كتێبی پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی به نموونه
كارامه‌یی و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ناونیشانی بابه‌تێكی نوێی خوێندنه كه له پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی تا نۆیه‌می بنه‌ڕه‌تی، بۆ ئه‌مساڵی خوێندن به‌شێوه‌ی تێست له چه‌ند قوتابخانه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستاندا ده‌خوێنرێت. بڕیاره بۆ ساڵی ئاینده ببێته به‌شێك له وانه هه‌میشه‌ییه‌كانی خوێندن، له‌و پۆلانه‌ی ئاماژه‌مان پێ دان. ئامانج له دانانی ئه‌م وانه‌یه، وه‌ك به‌شێك له میتۆده‌كانی خوێندن، ئاشناكردنی منداڵانه به لێهاتوویی و ئه‌و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تی و مرۆیی و نیشتمانییانه‌ی كه ده‌بێ له سه‌ره‌تاوه منداڵان فێر بكرێن.
بۆ ئه‌وه‌ی به‌هاكان ببنه به‌شێك له پێگه‌ی كه‌سیه‌تی و په‌روه‌رده‌ییان له داهاتوودا. له‌و ڕوانگه‌یه‌شه‌وه له كتێبی پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تیدا چه‌ند چه‌مك و زاراوه‌یه‌ك خراونه‌ته ڕوو، بۆ ئه‌وه‌ی له قوتابخانه‌كاندا به ڕێنوێنی مامۆستایان، قوتابییان فێر بكرێن. بێگومان پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی، سه‌ره‌تا و ده‌ستپێكی منداڵه به ئاشنابوونی به قوتابخانه، بۆیه چه‌ند توانا په‌روه‌رده‌ییه‌كان له‌و قۆناغه‌دا چڕ بكرێنه‌وه له هه‌موو ڕووێكه‌وه، ئه‌وه‌نده له داهاتوودا پرۆسه‌ی په‌روه‌رده له قۆناغه‌كانی تر بۆ منداڵ ئاسانتر ده‌بێت و به پێچه‌وانه‌وه‌ش. وه‌لێ گرفتێك كه زۆرجار ئێمه ڕووبه‌ڕووی ده‌بینه‌وه ئه‌وه‌یه كه كاتێ میتۆدی بابه‌تێك بۆ منداڵان داده‌نێین، ئه‌وا به پێی دنیابینی و تێڕوانینی گه‌وره‌كان دایده‌نێین نه‌ك ئاستی هزری و تێگه‌یشتنی منداڵ.
بۆ نموونه: قوتابی پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی، نووسین نازانێ، پیته‌كان ناناسێت، تا كۆتایی ساڵ ئه‌وكات ئاشنای هه‌موو پیته‌كان ده‌بێت، كه‌واته چۆن ده‌كرێ كتێبێكی بۆ دابنێین و داوای لێ بكه‌ین وه‌ڵامی پرسیار بداته‌وه؟ یان ڕسته‌یه‌كمان بۆ بنووسێت؟ ئه‌گه‌ر قوتابی پیته‌كان نه‌زانێ، ده‌توانێ وشه و ڕسته بنووسێت؟ بۆیه زۆر گرنگه به هه‌ستیارییه‌وه و به ڕه‌چاوكردنی دنیا و پێگه‌ی منداڵ، بابه‌تێك دابنێین و دیاری بكه‌ین.
ئه‌مه له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تره‌وه كارامه‌یی و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌پێی ته‌مه‌ن و تێگه‌یشتنی منداڵ ده‌گۆڕێت. ده‌كرێ ئێمه منداڵێكی پۆلی یه‌ك فێری ژینگه‌پارێزی بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌سته‌مه بتوانین فێری چه‌مكی هاووڵاتیبوون، نیشتمانپه‌روه‌ری و لانه‌دانی یاسایی بكه‌ین. ده‌بێت فێری ئه‌وانه‌شی بكه‌ین وه‌لێ له پۆله‌كانی داهاتوو. كه‌چی له كتێبی به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تیدا، چه‌ندان چه‌مكی سیاسی و فیكری خراونه‌ته ڕوو كه ده‌بێ قوتابییان فێر بكرێن. ئه‌م میتۆده به بڕوای من وه‌ك مامۆستایه‌ك، میتۆدێكه له سه‌رووی تێگه‌یشتنی قوتابییانی پۆلی یه‌ك. بگره زۆرینه‌ی مامۆستایانیش زانیارییه‌كی ئه‌وتۆیان له‌باره‌ی شیكاری ئه‌و چه‌مكانه‌وه نییه. مه‌گه‌ر مامۆستایه‌ك كه خوێنه‌ری كتێب و پاشخانێكی گه‌وره‌ی ڕۆشنبیری و فیكری هه‌بێت. ڕاستییه‌كه‌ی پۆلی یه‌كه‌م پۆلی فێربوونه نه‌ك زانین، بۆیه ده‌بێ كه‌مترین شیكاری و ڕوونكردنه‌وه‌ی تێدا بێت. به‌ڵكو پتر وێنه و هێلكاری هه‌بێت.
