شەڕی پێش بەڵێ و نەخێر

AM:11:34:31/07/2017 ‌

ئەوانەی بانگەشە بۆ ئەوە دەکەن کە ئاساییە کەسانێک هەبن لە دژی سەربەخۆیی کوردستان دەنگ بە نەخێر بدەن، ئەو مافە لەناو دەستەواژەکانی وەک ئازادی دەربڕین و مافی تاک لە چارچێوە دەدەن تا ئەو ئاسته‌ دەچن کە ريفراندؤمی كوردستان بە گشتپرسی لە وڵاتانی پێشکەوتوو و دیموکراسی بەراورد بکەن و بیانەوێ بە هەمان پێوەر و هەمان ڕووبەر خەڵک بەو وشە ڕۆمانسیيانە لە حەقیقەتی پرسەکە دوور بخەنەوە.

ئێستا گەلی کوردستان لە بەردەم حەقیقەتێکدایە کە هێشتا عێراق بە حکوومەت و حزبەکانی و پەڕلەمانتار و ڕۆشبنیرەکانی کورد بە شایەنی ئەوە نابینن مافی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەبێت، ئەوان هێشتا بەو قەناعەتە ڕووبەڕووی ئەو خواستەی کورد دەبنەوە کە کورد برا گچکەیە و دەبێ لەژێر فەرمانی برا گەورە بمینێتەوە، هێشتا کورد وەک کۆیلە و کەنیزەك دەبینن کە تەنيا شتێک مافیانە "گوێڕایەڵی خاوەن"ـەکانیان بن.

هەڕەشەکردن بە داخستنی سنوور و جووڵاندنی هێز چ مانایەکی تری هەیە جگە لە کۆمەڵکوژی و قڕکردنی گەلی کوردستان؟ چ ڕامانێکی دیکەی هەیە بۆ کورد جگە لە گەڕانەوەی سەدام و گەڕاندنەوەمان بۆ سەردەمی سەدام کە کوردستانی خاپوور کرد و هەڵەبجە و ئەنفالیشی کردە زیندووترین بیرەوەری لە زهنیەتی مرۆڤی کورد، ئەوانەی بە هەمان عەقلیەت ڕووبەڕووی ڕیفراندۆم دەبنەوە ناوی چيیان لی دەنرێ؟ تاوانبار و بکوژ یان مژدەهێن و مرۆڤ دۆست؟


ئەوانەی لە کوردستان دژایەتی ڕیفراندۆم دەکەن لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن, درێژکردنەوەی هەمان ئەو عەقلیەتەن کە لە بەغدا و تاران مامەڵەی لەگەڵ پرسی پێ کورد دەکەن، واتە خۆ کۆککردنە لەگەڵ داخوازی داگیرکەران و دووبارە بەکارهێنانەوەی هەمان ئامراز و دەستەواژە لە دژایەتیکردنی ريفراندؤم.

چ جیاوازیێک هەیە لە نێوان نووری مالێکی و شەمخانی کە هەڕەشە لە کورد دەکەن یان کوردێک کە هەمان هەڕەشە دووبارە دەکاتەوە و دەیکات بە دەسکەلای لێدان لە پرسی سەربەخۆیی؟، چ جیاوازیێک لە نێوان ئەو عەقلیەتە عەربیەی کەرکووک و خانەقین و مەخموور و شنگال بە عەرەبستان دەزانێ و ئەو کوردەی بانگەشەی ئەوە دەکات گێڕانەوەی کەرکووک بۆ کوردستان کارەساتی بەدوادا دێ، وەک ئەوەی کەرکووکیيەکان لە سەد ساڵی رابردوو خۆشبەخترین کەس بن لەژێر سایەی دەوڵەتی داگیرکەری عێراق و قەت تووشی تەعریب و راگواستن و جیاکاری نەژادی نەبووبن.

