مەسروور بارزانی پشكۆی هیوایەكی گەورە

PM:03:16:07/11/2021 ‌
لە دۆست و دوژمن،  یار و نەیار،  كورد و ناكورد، پرسیار و سۆراغ بكەیت لەبارەی كەسایەتیی مەسروور بارزانی، بێگومان راستەوخۆ وەڵامیان ئەوە دەبێت كە پیاوێكی بەهێز و مەزنە و بەتەواوی مانا سەركردە و حوكمڕان و خۆشەویست و تێگەیشتوو و باڵایە.

هەر لە سەرەتای دەركەوتنی مەسروور بارزانی وەك كوڕی سەرۆك، تا پۆستی سەرۆكی حكوومەت، مرۆڤێكی جوان و سەنگین و بە ویقار بووە لە رژدی و سەركەوتنی كارەكانیدا، هەتا ئێستەیش بچووكترین هەڵە و ناجۆری نە لە كەسایەتی و نە لە ڕەوتار و نە لە گوتار و نە لە كارەكانیدا بەدی نەكراوە.

لە یەكەم ڕۆژی دەركەوتن و هاتنە ناو كایەی سیاسەت و كارەوە، تا ئێستە خەڵك بە دۆست و بێگانە و ناوخۆ و دەرەوە، ئیرەیی بە كەسایەتییە بەهێزەكەی دەبەن و ئاواتەخوازن سەركردەیەكی وەها ژیر و كاریزمیان لە حزبەكەیاندا هەبووایە، كارەكانی پێشووی مەسروور بارزانی گەواهی ئەوە دەدەن كە چەند ڕژد و بەهێز و بێ كەموكوڕی و هەڵە بووە، لە هەر جێیەك كاری كردبێت، سەركەوتوو و سەرفراز و نموونەیی بووە لە ئەتەكێتی بەڕێوەبردندا.

ئەمڕۆ بینیمان لە گوندی كۆری هەولێر /ئەو گوندەی پێش چەند رۆژێك لافاوی بارانی بەخوڕ زیانی پێگەیاند، قوتابخانەیەكی 18 پۆلییان بۆ بنیات دەنێت و بەردی بناغەكەی دانا/، جیا لەوەی رۆژی دوای لافاوەكە خۆی چووە ناو قوڕاوی گەڕەكەكە و لەگەڵ خەڵكەكەی تێكەڵی ئازارەكان بوو، ئەم نموونەیە بۆیە دەهێنمەوە؟ چونكە لە بارودۆخێكدا ئەم سەركردەیە خەریكی كار و بنیاتنانە كە شارەكانی تری عێراق، خەڵتانی خوێنی ململانێی ناشەریفانەن و كەس ئاگای لە خەڵك و خزمەتگوزاری نییە، بەڵام ئەم وەك پیشەیی هەمیشەیی بە بێدەنگی، دروشمەكەی بارزانی كردەیی دەكاتەوە، "شانازییە بۆ مرۆڤ خزمەتكاری میلەتی خۆی بێت". 

مەسروور بارزانی پیاوێكی بەهێز و خاوەن بیر و هزری قووڵی حوكمڕانی و بەڕێوەبردنە، هەرچی ئاستەنگ و تەنگوچەڵەمە هەیە تێی دەپەڕێنێ، هەمووان ئەوە باش دەزانن كە باشترین و سەركەوتووترین سەرۆكی حكوومەتە، كە بتوانێ بە باشی ئیدارەی دۆخەكە بدات و بەهێزەوە بەربەستەكان بشكێنێت، پێویستیش ناكات بڵێم بەربەستەكان چین و چەند سەختە حوكمڕانی لەم ناوچەیەدا، چونكە خۆتان رۆژانە هەواڵەكان دەبینن و دەزانن لەم عێراقە ناحەبیبە چی دەگوزەرێ.

خاڵێكی تری بەهێزیی كەسایەتیی مەسروور بارزانی لە حوكمڕانیدا، بەرپاكردنی یەكسانییە لەناو چین و  توێژەكانی كۆمەڵگەدا و بەتەواوی خۆی تەرخان كردووە بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری و چەسپاندنی یاسا وەك یەك بۆ هەمووان، بۆیە هەست دەكەین وردە وردە كەسانی دەروون نەخۆش و چەكدار و كاربەدەستی نابەرپرس، ئیتر ئەو هەژموونەی جارانیان نەماوە كە بە حەز و ئارەزووی خۆیان بكوژ و ببڕ بن و كاری نایاسایی و گەندەڵی بكەن، هیچ نەبێت سڵ دەكەنەوە لەوەی كەسێكی لێهاتوو لەسەر حوكمە و مرۆڤی هەلپەرست و تێكدەر نابوورێ. هیوادارم لە چەسپاندنی یاسادا هێشتا زۆر توند بێت، چونكە ئەم كۆمەڵگەیە تینووی سەروەری یاسایە.

دڵنیایە هیچیان نییە بە وڵات و خەڵكەكەی ببەخشن


هەمووان باش شارەزای كەسایەتیی ئەو سەركردەیەین كە بە سروشتی خۆی مرۆڤی باڵا و بەهێز و سەنگینە، بۆیە ئارەزووی مرۆڤی بێ ئاست و كەسایەتی لاواز ناكات، چونكە دڵنیایە هیچیان نییە بە وڵات و خەڵكەكەی ببەخشن، جگەلە هەلپەستی و چوونە پێشەوە لەسەر بنەمای موجامەلە و سۆزی كەسی، بەڵام مەسروور بارزانی مرۆڤێكی لا پەسندە كە بە توانای خۆی رۆڵ ببینێت و لە گۆشەیەكی وڵاتەكەیدا خزمەت بكات. دەبینین ماوەیەكە خۆی لەناو رووداوەكاندا ئامادەیی هەیە و ئەمسەر و ئەوسەری هەرێمەكەی دەگەڕێت و پڕۆژە دەكاتەوە و بەردی بناغە دادەنێت، ئەویش بۆ ئەوەیە دڵنیا بێت هیچ كەموكورتییەك لە خزمەتی خەڵكدا ناكرێت.

ئەم چالاكییە وای لە ناحەزانی كردووە، مۆتەكەی ناخیان زیاتر دەیانسووتێنێت و گۆشەگیر دەبن تا ئاستی توانەوە، وەك بینیمان ئەوانەی شانی خۆیان بە ناوهێنان و تانەدان لە كارەكانی ئەو هەڵسوو، هەموو شكستیان هێنا و ماوەیەكی تریش بەتەواوی لە ناو كۆمەڵگەدا بێ رۆڵ دەبن، ئاخر خەڵك كرداری دەوێت، نەك ئەو هەموو قسە بێ بەرهەم و كۆتایە.