیره‌كترین ئامێری سه‌رده‌م و نوێترین و باشترین جۆری ئۆتۆمبێل و پێداویستییه‌كانی ئه‌لیكترۆنی و ئه‌وانی تر به‌كار دێنێت، به‌ڵام ده‌توانین بڵێین چتهیلێك هه‌س، ئه‌و په‌ی پێ نابات. ئه‌مه‌یش ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر خۆی و ده‌وروبه‌ری، دواجار حكوومه‌ت و ڕۆڵی حكوومه‌ت له هۆشیاركردنه‌وه و به شارستانیكردنی كۆمه‌ڵگه، ڕۆڵێكی به‌رچاو و گرنگ ده‌بینێت.
• جارێ به‌ری هه‌موو شتێك/ تاكی كورد نازانێت له شه‌قامه‌كان بپه‌ڕێته‌وه، جگه له‌وه‌ی به شوێنی پێڕۆدا ناپه‌ڕێته‌وه، زۆرجار خۆیشی نازانێ بۆچی له ژێر پرده‌كان ده‌په‌ڕێته‌وه. بێگومان له یاسای هاتوچۆدا په‌ڕینه‌وه له‌ژێر پرده‌كان قه‌ده‌غه‌یه.
له گه‌شتێكی ڕۆشنبیریدا، ڕێم كه‌وته ئێران، بێجگه له تاران، زۆربه‌ی شاره‌كانی ئه‌م وڵاته، (بێگومان شاره كوردییه‌كان ناگرێته‌وه، ماڵی دزیارییه و پشتگوێ‌یان خستوون، چونكه ڕۆژێ خاوه‌نی لێ وه‌ده‌ر ده‌كه‌وێت و لێیان ده‌ستێنێته‌وه!) شه‌قامه‌كانیان به په‌رژین ده‌وره دراوه، یانی پێڕۆ ناچار ده‌كه‌ن به شوێنی په‌ڕینه‌وه‌دا، بۆ ئهوبهڕی شه‌قام بپه‌ڕنه‌وه، ئینجا له‌سه‌ر زه‌وی بێ یان پرد بێ، بێگومان ڕه‌چاوی كه‌سانی خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تیش كراوه.
له پایته‌ختی كوردستان په‌ڕینه‌وه له ترافیكلایت سه‌مه‌ره‌یه، چونكه هه‌ر كه‌س و به ئاره‌زووی خۆی ده‌په‌ڕێته‌وه، جاری وا هه‌یه، شوفێر چه‌ند خوله‌كێك چاوه‌ڕێی گڵۆپی سه‌وز ده‌كات، له كاتی هه‌ڵبوونی گڵۆپه‌كه كه‌سێك به ئیسراحه‌ت به به‌رده‌م ئۆتۆمبێله‌كه‌یدا گوزه‌ر ده‌كات و مۆڕهیش له شوفێر ده‌كات، به‌و واتایه‌ی (نابینی ده‌په‌ڕمه‌وه، بۆچی هێواشی ناكه‌یته‌وه!) مافی بابای شوفێر پێشێل ده‌كات و ڕه‌نگه بۆی بگونجێ لێشی بدات، كاره‌ساته!
• ئاسایییه و ده‌كرێ ئێمه‌یش وه‌ك مرۆڤ سوود له پێشوه‌چوونه‌كانی دنیا ببینین، ده‌كرێ ئێمه‌یش لایه‌نی پێوه‌ندار شۆسته و شه‌قام به په‌رژین و دارودره‌خت و دیمه‌نی جوان بنه‌خشێنن و ده‌وره بده‌ن. ده‌ی با حكوومه‌تی كوردیش هاووڵاتییانی ناچار بكات به‌و په‌رژینانه‌ی دروست ده‌كرێن، به شوێنی پێڕۆدا بپه‌ڕنه‌وه، نه‌ك به شه‌قامه گشتییه‌كان، زیانمه‌ندی دووه‌می هاتوچۆیش پێڕۆیه. جگه له‌وه‌ی ڕۆژانه له‌ناو شار و ده‌ره‌وه‌ی شار، له شه‌قامه‌كان به‌هۆی ئۆتۆمبێله‌وه مرۆڤ تیا ده‌چێ، پێڕۆ زیانمه‌ندی دووه‌من.