بۆ نموونه: قوتابی پۆلی یه‌ك نازانێ ژینگه‌پارێزی وه‌ك چه‌مك چییه، وه‌لێ كاتێ وێنه‌یه‌ك ده‌بینێت تێیدا كه‌سێك خاشاكێك هه‌ڵده‌گرێته‌وه، ئیتر ئه‌و وێنه‌یه له هزریدا ده‌چه‌سپێت. بۆیه گرنگه هه‌ر میتۆدێكی خوێندن، بۆ بازنه‌ی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی و به‌تایبه‌تی پۆلی یه‌ك داده‌نرێت، ڕه‌چاوی ئاستی هزریی و گه‌شه‌سه‌ندنی ده‌روونی قوتابی بكرێت. نه‌ك هه‌وڵ بده‌ین ئاشنای بكه‌ین به باسێك كه ڕه‌نگه پێوه‌ندییه‌كی ئه‌وتۆی به ته‌مه‌نی ئه‌وه‌وه نه‌بێت. لێره‌دا وه‌ك مامۆستایه‌ك، به‌شێك له‌و كێماسییانه دیار ده‌كه‌ین كه له كتێبی كارامه‌یی و به‌های كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی هاتوون. ئه‌وانیش:
*لا13(داوا له قوتابییان ده‌كات كه ناو، حه‌ز، شوێنی نیشته‌جێبوون، ته‌مه‌نی خۆیان به نووسین له ناو بۆشاییه‌كدا بنووسن). ئه‌گه‌ر قوتابی فێری پیته‌كان نه‌بووبێت، ده‌توانێ ڕسته بنووسێت؟.
*لا17(له‌م لاپه‌ڕه‌یه‌دا داوا له قوتابییان ده‌كرێت دوو له حه‌زه‌كانی بنووسێت). پرسیاری من وه‌ك مامۆستایه‌ك ئه‌وه‌یه كه حه‌زه‌كانی قوتابی پۆلی یه‌ك، دووان و سێیانن؟ ئایا هه‌مان تێگه‌یشتنی گه‌وره‌كانیان هه‌یه تا حه‌ز و خه‌ونه‌كانیان له هیوا و ئاواتێكدا كۆ بكه‌نه‌وه؟.
*لا20 نووسراوه: (پابه‌ندی ڕێساكانی ماڵه‌وه ده‌بم). به‌بێ ئه‌وه‌ی دانه‌رانی كتێبه‌كه، ڕێساكه‌یان دیاری كردبێت. سه‌یر له‌وه دایه له ناو ژووره‌كه‌ش تۆپێكی یاریكردن هه‌یه!.
*لا ووسراوه: (ناوی ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌م ده‌نووسم). قوتابی پۆلی یه‌ك ده‌توانێ ناوی خێزانه‌كه‌ی بنووسێت؟.
*لا23 نووسراوه: (مامۆستا ده‌ڵێت من به‌خته‌وه‌رم چونكه خێزانه‌كه‌م خۆش ده‌وێت). ئایا ده‌بێ ته‌نیا خێزانه‌كه‌مان خۆش بوێت؟ ئه‌ی كوردستان؟ ئه‌ی ئاڵا؟ ئه‌ی قوتابخانه و مامۆستاكان؟.
*لا36 نووسراوه: (ئێمه كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی بچووك پێكده‌هێنین). كۆمه‌ڵگه‌ی بچووك ته‌نیا مانایه‌كی كورت و ئه‌بستراكتی هه‌یه تا به ئاسانی قوتابی پۆلی یه‌ك فێر بكرێت؟.
*لا37 نووسراوه: (سریان_ئه‌رمه‌ن_توركمان). قوتابی پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی كه هێشتا ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی خۆی نازانێ كه (كوردی)یه، ئیتر پێم ناڵێن چۆن فێری ئه‌وه بكرێت ئه‌رمه‌نی و سریانییش نه‌ته‌وه‌ن؟ له كاتێكدا ئه‌وان زمان و كولتوور و ئاین و هه‌موو شتێكیان جیایه له كورد. نابێ هه‌موو ئه‌و سیما نه‌ته‌وه‌ییانه‌ش بزانن؟.
*لا39 نووسراوه: (مۆل). نازانم قوتابی پۆلی یه‌ك، چ پێویستی به‌وه‌یه مۆڵ و مۆتێل بزانێت؟ کە خه‌ریكه ئه‌م ده‌سته‌واژانه زمانی ڕه‌سه‌نی كوردی ده‌شێوێنن.
*لا59 نووسراوه: (ناوی سێ له مامۆستاكانم ده‌نووسم). قوتابی كه هێشتا فێری هه‌موو پیته‌كان نه‌كراوه، نازانم چۆن ده‌توانێ ناوی مامۆستاكانی بنووسێت؟!.