باشترە سەرنجی خەڵک بۆ سەر کرۆکی پرسەکە ڕابکێشرێ نەک وانەی مرۆڤایەتی و مافەکانی مرۆڤ و فێرکردنی چۆنیەتی بەکارهێنانی دەنگ لە ڕیفراندۆمدا، لە کاتێکدا مرۆڤی ژێردەست وەک وڵاتە داگیرکراوەکەی خاوەنی سەروەری و کەسایەتی سەربەخۆیی نيیە و سادەترین مافی مرۆڤی پێ ڕەوا نابینن, جا چ پێویستی بەوەیە بزانێ لە پڕۆسەی دیموکراسیدا دەنگ وەک ئەو پارە کاشەیە کە لە گیرفانتدایە و چۆن دڵت بخوازێ دەتوانی وا بەکاری بێنی، لە کاتێکدا هەزار ساڵە کوردیان خستووه‌تە دەرەوەی مێژوو و کەس دەنگی نەدەبیست تەنيا لەبەرئەوەی بێ دەوڵەت و ژێردەستە بوو، بۆیە ئەگەر خەمی دەنگەکانمان بێ و پێکۆڵی ئەوە بکەین بزانین چۆن و بۆچی بەکاری دێنین, دەبێ قەوارەیه‌کمان هەبێت کە تێیدا ڕێز لە خۆمان و دەنگەکانمان بگیرێ، ئاخر کەسانێک هەبوونمان قبووڵ ناکەن, چۆن داوای ڕێزگرتنيان لە دەنگەکانمان لێ بکەین.

ئێمە هێشتا لە قۆناغی رزگاری نیشتیمانیداین, واتە لە هەمان ئەو قۆناغەی فڕەنسايیەکان لە شەڕی دووەمی جیهانی لەژێر داگیرکاری ئەلمانیای نازیدا بڕیاریان دابوو هەر کەسێک بە هەر شێوەیەک هاریکاری نازیيەکانی بکردایه‌ ڕاپێچی دادگایان دەکرد و سزایان دەدا، فڕەنسايیەکان کە وڵاتیان ئازاد کرد ئەوکات دەستیان بە پەروەردەی دیموکراسی و دەستگرتن بە مافەکانی مرۆڤ کرد, بەڵام دیسان بۆ زیاتر خۆشویستنی وڵاته‌كه‌یان و پاراستنی بەها نەتەوەيیەکانی نەک لەپێناو رادەستکردنی بەوانەی هەڕەشە لە فڕەنسا دەکەن.

هەموو میلەتانی ژێردەست و داگیرکراو چۆن کەسانی وڵاتپارێزیان تێدا بووە, بەهەمان شێوە وڵاتفرۆشیان هەبووە، ناوی شۆڕشگێڕیان لە وڵاتپارێزەکان ناوە و ناوی خۆفرۆشیشیان لەوانەی تر ناوە. کورد ئەو وشانەی زۆر کورت کردووه‌تەوە و سەد ساڵە بەو کەسانە دەڵێ جاش کە دەستدۆیی بۆ بێگانە دەکەن یان دەچنە بەرەی داگیرکەران و دژی نەتەوەی خۆیان دەوەستنەوە، ئێستا کەسانێک لە ژێر ناوی پاراستنی یەکڕیزی و سووکایەتی بە یەک نەکردن دەیانەوێ هەردوو لا وەک هاوتا نیشانی خەڵک بدەن، دەیانەوێ سنوورەکانی نێوان نیشتیمان پەروەری و نیشتیمانفرۆشی کاڵ بکەنەوە و خەڵک بە ئاسانی نەیانناسێتەوە، تا جاشایەتی بکەن بە مۆدێل و لە توڕەیی خەڵکی موتربەی بکەن، هەموو ئەوانەش لە ئامانجێک کۆ بکەنەوە کە ڕادەستکردنەوەی کوردستانە بە داگیرکەران، باشە ئەوانەی ئەو کارە دەکەن ئەگەر شەرمیان بە وشەی جاشە و پێیان شورەیی و خراپە, دەتوانن جاشایه‌تی نه‌كه‌ن دژ بە میللەت و وڵاتی خۆیان.