بۆ گشتپرسی وڵاتان پشتن یان دژ؟

PM:04:48:24/08/2017 ‌
 ئاسۆ حاجی

کۆمەڵێک پێشهات و ڕووداوی گرنگ لە دوو هەفتەی داهاتوودا وەڵامی زۆر پرسیار و نیگەرانی خەڵکی کوردستان دەدەنهوە لەبارەی هەڵوێستە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیەکان لە بەرامبەر بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ڕۆژی 25 ئەیلوول،پێشبینی دەکرێ ژمارەیهک وڵاتی گرنگ و بڕیار یەکلاکەرەوە لە هەڵوێستی هەڵبژاردنی بێدەنگی یان لە چوارچێوەدانی هەڵوێستەکانیان لە زمانێکی دپلۆماسی بێنە دەرەوە و ئەگەر بە ڕاگەیەندراو و لێدوانی فەرمیش نەبێت، بە چالاکی تر پاڵپشتی ڕوونی خۆیان بۆ مافی گەلی باشووری کوردستان لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نیشان بدەن.

هاتنی وەزیری بەرگری ئەمەریکا لەلایەن میدیای عێڕاقی و ئێرانی و بەشێک لە میدیای کوردی کە خۆیان بۆ لێدانی ڕیفراندۆم تەرخان کردووە، لە وێنەیەکی لێڵ و بە قرتاندنی بەشێک لە لێدوانەکەی کە باسی پاراستنی یەکپارچەیی عێڕاق دەکات وەک دژایەتیکردنی ئەمەریکا بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەڵمەتێکی میدیاییدا پێشکەش کرد، لەوەش زیاتر ڕۆیشتن کە سەردانیکردنی وەزیری بەرگری ئەمەریکا و سەرگوتاری ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست"یان بە یەکهوه گرێدا و وەک هەڵوێستی توندی ئەمەریکا بەرامبەر مکوڕبوونی بارزانی لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە کاتی دیاریکراودا، وەسف کرد.

 هۆی سەرەکی بەڵام ڕانەگەیەندراوی سهردانی وەزیری بەرگری ئەمەریکا دیارە کە جگە لە پرسی ڕیفراندۆم پێوەندی بەو ڕێکكەوتنە هەیە کە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان هەیانە. ئەوەش بە ڕوونی لە ئەندامانی یاوەری بارزانی لە وەزیری پێشمەرگە و فەرمانده دیارەکاندا دهركهوت کە زیاتر پێوەندی بە مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا هەیە لە دوای شەڕی داعش.

هۆکار و نیەتەکانی پشت سەروتارەکەی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست دیارە کە چەند سیاسی و بزنسمانێکی کورد لە ئەمەریکا لە ڕێگای دامەزراندنی دامەزراوەی بەناو لێکۆڵینهوهو ستراتیژی لەبارەی پرسی کورد و وەکارخستنی چەند نووسەر و لێکۆڵەرێکی ئەمەریکایی و لە ڕێگای لوبی کردنەوە خەریکی دژایەتیکردنی پرسی سەربەخۆیی بزاڤ دەکەن، لە ماوەی ڕابردوودا لە ڕێگای کەناڵە دبلۆماسی و سیاسییەکانهوه، نەیانتوانی شتێک بە شتێک بکەن، بۆیە پەنایان بۆ میدیا بردووە و لە ڕێگای بەخشینەوەی پارەیەکی زۆر هەوڵی دروستکردنی ئەجێندای میدیایی دەدەن بۆ ئەوەی لە ناوخۆ وەک بابەتی گەرم و کاریگەر لە میدیایەکان بە پێوەنانەوە بڵاوی بکەنەوە.

هاتنی وەزیری بەرگری ئەمەریکا بۆ هەولێر و ئەو پێشوازیە پڕۆتۆکۆلیە دۆستانەیە پێچەوانەی ئەوەمان پێدەڵێت، بە تایبەت کە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕێکكەوتنێکی ستراتیژی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان هەیە کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هاوکارییەکانی هەردوولا لە شەڕی دژی تیرۆر دیاری دەکات، هەروەها چوارچێوە و شێوازی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە باشووری کوردستان کە ئێستا خەریکی دروستکردنی شەشەمین بنکەی سهربازین لە باشوور.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە ماوەی 26 ساڵی ڕابردوو هەڵوێستیان لە ناوەندەکانی تری بڕیاری ئەمەریکا بەرامبەر کوردستان و خەڵکەکەی ئهرێنیتر بووە و هاوکارییان زیاتر بووە، بۆیە دەبینین ژمارەی زیاتری دۆستانی گەلی کوردستان لە ئەمەریکا جەنەڕال و بەرپرسانی پایەبڵندی سەربازین، هەڵوێستی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا نەک تەنیا لە باشوور، بگرهلە ڕۆژئاوای کوردستانیش لەگەڵ داخوازییەکانی گەلی کورد ئهرێنییهو هەر بەو پاڵپشتیەیهخەریکە هێزە شەڕکەرە کوردییەکان لەژێر هەژموونی ئێران و ڕژێمی سووریا دەردێنن و وەک هێزێکی سەرەکی و هاوپەیمانی ئەمەریکا مامەڵەیان لەگەڵ دەکهن، کە سەرکردایەتی هەموو بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە ڕۆژئاوای کوردستان لە باشووری کوردستانە و بە هاوکاری و هاوئاهەنگی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارەکانیان ڕایی دەکەن.

