وەستان و ڕاوەستان

AM:09:28:18/09/2019 ‌

وەستان بەواتای چاوەڕوانی و ڕیزبەستن و ڕێزگرتن و گوێگرتن و پشوودان و هەندێك جاریش كۆتایی قۆناغێك و دەستپێكردنی قۆناغێكی نوێ و پێداچوونەوە و هەناسەدانێك و.. تاد. ڕاوەستانیش بەواتای وەستاندنی ئۆتۆمبێلەكەت لە گەراج و ڕاوەستان لە ترافیك و سەرەفولكە و راوەستان بۆ ئەوەی ڕێ بە شوفێری تر بدەیت بە سەلامەتی لێخوڕێت، ڕاوەستان لەناو پاس بۆ ئەوەی شوێنەكەی خۆت بدەیتە خەڵكی تر و ڕاوەستان لە چاوەڕوانی چوونە لای پزیشك، یان بەرپرسی دائیرەیەك و.. تاد.

ئەم وەستان و ڕاوەستانە كولتوورە لای نەتەوە و وڵاتە پێشكەتووەكان، هیچ زیانێكی نییە، بە پێچەوانەوە وەك دیاردە و ئاماژەیەكی پێشكەوتنی هاووڵاتی و گەشەكردنی كولتوور و عەقڵی مرۆڤەكان و لە پێشەوەبوونی سیستمی وڵاتەكە سەیر دەكرێت، لای ئێمە ئەم دیاردەیە بەشێوەیەكی خراپ پێشوازی لێ دەكرێت، ئیستغلال دەكرێت و ئەو كەسەیش كە دەوەستێت و ڕادەوەستێت، زیانی دەروونی و ڕەنگە مادی و مرۆییشی پێ بگات.

ئەگەر لە دائیرەیەك بوەستیت و چاوەڕوانی بەڕێوەبەر بكەیت بانگت بكات، ئەوە كاتێكی زیاد لە پێویستت پێویستە، یان ناتوانی كەسی ویستراو ببینیت. لە خوێندن ساڵێك بوەستە، حیسابی تەمەنت بۆ دەكەن و دواڕۆژت دەكەوێتە بەردەم ڕەشەبا. لە قسەكردن بوەستە و دەرفەت بۆ بەرانبەرەكەت دروست بكە، ڕای خۆی بدات، تۆ بەلاواز و گەڕ و بێ دەسەڵات وەسف دەكرێیت. ئەگەر لە قسەكردن یەكەم و لە دانیشتنی پرسە یەكەم و لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لە پێشەوە نەبووی و لە ترافیك یەكەم و لە سەرەفولكەكان یەكەم كەس نەبیت، بجووڵێیت، دەرفەتی باشت لە دەست دەچێت، چونكە هیچ كەسێك هەمان دەرفەت بەتۆ نادات، كە تۆ بە چەندان ئۆتۆمبێل و خەڵكی ترت دروست كردووە.

لە كاركردن دەرفەتی وەستان و چاوەڕوانیت نییە، هەر بوەستیت یەكێكی تر لە شوێنت دادەنرێت، لە بیركردنەوە هەر بوەستیت، فكرە و پڕۆژە و بەرنامەكانت خاوەنێكی نوێی بێ ماندووبوونی بۆ پەیدا كراوە. لە ڕیزی سەموون و نانكڕین بە ئەدەب و شكۆوە بوەستیت، دەیان كەس خۆیان پێش دەخەن و تۆش هیچ. 

مرۆڤ پێویستی بە پشوو و وەستانە، پێویستی بە بیركردنەوە و كولتوورێكی جوانی ڕێزگرتنە، پێویستی بەوەیە هاوكاری خەڵكی تر بكات و هەندێك جار بوەستێت، بۆ ئەوەی شوێنی خەڵكی تر بكات.

لە گەراجی ئۆتۆمبێلدا تۆ ڕاوەستایت و دەتەوێ بچیتە شوێنی ئەو ئۆتۆمبێلەی دەیەوێ دەرچێت، كەچی یەكێكی تر لەناكاو بێ ڕەچاوكردنی ڕاوەستانەكەی تۆ خۆی تێ دەكوتێت و تۆش زەقەی چاوانت دێت. لە سەری فولكەیەك وەستاویت بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەكەی بەرانبەرت دەربازی بێت، یەكێكی تر بەدەیان مەتر دوورە، زیاتر پێ لە بەنزینەكەی دەنێت، بۆ ئەوەی تۆ هەر لە شوێنی خۆت بوەستیت و ئەو بڕوات. 

ئەمە چ هەست و نەستێكی مردووە، چ پێشێلكارییەكی كولتووری رێزگرتن و هەستپێكردنە. لەڕووی سەلامەتی چەندە مەترسیدارە. لەڕووی یاساییەوە چەندە پێشێلكارییە.

گرنگ وەستان و ڕاوەستان بەشێكە لە كولتووری ئەخلاقی و كۆمەڵایەتی و یاسایی و مرۆیی. مرۆڤ بە وەستان نامرێت، بەڵام ئاساییە لە ئەنجامی نەوەستان و بێ چاوەڕوانی خۆی و خەڵكی تریش تووشی كارەسات بكات. 

گەلێك جاران لە ئەنجامی نەوەستان و گوێ نەگرتن لەكاتی قسەكردن، خەڵك دووچاری هەڵە و گرفتی گەورە دەبن. بابەتەكە زۆر سادە و ساكارە، بەڵام كاتێك بیر لە ئەنجامەكان دەكەینەوە، كارەكە لە چوارچێوەیەكی دیاریكراودا بەكار دێنین و بەراوردی دەكەین، تێدەگەین پێشكەوتن و گەشەكردنی مرۆڤ پێوەستە بە شتەكانەوە، ئەگەر شتی سادە و سروشتیش بن. بۆیە دەڵێم نە وەستان و چاوەڕوانی كۆتاییە و نە ڕاوەستان لاوازیی و بێ دەسەڵاتییە.