ئاسۆ حاجی
پێشبینییه‌كان بۆ خۆنهگرتنهوهی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له دوای كۆچی نه‌وشیروان مسته‌فا و ته‌قینه‌وه‌ی ناكۆكی و شه‌ڕی باڵه‌كان، خه‌ریكه له به‌رده‌م یه‌كه‌م ئه‌زموونی دیموكراسی و رژددا ده‌بنه ڕاستی. ئه‌گه‌ر تا دوێنێ شرۆڤه‌كاره ناگۆڕانهكان ئه‌وه‌یان ده‌گوت، ئێسته سه‌ركرده و قسه‌كه‌ره دیاره‌كانی ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه دووپات له‌و ناكۆكییانه ده‌كه‌نه‌وه و هه‌ندێكیشیان ئێسته له‌و راستییه تێده‌گه‌ن كه دروشمه‌كانیان له وشه‌ی ڕووت زیاتر نه‌بوون، بۆیه هه‌ڕه‌شه‌ی ئاشكراكردنی هه‌موو شتێك ده‌كه‌ن.
گۆڕان كه له دانانی جێگره‌وه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا وه‌ك خاوه‌نی گۆڕان به گواستنه‌وه‌ی موڵكایه‌تی بوو بۆ كوڕه‌كه‌ی، به هه‌مان شێوه گواستنه‌وه‌ی پۆستی ڕێكخه‌ر بۆ عومه‌ری سه‌ید عه‌لی هه‌ر به فه‌رمانی خۆی و به بریكارنامه‌یه‌كی یاسایی بووه، بۆیه كه‌سێك نه‌یوێرا شان بداته به‌ر شانی كاك عومه‌ر، ئێسته وه‌دیار ده‌كه‌وێ نه‌وشیروان مسته‌فا تا ساغ بوو دوو پۆستی هه‌بوو له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕاندا، خاوه‌ن و ڕێكخه‌ری گشتی.
هه‌ردوو به‌ره‌ی ناو گۆڕان ئه‌و كۆنه یه‌كێتییانه‌ی براده‌رایه‌تی دێرین و به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سی و سیاسی به نه‌وشیروان مسته‌فای ده‌به‌ستنه‌وه، به‌ره‌ی ئیخوانه‌كان و هه‌ندێك پاشكۆكانیان له كۆنه یه‌كێتییه به‌ته‌مه‌ن لاوه‌كان، دووپاتیان له‌سه‌ر ده‌ستگرتن به ڕێبازی نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌كرده‌وه، به‌ڵام له دوو ڕوانگه‌ی جیا كه له پێنج ڕۆژی ڕابردوو سه‌لمێنرا ئه‌وه‌ی ئێسته ده‌گوزه‌رێ، ئه‌وه‌یه ڕێبازی ڕاسته‌قینه‌ی گۆڕان و ئه‌وانه‌ی تر كه ده‌گوتران، ته‌نیا دروشم بوون بۆ ڕاكێشانی خه‌ڵك و كۆكردنه‌وه‌یان له ده‌وری گۆڕان.
هه‌بوونی ته‌نیا یه‌ك به‌ربژێر بۆ پۆستی ڕێكخه‌ر و ناچاركردنی ڕكابه‌ره‌كه‌ی به خۆكێشانه‌وه و دانانه‌وه‌ی سه‌رۆك و جێگر و سكرتێری جڤات له شوێنی خۆیان و دانانی هه‌موو ئه‌ندامانی خانه‌ی ڕاپه‌ڕاندن له كۆنه یه‌كێتییه‌كان و له‌وانه‌ی براده‌ری كۆچكردوو بوون، له ئه‌تكردنی دیموكراسی و بێڕێزكردنی هه‌ڵبژاردن زیاتر چ مانای هه‌یه؟
بزووتنه‌وه‌یه‌ك له ناو خۆیدا به‌و شێوه‌یه پرسه گرنگ و چاره‌نووسسازه‌كان یه‌كلا بكاته‌وه و به‌و شێوه‌یه ڕێز له هه‌ڵسووڕاو و ئه‌ندامانی بگرێ و به‌رخورد له‌گه‌ڵ ماف و ئازادی تاك و مافه هه‌ره سهرهتایییهكانی مرۆڤ بكات، له كاتێكدا ئه‌وان بازنه‌یه‌كی پیرۆزیان به ده‌وره‌ی خۆیاندا كێشابوو كه ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و بازنه‌یه بێ، كۆیله و دژه پێشكه‌وتن و گۆڕانكاری و دیموكراسی و مافه‌كانی مرۆڤه، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وانه‌ی كه‌وتوونه‌ته ناو بازنه‌یه، كه‌سانی ئازاد و خاوه‌ن ئیراده و مافن.
