هه‌ر 100 ساڵێك كاره‌ساتێكی ترسناك یه‌خه‌ی مرۆڤایه‌تی گرتووه، هه‌ر یه‌كێك له‌و 100 ساڵانه‌ش مرۆڤ به په‌له‌پرووزێ له‌پێناو خۆ ده‌ربازكردن، په‌نا وه‌به‌ر خۆنوێكردنه‌وه و گۆڕینی شێوازی ژیان ده‌بات و پێداچوونه به‌ڕه‌وشت و نه‌ریت و ڕێیه خراپه‌كان ده‌كات كه بوونه‌ته سه‌رچاوه‌ی هه‌ڕه‌شه بۆ ژیان و سروشت و مرۆڤ.
كۆرۆنا ڤایرۆسێكه مرۆڤ نایبینێت، دوژمنێكه ئاگات له‌خۆت نه‌بێت، وزه و هیواكانت له‌ناو ده‌بات. كۆرۆنا دوایین كاره‌سات نییه، به‌ڵام دوایین كێشه‌ی ته‌ندروستیی ئه‌م ده‌یه و ڕه‌نگه 100 ساڵه‌ش بێت. كۆرۆنا دنیای یه‌كخست، كۆده‌نگه‌ییه‌كی جیهانی بۆ چۆنیه‌تی ڕووبه‌ڕووبوونه‌ی ئه‌م مه‌ترسییه گه‌وره‌یه دروست كرد. هه‌موو خه‌ڵك، خوێنده‌وار، هه‌ژار، ده‌وڵه‌مه‌ند، سیاسی و سه‌ركرده و كرێكار و بێكار و گه‌وره و بچووك، ڕه‌ش و سپی و زه‌رد، ژن و پیاو.. تاد، وه‌ك خاوه‌نی یه‌ك چاره‌نووس به‌دواداوچوون بۆ هه‌واڵ و زانیاریی و چۆنیه‌تی خۆپارێزی له‌م ده‌رده ڕه‌زا قورسه و فرچكڕژێنه ده‌كه‌ن. هه‌ندێكیش ده‌ڵێن ئۆخه‌ی تاكه ڤایرۆسه جیاوازی له نێوان ده‌وڵه‌مه‌ند و ده‌سه‌ڵاتدار و مه‌لا و شێخ و هه‌ژار و ره‌تێنراو و گه‌دا و مورید و ده‌روێش ناكات. ئه‌م كۆرۆنایه بێ ئاینه و جیاوازی له نێوان مسوڵمان و كریستیانی و جوو، بوودی ناكات. ئه‌م بێ ئاینه هیچ ئاین و نه‌ته‌وه و ڕه‌گه‌ز و نیشتمانێكی نییه.
بازاڕه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و سوید و ئه‌ڵمانیا و فڕه‌نسا و به‌ریتانیا و.. تاد، له‌لایه‌ن كڕیار و هاووڵاتییانه‌وه گێسكیان لێ درا، له گه‌ڕه‌كه میلییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش كڕیار وه‌ك كولله له خۆراك و كه‌لوپه‌لی نیمچه ئیكسپایه‌ر و پێویست و ناپێویست به‌ربوون. ئه‌مه ڕه‌فتار و ڕه‌شتی نێونه‌ته‌وه‌یی و جیهانگه‌رایی نه‌ریتی سه‌رجه‌م مرۆڤه‌كانه. ماركس نه‌یتوانی دروشمی نێونه‌ته‌وه‌یی كرێكارانی دنیا به‌دی بهێنێت، به‌ڵام كۆرۆنا هه‌موو خه‌ڵكی یه‌كخست. سه‌رمایه‌داری نه‌یتوانی باڕازه‌كانی دنیا له قازانجی كۆمپانیا و گیرفانی خاوه‌ن كاره‌كان هه‌ڵسووڕێنێت، به‌ڵام كۆرۆنا له كورترین كاتدا هه‌موو شتی له بازاڕ هه‌ڵگێڕایه‌وه.
هه‌موو خه‌ڵك له دنیا خۆیان له ماڵه‌وه‌یان (هاوشوێن كرد و له دابڕخانه و هاوێربه‌ندی و هاوچاره‌نووسی) خۆیان تاكوته‌را بۆ له‌ناوبردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا سه‌نگه‌ربه‌ند كردووه. ئه‌مه نه‌ریتێكی تری نێونه‌ته‌وه‌یی مرۆڤه‌كانه. پێ ده‌چێت ئه‌مه دواین هه‌نگاوه‌كانی گلۆبالیزم بێت، یان ئه‌مه گۆڕینی كۆتایی سیستمی نوێی جیهانگه‌رایی بێت. ده‌ترسم سیاسه‌تی نوێی ئاینده‌ی دنیا به سیستمی كۆرۆنا ناو ببه‌ن، تا هه‌میشه مرۆڤ بیر له گۆڕه‌كانیان بكه‌نه‌وه، نه‌ك ته‌كنه‌لۆجیای پێشكه‌توو، گه‌شه‌كردنی كۆمه‌ڵگه.