وڵاتانی ههرێمی کە تورکیا و عەرەبستانی سعوودیه و ئیمارات و ئوردن و ئیسرائیل، بۆ کوردستان بڕیاڕ و هەڵوێستیان کاریگەره، لە بەرامبەر پرسی ڕیفراندۆم تا ئێستا له بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانن. لە مانەوەی چوار ڕۆژەی شاندی کوردستان لە بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ هێزە عێڕاقییەکان بە سوننە و شیعەوە دەتوانین هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی سوننە بە روونی لە هەڵوێستی هێزە سەرەکییەکانی سوننەی عێڕاق، تێبگەین کە بە شاندی باشووری کورستانیان ڕاگەیاندووە ئەوان دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نین و هیچ گرفتێکیان لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستان نییە.

ئەو هێزە سونیانە کە لەلایەن سعوودیه و ئوردن و ئیماڕاتەوە پاڵپشتی دەکرێن بە هەمانشێوەیش ڕەوتی سەدری شیعی و باڵی عەبادی لەناو هاوپەیمانیی شیعە، نەرمی و جۆرێک لە تێگەیشتنیان لە داخوازییەکانی گەلی کوردستان نیشانداوە، ئەوەش بۆ هەوڵەکانی ئەمەریکا دەگەڕێتەوە لە نزیکردنەوەیان لە سعوودیه و وڵاتانی عەرەبی سوننە بۆ داڕشتنەوەی هاوپەمانیی و هاوئاهەنگیەکی نوێ لە دژی کشانی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئێران کە تاکە وڵاتە خۆی لە بەرمبەر ئەو پرسە یەکلا کردووهتەوە و بە هەموو شێوە و شێوازێک هەوڵی بۆ شکستپێهێنانی ڕیفراندۆم، ئەگەر ئەوەیشی بۆ نەچووە سەر لە ڕێگای هاوپەیمانەکانی لەناو کوردستان فشار دروست بکات بۆ دواخستنی لە وادەی بڕیار لێدراوی وەک هەنگاوی یەکەمی بۆ کاراکردنەوەی هەوڵەکانی فەشەل پێهێنانی، بۆ گەیشتن بەو ئامانجەش ئێران بژاردەی تریشی لە بەردەستە لە بەکارهێنانی حەشدی شەعبی لەلایهک و هێز و پێگەی دبلۆماسیی عێڕاق لەلایەکی ترهوه، کە هەردووکیان لەژێر کۆنتڕۆلی خۆیدان لە کاتێکدا سەرۆک وەزیرانی عێڕاق بچووکترین دەسەڵاتی بەسەریاندا ناشکێ.

لە بەرامبەر کشانی هێز و دەسەڵاتی ئێران، ئێران جگە لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا وەک سەرۆک تڕهمپ گوتی "لە بڕینی دەست و پێوەندەکانی ئێران دەست پێدەکەن و دەیگێڕنەوە ئەو دۆخەی بەر لە ئیدارەی سەرۆک ئۆباما ئێران تێیدا بوو" کە وڵاتێکی تەواو گۆشەگیرکراوی خاوەن ئایوورییەکی داتەپیو کە تا دەرچوونی لەو دۆخە لە ڕێگای ڕێکەوتنە ئەتۆمیەکەی لەگەڵ وڵاتانی (پێنج کۆ یەک) بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا، بۆ یەکجاریش بەرپرسانی باڵای ئێران لێدوانێکی توندیان دژی کوردستان نەداوە.

هەڵوێستی تورکیا لە دژی ههڵکشانی هێزی ئێران کە نیەتی گەیشتن بە دەریای سپی ناوەڕاست و کۆنتڕۆلکردنی بازاڕی وزەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە بە تەواوکەری هەوڵەکانی ئەمەریکا دادەندرێت، چونکە ئەو نیەتانەی ئێران لە بەرژەوەندی تورکیا نییە وەک چۆن لە بەرژەوەندی ئەوروپا و ئەمەریکا و کوردستانیش نییە، بۆیە تورکیا کە لە ئەزموونی 26 ساڵی ڕابردوویدا وەک هاوسێیەک لە دیفاکتۆی سیاسی کوردستان نیوەی ساڵەکانی وەک هاوپەیمان و هاوبەشێکی ستراتیژی لە ڕووی سیاسی و ئابوورییهوه هاوئاهەنگی یەکتر بوونە، تا ئەو ئاستهی تورکیا ببێتە دەروازەی گەیشتنی نەوتی کوردستان بە بازاڕەکانی جیهان و دەستپێشخەری بارزانی پڕۆسەی ئاشتی لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکە دەست پێ بکات، ئەوانە هەموویان لەژێر سێبەر و کاریگەریی پێوەندی ئابووری نێوان هەردوولا دروست بوون کە لێ وردبوونەوەکان بۆ ئەوە ناچن تورکیا ئامادەیی دەستبەرداری ئەو هەموو دەسکەوت و قازانجانە بێت، لە بەرامبەر دژایەتیکردن و هەوڵی لەباربردنی ڕیفراندۆم، چونکە لە ڕووی دەروونی و مێژوویشەوە تەجاوزی ئەوەیان کردووە نەتوانن کورد بەهێز و خاوەن پێگەوە ببینن، بۆیە تورکیا لە توندترین هەڵوێستیدا بەرامبەر ڕیفراندۆم ئەگەر وەری بگرێ، ئەوە توندترکردنی زمانی دبلۆماسیەتی و لە بەرمبەریشدا کردنەوەی خاڵی سنووری زیاترە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و دروستکردنی پردی زیاترە بۆ زیادبوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانی.

هەموو ئەوانە بۆ باوهڕێكمان دەبەن کە ئهنجامدانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان خواستێکی نێودەوڵەتییە کە لە سەت ساڵی ڕابردوودا جاری یەکەمە ئەو خواستە لەگەڵ خواستی نەتەوەیی و نیشتیمانی گەلی کوردستان یەک بگرێتەوە لە دروستبوونی دەرفەتێک بۆ سەربەخۆبوونی.