نه‌وشیروان مسته‌فا كه خۆی به‌رهه‌مهێنه‌ری ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌یه كه ده‌وره‌یان له گۆڕان داوه، سه‌ره‌تا له تێكشكاندنی كه‌سایه‌تی و سه‌رله‌نوێ بنیاتنانه‌وه‌یان بووه، بۆیه وه‌ك چۆنی ویستووه له قاڵبی به‌رژه‌وه‌ندییه كه‌سی و بنهماڵهیییهكانی خۆی دایڕشتوون له ڕێی ترس و پڕكردنیان به قین و دژایه‌تیكردنی هه‌موو ئه‌وانه‌ی نه‌وشیروان به نه‌یاری خۆی دایناون، بۆیه ئاسان بوو بۆی ڕووی هێرشه‌كانی هه‌ڵسووڕاوانی له دوژمنێكه‌وه بۆ یه‌كی تر بگۆڕێت.
له سه‌ره‌تای ڕاگه‌یاندنی گۆڕان، ماڵی مام جه‌لال و یه‌كێتی ئه‌و ئامانجه بوون كه نه‌وشیروان مسته‌فا ده‌یویست له‌ناویان ببات، به‌ڵام دواتر تێگه‌یشت ئه‌وان پارێزبه‌ندیی ئێرانیان هه‌یه و تاران قسه‌ی كۆتای ده‌كات كه كێ سلێمانی به‌ڕێوه ببات، وازی له‌وان هێنا و ڕووی خه‌ڵكه‌كه‌ی بۆ پارتی وه‌رگێڕا و تا ئێسته‌ش به‌رده‌وامه، به‌ڵام نه‌گه‌یشتووه به‌هیچ ئه‌نجامێك.
گۆڕان كه دابه‌شی زیاتر له دوو بووه، ته‌نیا ئه‌گه‌ری لێك نه‌ترازانی پارچه‌كانی ده‌كرێ ئه‌و ترسه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا بێت كه هێشتا له ده‌ماری بزووتنه‌وه‌كه ده‌گه‌ڕێ، هه‌روه‌ها ئه‌و ڕق و گیانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه بێت كه هه‌ڵسووڕاوان پێی گۆش كراون.
گۆڕان پارچه بێ یان پارچه نه‌بێت، به هه‌موو مانایه‌كی سیاسی و ئه‌خلاقی له به‌رده‌م قۆناغێكی نوێدایه، له ڕووی سیاسی ڕه‌نگه له‌لایه‌ن هێزه‌كانی تره‌وه ده‌رگه‌ی به‌سه‌ردا بكرێته‌وه، به‌ڵام له‌ڕووی جه‌ماوه‌رییه‌وه به‌ره‌و گۆشه‌گیری و بچووكبوونه‌وه ده‌چێ.
له ڕووی ئه‌خلاقیشه‌وه پێویسته وه‌ڵامی ئه‌و كه‌سانه بداته‌وه كه به ناوی دیموكراسی و ئازادی ده‌ربڕین و مافه تاكه‌كه‌سییه‌كان به كوشتیان دان، یان لایه‌نی كه‌م كردنیان به دوژمن و نه‌یاری ئه‌وانی تر، به‌رامبه‌ر لایه‌نه‌كانیش كه باسی دیموكراسی و ئازادی و مافی تاك ده‌كرێ، گۆڕان پێویسته له دواوه بوه‌ستێ و ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تی هه‌بوو، خۆی بدزێته‌وه.