• ئه‌وێ ڕۆژێ ژاپۆنییه‌كان له خۆپێشاندانێكدا داوایان كردبوو ئه‌و گڵۆپانه‌ی نیشانه‌ی په‌ڕینه‌وه‌ی مرۆڤ پیشان ده‌ده‌ن، له‌گه‌ڵ گڵۆپه‌كانی تری ترافیك به‌ستراون، لایان بده‌ن، دروشمیان ئه‌وه‌بوو (ئێمه مرۆڤین نه‌ك ئاژه‌ڵ!) واته ده‌زانین كه‌ی نۆره‌مان دێت، به پێ له شه‌قامه‌كان ده‌ربازی سه‌ر شۆسته ببین. ده‌زانین كه‌ی بپه‌ڕینه‌وه، ده‌زانین كاته‌كه‌ی چه‌نده. مرۆڤی كوردیش له هه‌موو مه‌خلووقێكی خودا بێئاگاتره، ئه‌گه‌ر ئێمه خۆمان به ئینسانی ژیاری و شارستانی ده‌زانین، ده‌ی شار و مه‌ده‌نییه‌ت كۆمه‌ڵێ یاسا و بنه‌مای خۆی هه‌یه، گه‌ره‌كه هه‌موومان پێڕه‌وی بكه‌ین. ده‌نا ده‌ست له شارستانی بوون بشۆینه‌وه.
مه‌ڵێ به‌راوردكردنی كوردستان و ژاپۆن به‌جێ نییه، نا خۆشه‌ویست، ئه‌وانیش وه‌ك ئێمه مرۆڤن، ئه‌وان ڕژدن له‌سه‌ر بنه‌ما شارستانی و ژیارییه‌كان، ئێمه وا فێر نه‌كراوین! هه‌موو دایك و باوكێكی كورد ئاوها منداڵیان فێری په‌ڕینه‌وه ده‌كه‌ن (ڕۆڵه سه‌یری ئهومسهر و ئه‌وسه‌ری شه‌قام بكه، ئینجا به ڕاكردن بپه‌ڕه‌وه.) چونكه ده‌زانن شوفێری كورد هه‌ر مل لێده‌نێ، به‌رده‌وام په‌له‌یه‌تی، جیاوازی ژن و منداڵ و پیر نازانن، وه‌ك بڵێی منداڵه‌كانیان ڕه‌وانه‌ی مه‌یدانه‌كانی شه‌ڕ ده‌كه‌ن!
• ئه‌وه‌ی جێی داخه، ئه‌و پردانه‌ی بۆ په‌ڕینه‌وه‌ی هاووڵاتییانی پێڕۆ دروست ده‌كرێن، ئه‌گه‌ر شاری هه‌ولێر وه‌ربگرین به نموونه، شه‌قامی 100 مه‌تری چه‌ندان به‌رزه‌پردی بۆ دروست كراوه، خه‌ڵك كه‌م به‌كاری دهێنن. یان ئه‌و پرده ئاسنینانه‌ی له شه‌قام قه‌ره‌باڵغ و جووت ڕێڕه‌وه‌كان دروست كراون، كه‌مترین مرۆڤی كورد سوودی لێ ده‌بینن، ئه‌و گڵۆپانه‌ی بۆ ڕووناكی ڕێی پێڕۆ شه‌وان داده‌گیرسێن، منداڵ هه‌موویان شكاندووه، ڕه‌نگه منداڵی به ته‌مه‌نیش بن! زۆرینه به ژێر پرده‌كاندا ده‌په‌ڕنه‌وه، ئه‌وه‌یش چه‌ندان كێشه و ده‌مه‌قاڵێ و شه‌ڕی دروست كردووه و ده‌كات.
كه‌س له خۆی ناپرسێ ئه‌ی ئه‌و پردانه بۆچی دروست كراون؟
• له‌لایه‌كی تر، كه‌مته‌رخه‌می شوفێر به‌رانبه‌ر به پێڕۆ، دیارده‌یه‌كی زۆر بێزاركه‌ر و تاقه‌ت پڕووكێنه، تایبه‌ت له‌و شوێنانه‌ی ترافیك نین، خۆ كه‌س یارمه‌تی كه‌س نادات، كه‌س ڕێزی ئه‌و دروستكراوه به‌ڕێزه ناگرێ، كه هه‌موو دنیا له خزمه‌تی ئه‌ودا دروست كراوه، جگه له ژماره‌یه‌كی كه‌م و ده‌گمه‌ن نه‌بێت. له یاسای هاتوچۆی ئه‌وروپا، له‌ناو كۆڵان و توولهڕێیهكانیش شوفێران وا فێر كراون، ئۆتۆمبێله ئاسنه‌كه‌ی له مرۆڤ گرنگتر نییه. تا مرۆڤ بپه‌ڕێته‌وه، (ئینجا به بایسكڵ بێت یان به ماتۆڕ یان به شتی تر)، تۆی شوفێر بۆت نییه جووڵه بكه‌یت تا كه‌سێ مابێ بپه‌ڕێته‌وه. كاتت نییه یان په‌له‌ته، ئه‌وه كێشه‌ی خۆته.
