بیر له‌و ئێسته‌یه مه‌كه‌ره‌وه تێیدای، كاتێك له وڵاتێكی تر ده‌گیرسێیته‌وه، پرسیار له شوێن شتێك نییه، چونكه ئاگایی مرۆڤ توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه بچێت سێرچ له‌سه‌ر كۆمپیوته‌ر بكات و بتوانێت كه‌مێك زانیاری ئه‌گه‌ر هه‌ژارانه‌یش بێت، په‌یدا بكات. واته ئه‌وه شتێكه هه‌موومان ده‌توانین ئه‌نجامی بده‌ین، به‌ڵام كاتێك ئاماده‌بوونت له شوێن بۆ ساته‌وه‌ختێك ڕاتده‌گرێت بۆ ئه‌وه‌ی بیر بكه‌یته‌وه كه‌ی بوو به‌ناوی ئه‌و شوێنه ئاشنا بوویت؟ چۆن بیرت لێ ده‌كرده‌وه؟ ئایا فانتازیاكانی وێناكردنت بۆ شوێن ئه‌وه ده‌رچوو یان خه‌یاڵه‌كانت جوانتر بوون؟ ده‌ی خۆ ئه‌وانه به كوردیش قسه ناكه‌ن، ئاخۆ كاتی خۆی بیرت له‌وه كردبووه‌وه؟.
ئه‌و پرسیارانه بۆ هه‌ر مرۆڤێك ڕه‌وایه‌تی خۆی هه‌یه كاتێك له وڵاتێكی نوێ جێگیر ده‌بێت، ده‌توانێت ئه‌و پرسیارانه له خۆی بكات، بۆیه له قسه‌كردنی هه‌ر كه‌سێك میكانیزمه‌كه وه‌ك یه‌كن، به‌ڵام ده‌ره‌نجام و تێگه‌یشتنه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی ته‌واو جیاواز ده‌رده‌كه‌ون، من ئه‌گه‌ر ئێسته كه ئه‌و وتاره ده‌نووسم له ڕووسیا جێگیر بوومایه، هه‌ڵبه‌ت ده‌بوو بگه‌ڕامایه‌وه بۆ ئه‌و ساته‌وه‌خته‌ی یه‌كه‌مجار كه‌ی بوو له چ فیلمێكدا ڕووسیام بینی، كه‌ی تامه‌زرۆی خوێندنه‌وه و یه‌كه‌م ڕۆمانی ڕووسیم له ماڵی خۆمان بینی، ئه‌و وێناكردنه ده‌یبردینه ناو بابه‌ته‌كه‌وه، به‌ڵام سه‌ره‌نجام من له‌وێ نیم، لێره‌م له پۆڵه‌ندا، بۆیه ده‌پرسم كه‌ی بوو ناوی پۆڵه‌ندام بیست؟.
كاتێك ئه‌و پرسیاره له‌خۆم ده‌كه‌م، ده‌بێت بگه‌ڕێمه‌وه بۆ منداڵی و ئه‌و ڕۆژگاره‌ی یه‌ك دوو ساڵ بوو ماڵمان له كه‌ركووك گواستبووه‌وه بۆ هه‌ولێر و له گه‌ڕه‌كی كوران ده‌ژیاین، رۆژگارێك بوو كۆڵان پڕی بوو له یاریی ڕه‌سم ڕه‌سمێنه كه وێنه‌ی یاریكه‌رانی عێراقی و ناو بازاڕی كوران وێنه‌ی گه‌وره‌ی بروسلی له پێش دووكانی مه‌حموودی گۆشتفرۆش ده‌فرۆشران، بروسلی دوو داری به زنجیر و ده‌ستێكی بۆ كامێراكه ڕاگرتووه، وڕك ده‌گرم تا دایكم بۆم ده‌كڕێت، پێی وایه ئه‌و ناشیرین و ڕووته، به‌ڵام چونكه له ماڵی ئێمه دیواری خانووه‌كه ململانێی براكان بریتی بوو له وێنه‌ی عه‌بدولحه‌لیم حافز و فه‌رید ئه‌تڕه‌ش، سه‌ره‌نجام به بڕیاری باوكم سووچی ئه‌و ده‌لاقه‌یه‌ی په‌رده‌یه‌كی پێدا درابوو كه هه‌ندێك بالیف و ته‌نانه‌ت داخیله‌ی من و خوشك و برا بچكۆله‌كه‌یشمی لێ بوو، وێنه‌كه‌ی بروسلی له به‌رزایی هه‌ڵواسرا.