نوكته و وێنه پێكه‌نیناوییه‌كانی ناو كه‌شی ترس و تۆقان له كۆرۆنا لای سه‌رجه‌م مرۆڤه‌كان له دنیا هاوشێوه‌یه. ڕووپۆش له‌سه‌ر و قه‌پۆز و بچمی (كه‌رێك، مرۆڤێك)، به‌شێوه‌یه‌كی یه‌كسان به‌كارهێنانی پێلاوێك و قاپێك و ستیانێك و تۆپێكی قوفڵ و ده‌رپێیه‌كی ژێره‌وه و سی دییه‌ك و توره‌گه‌یه‌ك و قاپێك و مه‌نجه‌ڵێك و كووپێك و گۆزه‌یه‌ك و په‌لكه هه‌نارێك... چی و چی) له‌پێناو گێڕانه‌وه‌ی بێ هیواییه‌كانی مرۆڤ، بۆ له‌ناوبردنی كۆرۆنا، به‌كرده پێكه‌نیناویی و گاڵته‌كردن و مێگه‌له نوكته‌یه‌كن. كه بوونه‌ته مایه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌یان نوكته‌ی ده‌مار پچڕێن له‌باره‌ی ڕه‌وشت و ڕه‌فتاری مرۆڤ له ترسی كرۆنا په‌یدا ببێت. سه‌دان نوكته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كۆیله‌بوون و هاوێربوونی پیاو له ده‌ره‌وه و متبوونیان له دابڕخانه له ژووه‌ره ده‌ركه‌وێت، نوكته‌ی سه‌رزاره‌كی و نوكته‌ی به‌وێنه و هێڵكاریی و ڤیدیۆیی له‌لایه‌ن خه‌ڵكی ئاسایی، ده‌ریایه‌ك وره و ئاسووده‌یی لای مرۆڤه ترساوه‌كان دروست كردووه. ئه‌مانه هه‌موو مرۆڤه‌كان له دنیادا تێیدا هاوبه‌شن، وه‌ك چۆن هه‌موو مرۆڤایه‌تی له په‌نابردنه به (پیواز و سیر و لیمۆن و چی و چی) بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا هاوبه‌شن.
ناوه‌وه‌ی ده‌روونی مرۆڤایه‌تی پڕاوپڕه له داماڵینی پێست و كیفكی مارانه‌ی خۆیان، خه‌ریكه به‌شێك له‌وانه‌ی له مردن ده‌ترسن، ددان به‌تاوانه‌كانیان داده‌نێن. ده‌چنه به‌رده‌م دادگای پاكبوونه‌وه، داگایه‌ك كه هیچ دیاره دادپه‌روه‌رییه‌كی پێوه دیار نییه، تاوانبار چ تاوانبارێك تاوانی پێ كردووه، دیار نییه دادوه‌ر ده‌بێ خۆی به‌چ داد و پێوانه‌یه‌ك دادگا بكرێت دیار نییه. مرۆڤه‌كان خه‌ریكه خۆیان ناخی خۆیان پیسته‌ڕن ده‌كه‌ن و خۆیان ڕووت ده‌كه‌نه‌وه و ناخی خۆیان وێنا ده‌كه‌نه‌وه و ناخی خۆیان هه‌ڵده‌گێڕنه‌وه، چونكه ئیتر ترسی دادگا و ڕێسوابوون و سزاكانی ژیان و پێوه‌ندیی نێوان مرۆڤه‌كانیان نه‌ماوه.
تره‌مپ له گوتارێكدا بۆ دنیا ناوكی ڤایرۆسه‌كه‌ی بڕی و گوتی (ڤایرۆسی چینی)، ئه‌مه دیپلۆماتكارییه ده‌روونییه‌كانی چینی پڕ بیبه‌ر كرد و تووڕه‌ی كردن. له نوێترین نوكته‌شدا له‌باره‌ی هه‌رێمی كوردستان گوتوویانه، "ده‌زانن حكوومه‌تی هه‌رێم بۆ خه‌می پاراستنی ژیانی خه‌ڵكیه‌تی، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌و میله‌ته شتێكی به‌سه‌ر بێت، جارێكی تر میله‌تێكی ئه‌وها باش و گوێڕایه‌ڵی به‌ده‌ست ناكه‌وێته‌وه". خووی نوكته‌گوتن، خوویه‌كی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی و فكرییه، له‌پێناو (ئارامی به‌خشین به‌ناخی ترسگرتووی خه‌ڵك، ڕه‌خنه‌گرتن له ده‌سه‌ڵات، ناكۆكی دیپلۆماسی، ده‌ربڕینی هه‌ست و تێگه‌یشتن و لێكدانه‌وه‌ی فكری و ڕۆشنبیری) به‌كار دێت و مرۆڤ له قوژبنێكی تاریكدا، به‌دوای تاریكییه‌كانی ناخی مرۆڤایه‌تیدا ده‌گه‌ڕێت و چرای نوكته‌ی له‌پێناو ئه‌م دۆزینه‌وه‌یه به‌ده‌سته‌وه‌یه.
كۆرۆنا ڕه‌فتار و نه‌ریتی مرۆڤ ده‌گۆڕێت. تۆقه بێزاركه‌ر و ماچی به‌زۆره‌ملێ و نه‌ویست و درۆزنانه و سه‌ردانی له‌ناكاو و كۆبوونه‌وه‌ی بێكارانه و گردبوونه‌وه‌ی گه‌ڕه‌لاوژه‌یی ناهێڵێت، پێوه‌ندی نێوان سه‌رجه‌م مرۆڤ و نه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌ت و ڕه‌گه‌زه‌كانی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌ی سه‌رله‌نوێ نوێ ده‌كاته‌وه.
گرنگ كۆرۆنا نییه، به‌ڵكو گرنگتر ئه‌وه‌یه چاوچنۆكی و ده‌ستكه‌وتی دارایی و خودییه‌كان له‌ناو ململانێ و ڕكابه‌رییه جیهانی و ناوه‌خۆییه‌كان له‌سه‌ر جۆره چاره‌نووسازێك به‌ڕێو ده‌چێت. ده‌ترسم بگاته ئه‌وه‌ی به‌دبه‌خته‌كان له كۆتادا بڵێن مه‌رحه‌با كۆرۆنا سه‌د مه‌رحه‌با، تف له چاره‌سه‌ر و ته‌كنه‌لۆجیا.