ئێمه‌ی كورد، میله‌تێكی ماندوو و هیلاك و شهكهتین، كۆمه‌ڵه مرۆڤێكین هه‌میشه مشهوهشین، نرخ و به‌های زۆر چت نازانین. به‌ڵام كاتێ كه‌سێ به‌ژێر تڕومبێلهكهیانهوه ده‌خه‌ین، ئه‌گه‌ر نه‌شمرێ، هه‌ر تووشی دهستماچكردن ده‌بین، مرۆڤێك كه‌مئه‌ندام ده‌كه‌ین، تاد..
• ورده‌كاری و كێشه‌كانی هاتوچۆ گه‌لێ زۆرن، هه‌ر له كۆڵانه‌كه‌ی منه‌وه بگره، تا شه‌قامی گشتییه‌كانی نێوان شاره‌كانی كوردستان. به‌ڵام ئه‌وه‌ی من مه‌به‌ستمه په‌ڕینه‌وه و پێڕۆیه زێتر، له‌سه‌ری بوه‌ستم، كێشه‌كانی تر ده‌كرێ شاره‌زایان و براده‌رانی پۆلیسی هاتوچۆ ڕوونی بكه‌نه‌وه و خه‌ڵكی هۆشیار بكه‌نه‌وه. دیسان سه‌رنجتان بۆ وڵاتانی پێشكه‌وتووی ئه‌وروپا ڕاده‌كێشم، بۆ نموونه له شاره‌كانی هۆڵه‌ندا، ترافیك دوگمه‌ی په‌ڕینه‌وه‌ی پێڕۆی بۆ دروست كراوه، واته په‌ڕینه‌وه ده‌كه‌وێته ده‌ست پێڕۆكه و ده‌توانێ زووتر په‌نجه به دوگمه‌كه‌دا بنێت و ترافیك سوور ده‌بێ، هێنده چاوه‌ڕێ ناكات و ده‌په‌ڕێته‌وه. حیسابی بارودۆخی كه‌مئه‌ندام و كه‌سانی نابینایش كراوه. بیر له قوتابخانه و په‌ڕینه‌وه‌ی منداڵیش كراوه‌ته‌وه، پلانیان بۆ پیروپهككهوتهیش داناوه.
هیواخوازین له‌و داهاته زۆره‌ی هاتوچۆ، په‌ره به ڕێ و شه‌قام و شۆسته‌كانی كوردستان بدرێ، گڵۆپ و ڕووناككهرهوهكانی شۆسته و شه‌قامه‌كان چاك بكرێته‌وه و دابنرێ. نه‌ك كیلۆمهترێ تاریكستانێكی ئه‌نگوسته‌چاوه، كیلۆمهترێ له‌ولا تر، چراخانه!
• له هه‌مووی خۆشتر، براده‌رێك بۆمی گێڕاوه و گوتی: "له‌گه‌ڵ خزمێكم بووم، له شه‌قامێكی هه‌ولێر چواری داگیرساند تا كچێ بپه‌ڕێته‌وه، شووشه‌ی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی هێنایه خواره‌وه و به كچه‌ی گوت فه‌رموو گوڵم، كچه‌كه جوان بوو، كچه‌یش له‌بری سوپاس، گوتی عه‌مرت نه‌مێنێ!" منیش ده‌ڵێم ناوه‌ڵا حه‌یف بۆ ئه‌وانه‌ی به داهاتی كوردستان، شار و گوند و كۆڵانه‌كان ئاوه‌دان و خزمه‌ت ناكه‌ن، هاووڵاتییانی كورد له كێشه و گرفته‌كانی هاتوچۆ و پێڕۆیی هۆشیار ناكه‌نه‌وه و نایانپارێزن.