تۆ له‌وه گه‌ڕێ چۆن حه‌وت كه‌س له‌م ژووره ده‌خه‌وتین و قسه‌مان ده‌كرد و نانمان ده‌خوارد و سه‌یری ته‌له‌ڤزیۆنمان ده‌كرد و بروسلی چۆن ده‌ستی بۆ كتێبخانه سێ ڕه‌فه‌ییه‌كه و ژێره‌وه كه دۆلاب بوو، به‌رز كردبووه‌وه. كتێبخانه‌كه كۆمه‌ڵێك كتێبی عه‌ره‌بی و كوردی تێدابوو، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و ناوانه‌ی ده‌مبینین و به عه‌ره‌بی بوو، له‌و ڕۆژگاره من نه‌مده‌توانی بیانخوێنمه‌وه، ده‌مزانی هه‌ندێك ناو به‌سه‌ر كتێبه‌كانه‌وه بوو وه‌ك ئه‌لبێرتۆ مۆرافیا و كۆڵن وڵسن و نزار قه‌بانی، هه‌روه‌ها كتێبێك له‌ناو كتێبخانه‌كه بوو، ئه‌ویش هه‌ر به‌عه‌ره‌بی بوو، به‌ڵام چونكه كتێبی زمان بوو و له‌سه‌ری نووسرابوو "چۆن به زمانی پۆڵه‌ندی قسه ده‌كه‌یت" لاپه‌ڕه‌كانی ئه‌و كتێبه به‌سه‌ر سێ به‌ش پۆلێن كرابوون، عه‌ره‌بی و پۆڵه‌ندی و هه‌روه‌ها نووسینه ده‌نگییه پۆڵه‌ندییه‌كان به عه‌ره‌بی.
چێژم له‌وه وه‌رده‌گرت بیانخوێنمه‌وه، به‌هۆی ئه‌وه‌ی چه‌ند خراپیش بمخوێندایه‌ته‌وه نه‌مده‌زانی هه‌ڵه ده‌كه‌م، چونكه شتێك بوو ئاره‌زووی قسه‌كردنێكی بێمانای به منی منداڵ ده‌به‌خشی، دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه چه‌ندان جار دوای ڕاپه‌ڕین كتێبخانه‌ی ماڵه‌وه فرۆشرا و دواتر دانرایه‌وه، چه‌ندان جاری تر كتێبخانه فرۆشرایه‌وه، ئێسته‌یشی له‌گه‌ڵ بێت تێنه‌گه‌یشتم ئه‌و ئه‌فسوونه چی بوو ئه‌و كتێبه قه‌ت نه‌فرۆشرا؟ بۆیه ئێسته‌یش ئه‌و كتێبه له‌ناو كتێبخانه‌كه‌ی منه له هه‌ولێر.