*لا75 نووسراوه: (ته‌ندروستی گه‌نجینه‌یه‌كی به‌رده‌وامه). وشه‌ی گه‌نجینه، چۆن بۆ پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی ڕوون ده‌كرێته‌وه؟!.
*لا80 (له‌م لاپه‌ڕه‌یه‌دا وێنه‌ی چه‌ندان خۆراكی جۆراوجۆر دانراوه كه داوا له قوتابی ده‌كات سووده‌كانیان بنووسێت). ڕاستییه‌كه‌ی قوتابییه‌كی پۆلی هه‌شته‌می بنه‌ڕه‌تیش ناتوانێ كۆی سوودی ئه‌و خۆراكانه بنووسێت، چ جای قوتابییه‌كی پۆلی یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی. وه‌ك مامۆستایه‌ك ده‌كرێ بپرسم، دانه‌رانی ئه‌و كتێبه، كتێبه‌كه‌یان بۆ چ ته‌مه‌نێك داناوه، ئایا ڕه‌چاوی ئاستی هوشیاریی و تێگه‌یشتنی منداڵێكی ته‌مه‌ن شه‌ش ساڵییان كردووه؟.
*لا104 نووسراوه: (دڵسۆزی له كاركردن ئامانجی هه‌مووانه). بێگومان هه‌موومان ده‌زانین تا ته‌مه‌نی 18 ساڵی، به‌پێی جارنامه‌ی جیهانی مافه‌كانی مرۆڤ ته‌مه‌نی منداڵییه. بۆیه كاركردنی منداڵان قه‌ده‌غه‌یه و ڕێپێدراو نییه، كه‌چی له وێنه‌كه‌دا منداڵان فێری كاركردن ده‌كرێن, به بڕوای من ئه‌مه خۆی له خۆیدا پێشێلی مافه‌كانی منداڵه، چونكه فێری شتێك ده‌كرێت كه به یاسا قه‌ده‌غه كراوه.
*لا116 نووسراوه: (به‌هێزكردنی توانای زمانه‌وانی_ توانای نووسین). ئه‌مه وه‌ك سووده‌كانی خوێندنه‌وه نووسراوه. به‌ڵام ده‌كرێ ئه‌و پرسیاره بكه‌ین، ئایا خوێندنه‌وه‌ی منداڵه‌كان وه‌ك گه‌وره‌كانه؟ ئه‌وان چی ده‌خوێننه‌وه؟ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌وان بۆ ئه‌وه‌یه فێری په‌روه‌رده و ڕه‌وشتی جوان بكرێن، یان ببنه زمان‌زان و شاره‌زای ڕێنووس؟. وێڕای ئه‌مانه‌ش هه‌ر له‌و كتێبه‌دا چه‌ندان چه‌مك و ده‌سته‌واژه باس كراون كه بۆ قوتابییانی پۆلی یه‌ك نه‌ك هه‌ر ئه‌سته‌من، به‌ڵكو بۆ قۆناغه‌كانی دواتریش. بۆ نموونه: (ده‌ستپاكی_خۆبه‌خشی_پلان _ڕۆژنامه‌نووسی_پارێزه‌ری_بوێری_پابه‌ندبوون به‌كات_سۆز_شه‌ڕانگێزی). ئه‌مانه و زۆر چه‌مكی تریش. بێگومان ئێمه مه‌به‌ستمان ئه‌وه نییه كه قوتابی فێری ئه‌و چه‌مكانه نه‌كرێت، وه‌لێ به‌و میتۆده نا. تۆ له بری ئه‌وه‌ی به قوتابی بڵێیت: (ده‌ستپاك به) ده‌توانی پێی بڵێیت: (كه شتێكت دۆزییه‌وه بیبه‌ره‌وه بۆ كارگێڕی قوتابخانه). واته گه‌یاندنه‌كه ده‌بێ به زمانێك بێت كه له ئاستی تێگه‌یشتن و زانینی قوتابییه‌كی ته‌مه‌ن شه‌ش ساڵیدا بێت.
دواجار وه‌ك مامۆستایه‌ك پێشنیار ده‌كه‌م كه پێداچوونه‌وه به‌و كتێبه بكرێت، به ئاستێك كه زۆرترین وێنه و ڕوونكردنه‌وه‌ی تێدا بێت، نه‌ك پرسیار و وه‌ڵام و چه‌مكی ئاڵۆز. ئه‌وكات بۆ ساڵی داهاتوو بكرێته بابه‌تێكی نوێی خوێندن.
*په‌راوێز:_كارامه‌یی و به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، پۆل: یه‌كه‌می بنه‌ڕه‌تی، ساڵی چاپ 2019.
تێبینی/ شه‌ش كه‌س ئاماده‌كاری ئه‌و كتێبه‌ن، بۆیه ناویانمان نه‌نووسی.