لای هه‌موو ئیماندارێك خوا و قورئان و ئیسلام یه‌كن، لای زۆرینه‌یشیان ئه‌وه پرسیاره كه بۆچی گرووپ و حزبه ئیسلامییه‌كان یه‌ك نین؟ خۆ ئه‌وان باشتر له خه‌ڵك له ئاینی یه‌كتایی شاره‌زان، ئه‌مه پرسیارێكه زۆرجار كراوه و ده‌بێت هه‌موو ئه‌ندام و لایه‌نگر و دهنگدهرێكیان وه‌ڵامی لۆجیكیان لابێت، به‌ڵام بێگومان لایان نییه و هه‌ر به‌بێ وه‌ڵام ماوه‌ته‌وه، خۆ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامیشی هه‌بێت، ئه‌وا وه‌ڵام و پاساوێكی لاواز و باوه‌ڕپێكه‌ر نییه، بگره لای خۆیشیان گومانی دروست كردووه كه پرۆسه‌كه به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ك خواپه‌رستییه‌كی روون و ره‌وان.
له هه‌ر حزبێكی ئیسلامی یان نائیسلامی ده‌پرسی ئایا بۆچی كار ده‌كه‌یت و دامه‌زراوی؟ ئه‌وا به‌ڕاشكاوی ده‌ڵێت بۆ گه‌یشتنه ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی و پێڕه‌وكردنی ئه‌و به‌رنامه و پلانه‌ی كه هه‌مانه، هاوكات ده‌مێكه حزب و گرووپه ئیسلامییه‌كان له كوردستاندا شانبه‌شانی حزبه‌كانی تر هه‌ڵپه و هه‌وڵی ده‌سه‌ڵات و كورسی و پۆست ده‌ده‌ن، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه خه‌ڵك به‌ده‌میانه‌وه نه‌چووه، چونكه خه‌ڵكه‌كه زۆرینه خواناسه و حزبی ناوێ خوای پێ بناسێنێ.
زۆرجار ئیسلامییه سیاسییه‌كان له ده‌سه‌ڵاتدا بوون یان هاوبه‌شی ده‌سه‌ڵات، زۆرجاریش ئۆپۆزسیۆن بوون، هه‌موو گه‌لی كوردستان گه‌واهیده‌ری ئه‌وه‌ن كه له هه‌ردوو باره‌كه‌دا نه‌یانتوانیوه هیچ خزمه‌تێك بگه‌یه‌نن و به‌هه‌موو بارێكدا تاقی كراونه‌ته‌وه و هیچیان له باردا نه‌بووه، نه خه‌ڵك لێیان ڕازی بووه و نه خۆشیان توانیویانه نموونه‌یه‌كی جوان پێشكه‌ش بكه‌ن.
ئه‌وه‌ی ڕوون و ئاشكرایه، ئیسلامی سیاسی له هه‌رێم، هه‌موو كات خه‌ریكی باشكردن و شاهانهكردنی دۆخ و گوزه‌رانی خۆیان و ده‌وروبه‌ریاندا بوون، ئێسته‌یش و ئه‌وساش سه‌ران و سه‌ركردایه‌تیی ئه‌و حزبه ئیسلامییانه، هه‌رگیز تێكه‌ڵاوی هاووڵاتییان و خه‌ڵكیان نه‌كردووه و وه‌ك خه‌ڵكی ئاسایی نه‌ژیاون و هێنده‌ی زه‌وی و ئاسمان جیاواز بوون له خه‌ڵك، بگره هه‌ندێ جاریش باشتر و خۆشتر له حزبه‌كانی تری نائیسلامی ژیاون.
له‌لایه‌كی تره‌وه خه‌مێكی تری ئیسلامی سیاسی له كوردستان ئه‌وه‌یه، خه‌ڵك به‌رچاویان ڕوون نه‌بێت و تێنه‌گه‌ن له بیر و به‌رنامه و پلانیان، چونكه هه‌میشه له ده‌وری پۆست و پاره و ده‌سه‌ڵات و شتی دنیاییدا ده‌سووڕێته‌وه، بۆیه به‌رده‌وام شتگه‌لێك وه‌ك لوغز ده‌هێڵنه‌وه.
بۆیه به‌رده‌وام كاریان بۆ ئه‌وه كردووه كه ئه‌وان پێویستی ئاین و دنیای ئیسلامن و خه‌ڵك بۆ پاراستنی بیروباوه‌ڕ عه‌قیده و ئاینه‌كه‌یان پێویستیان به ئه‌مان هه‌یه، بۆ ئه‌مه‌ش به‌رده‌وام پڕوپاگه‌نده و ماشێنی میدیایی و چالاكی و ڕێكخراوه‌كانیان خستووه‌ته گه‌ڕ بۆ شاردنه‌وه و په‌رده‌پۆشكردنی ئه‌م بابه‌ته به ده‌قه ئاینییه‌كان.
هه‌ر كه‌سێك ده‌یه‌وێ به ساده‌یی ئه‌مه‌ی بۆ ڕوون ببێته‌وه، با ته‌ماشای په‌رته‌وازه‌یی و كه‌رتبوونی به‌رده‌وامی هێزه ئیسلامییه‌كان بكات، زۆر به ساده‌ییش هه‌موو هاووڵاتییان ده‌زانن كه ئه‌م جیابوونه‌وه و ئینشیقاقانه له‌به‌ر خوا و ئاین نییه، به‌ڵكو ته‌نیا بۆ گه‌یشتنه به ده‌سه‌ڵات و به‌رژه‌وه‌ندیی شه‌خسی و كورسی.