له‌گه‌ڵ تۆنی وشه‌كان كه به هه‌ڵه‌یه‌كی ته‌واوی زمانه‌وه ده‌مخوێنده‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی من له‌وێ بم له پۆڵه‌ندا ئاوا فانتازیام ده‌خوڵقاند كه به پۆڵه‌ندی قسه ده‌كه‌م، جارێكیان گۆڤارێكی "مجلتی یا المزمار" بوو كه له‌گه‌ڵ باوكم هه‌فتانه ده‌چووینه بازاڕ و بۆی ده‌كڕیم /ئه‌مه‌یان بابه‌تی وتارێكی تره له ده‌رفه‌تێكی تر هه‌وڵ ده‌ده‌م بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ری/ بیرم ڕۆیشته‌وه لای ئه‌و كتێبه و هه‌ستم ده‌كرد له خانووه‌كه‌ی سمێڵفش نامێنم، خاوه‌نی خانووه‌كه‌ی ئێمه تێیدا كرێچی بووین، پیاوێكی كاكه‌یی بوو ئێمه‌ی منداڵ له كۆڵان كه ئه‌و بۆ كرێ ده‌هات پێمان ده‌گوت سمێڵفش هات، هه‌ر به‌ده‌م سه‌یركردنی وێنه‌كانی گۆڤاره منداڵانه‌كه كه شه‌وان دوای ده‌رسه‌كان باوكم یان برایه‌كی له من گه‌وره‌تر بۆی ده‌كردمه كوردی، دۆشدامابووم، خه‌یاڵی منداڵی وایكرد من فێری پۆڵه‌ندی بم "هه‌ڵبه‌ت تا ئێسته‌یش فێر نه‌بوومه" به‌ڵام خه‌یاڵی منداڵی وای ده‌خسته ڕوو به‌هۆی ئه‌و كتێبه‌وه فێری بووم له‌وێ كچێكی وه‌ك ساندی بێل ده‌بێته هاوڕێم، چونكه ئه‌و كچه له‌و كچه پاڵه‌وانه سه‌ره‌تاییانه‌ی ژیان بوو كه بیری كێ بكه‌مه‌وه، له پاڵ لینای فیلمی كارتۆنی عه‌دنان و لینا، له پڕ له خۆم ده‌پرسی ده‌بێت پۆڵه‌ندا دوورتر بێت له‌ناو بازاڕ و له مه‌كته‌به ته‌ئمیم؟ /شوێنی ئێسته‌ی بازاڕی نیشتمان/ و قه‌ڵای هه‌ولێر.
گه‌ر دوورتر نییه بۆ جارێك له‌گه‌ڵ باوكم نه‌چووینه بۆ ئه‌وێ؟ ده‌ی كه هێنده دووره ده‌بێت پۆڵه‌ندا بكه‌وێته كوێی دنیا؟ هێنده‌ی نه‌برد جامی جیهانی تۆپی پێ ده‌ستی پێ كرد، ئه‌وه ڕێك ساڵی 1982 بوو، پۆڵه‌نداكه‌ی منیش به‌شدار بوو، یه‌كێك له باشترین یاریكه‌ره‌كانی كه خێرا چووه دڵمه‌وه و ناوه‌كه‌یشیم له‌به‌ر كرد، ناوی "لاتۆ" بوو، ئیتر هه‌ستم ده‌كرد یه‌كه‌م كه‌سی پۆڵه‌ندیم له ژیان ناسی، لاتۆ یه‌كه‌م مرۆڤی پۆڵه‌ندی بوو كه ناسیم، درۆ نییه ئه‌گه‌ر بڵێم هه‌ر جارێك سه‌یری كتێبه‌كانی ناو كتێبخانه‌م كردووه، نه‌مزانیوه ئه‌و كتێبه له‌ناو كام ڕیزی كتێبه‌كان دابنێم، بۆیه هه‌میشه هه‌ڵمده‌گرت و ده‌مخسته دۆڵابه‌كه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ سه‌رده‌م و ڕۆژگارێكی تر هه‌ڵمگرتبێت.
ئێسته خۆم لێره‌م له پۆڵه‌ندا، به‌ڵام كتێبه‌كه هێشتا له هه‌ولێر له‌ناو كتێبخانه‌كه‌مدایه، ئێسته ده‌زانم پۆڵه‌ندا ده‌كه‌وێته كوێی دنیا، به‌تایبه‌ت به‌ر له‌وه‌ی لێره بگیرسێمه‌وه زۆر پۆڵه‌ندیم له‌رێی شانۆ و كتێب و نمایشه‌وه ناسی، وه‌ك هه‌ر شانۆكارێكی كورد به ناوی گرۆتۆڤسكی زوو ئاشنا بووم، كاتێكیش كتێبی "شانۆی نوێی پۆڵه‌ندی"م نووسی، زۆر جوانی و نهێنی هونه‌ری و كولتووری ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌م ناسی، توانیم توێژینه‌وه له‌باره‌ی كاره‌كانی كانتۆر و شاینا و هانۆشۆڤسكی و فیلمه‌كانی ڤایدا ببینم.
ئێسته پرسیاره‌كه‌ی منداڵیم گۆڕاوه، چیتر ناپرسم پۆڵه‌ندا ده‌كه‌وێته كوێی دنیا، ئه‌مێستا به‌خۆم ده‌ڵێم كورده‌كان بۆ لێره ون ده‌بن؟ بۆ كه‌س به زه‌حمه‌ت نه‌بێت نایه‌وێت فێری زمانه‌كه بێت، ژماره‌یه‌ك په‌ناهه‌نده به‌ر له من هاتوونه‌ته ئێره و نایانه‌وێت فێر بن، سه‌رباری ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك قوتابی كورد لێره ده‌خوێنن، ئۆفیسێكیش هه‌یه به‌ناوی نوێنه‌رایه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێم، كه‌چی شتێك نا‌بینیت به‌ناوی چالاكی كوردی، هه‌موو ئه‌و قسانه‌ی له‌باره‌ی جالیه‌ی كوردیی و چالاكی كولتووری له پۆڵه‌ندا ده‌كرێت، هیچ نییه جگه له پۆستی فه‌یسبووك و دانیشتنی هاوڕێیانه، ئه‌و دیمانه و گفتوگۆیانه‌ی بۆ ڕۆژنامه‌كان ئه‌نجام ده‌درێت و له‌ناو تۆڕی فه‌یسبووك ده‌یانه‌وێت وا له كوردستان بگه‌یه‌نن، چالاكی و جالییه‌كی چالاكمان هه‌یه، هیچ نییه جگه له گه‌مه‌یه‌كی ده‌مامكسازی بۆ فریودانی خه‌ڵكی ناو كوردستان.
لێره هه‌موو ون ده‌بن، شوناس شتێك نییه ئیتر داكۆكی لێ بكرێت، ناوه‌ندێك نییه له وارشۆ بۆ ئه‌وه‌ی چالاكی كوردی ئه‌نجام بدرێت، كه‌س نازانێت ئه‌و ئۆفیسه‌ی به‌ناوی حكوومه‌ت لێره كراوه‌ته‌وه به چ مه‌به‌ستێكه، كه‌سێك نه‌بوو پێیان بڵێت: ئێوه لێره‌ن ده‌رگاكه بكه‌نه‌وه با هه‌ناسه‌كانتان پاك ببنه‌وه، كه‌سێك نییه له‌وێ خه‌مخۆری كولتوور بێت و بڵێت پێویسته له‌وێ ده‌نگی كورد و ئاماده‌بوونی كولتووری بسه‌پێنرێت، كه‌س نییه ئه‌و هه‌موو شه‌ڕ و هاوار و درۆیه بگۆڕێت بۆ یه‌كخستنی چالاكییه‌كی كولتووری جالیه‌ی كوردی.
سه‌ره‌نجام ده‌بێت به منداڵیم بڵێم "دۆزیمه‌وه زانیم ده‌كه‌وێته كوێی دنیا، شوێنێكه دوور دوور هه‌ر كوردێك بگاته ئه‌و خاكه ده‌بێت به دوژمنی یه‌كتر تا له‌ناو سه‌رگه‌ردانی خۆیاندا بژین، هه‌موو ته‌نیا ده‌مێنینه‌وه، له سێ كاره‌كته‌ره‌كه‌ی فیلمی ستالكێری تاركۆڤسكی ده‌چین".