هونه‌ری كوردی و به دیاریكراویی هونه‌ری گۆرانیی كوردی، هه‌میشه له‌گه‌ڵ شۆڕش و به‌رخۆداندا هاوده‌نگ و هاونه‌وا بووه، یان باشتر وایه بڵێین هونه‌ری گۆرانیی كوردی خۆی ئه‌كت و جووڵه‌یه‌كی پڕ زایه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی بووه، له‌م دۆخه‌ی هونه‌ردا هێنده كاری باشی ڕه‌سه‌ن به‌رهه‌م هاتوون، كاره لاواز و لاوه‌كییه‌كان بوون به ژێره‌وه و چه‌شه و مامۆستا گۆران گوته‌نی، "زه‌وقی میلیی كوردیان تێكنه‌داوه" یان نه‌یتوانیوه تێكی بده‌ن، هونه‌ری شۆڕشگێڕانه بێگومان ئه‌و هونه‌ره نه‌بووه و نییه كه له ژێر باندۆر و هه‌ژموونی گوتارێكی حزبی یان سیاسیی دیاریكراو و به‌رته‌سكدا بێت، به‌ڵكو هونه‌ری گۆرانیی كوردی ئاوێنه‌ی باڵانوێن و زایه‌ڵه‌ی ڕۆحی كه‌ونینه‌ی هونه‌ری و جوانیناسانه و جوانپه‌رستانه‌ی كورده.
بۆ نموونه، ئه‌گه‌ر باسی گۆرانیی "دایه وڵات شیرینه"ی نه‌مر ته‌حسین ته‌ها بكه‌ین، به ڕوونی هه‌م تێڕوانین و خواستی سیاسی و كوردانه‌ی ئه‌و تێده‌گه‌ین، هه‌میش كۆڵه‌كه و بنه‌وای ڕۆحیی جوانیناسیی كورد بۆ وڵات و نیشتمان و دایك ده‌بیستین، به ئاسانی ئه‌م چه‌مكانه له ده‌قی گۆرانییه‌كه‌دا ده‌بینینه‌وه. واته هونه‌ر و شۆڕش له كۆنتێكست و سیاقه جیاوازه‌كاندا، هیچ كات له یه‌ك دابڕاو نه‌بوون و له زۆر قۆناغی مێژوویی‌دا هه‌ر یه‌كێك بوونه.
له سه‌رده‌می شاخدا كه به دڵنیاییه‌وه به‌راورد به ئێسته، ڕه‌گه‌زه ڕه‌سه‌ن و فولكلۆره‌كانی كوردی زیاتر و خاوێنتر و بێگه‌ردتر ده‌رده‌كه‌وتن، پێشكه‌شكردنی گۆرانی و سرووده‌كان به ته‌واوه‌تی مانیفێستكردنی جیاوازییه‌كانی كورد له‌گه‌ڵ فارس، تورك و عه‌ره‌ب بوون، ئه‌م جیاوازی ناساندنه و دانانی سنوور بۆ تایبه‌تمه‌ندییه ڕۆحی و هونه‌رییه‌كانی نه‌ته‌وه، خۆی شۆڕشێكی مه‌عنه‌وی و به‌رخۆدانێكی ڕۆحی و جوانیناسانه‌یه، دژی ئه‌و به‌هایانه‌ی داگیركه‌رانی كوردستان به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر هه‌وڵی سه‌پاندنیان داوه و ده‌یده‌ن.
كه‌س ناتوانێت نكوڵی له كاریگه‌ریی سرووده شۆڕشگێڕییه‌كان له هاندانی جه‌ماوه‌ری و خواستی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵكی كورد له هه‌موو پارچه‌كانی كوردستاندا بكات، به‌ڵام ئه‌م حاڵه‌ته ته‌نیا له‌لایه‌نی ناوه‌ڕۆك و سروود و هه‌ڵبه‌ست نه‌بووه، به‌ڵكو فۆرمی پێشكه‌شكردنی به‌شێكی زۆر له گۆرانی و سرووده كوردییه‌كان، فۆرمێكی ده‌سته‌جه‌معی و گشتین، واته له قه‌واره‌ی شێوازی "دانیشتن"دا بووه. بۆ نموونه، ئه‌و دانیشتنه هونه‌رییا‌نه‌ی له شه‌سته‌كان تا نه‌وه‌ته‌كان، به جلوبه‌رگ و موزیك و هه‌موو توخم و ڕه‌گه‌زێكی كوردانه‌وه ئاماده ده‌كران، هه‌رخۆی په‌ره‌سه‌ندن و بانگهێشتێكی تری شۆڕشگێڕانه بوون و كاریگه‌ریی زۆریان له‌سه‌ر خواستی نه‌ته‌وه‌یی و كوردپه‌روه‌رانه‌ی پارچه‌كانی كوردستان هه‌بووه، به‌تایبه‌تی كاریگه‌ریی باشوور له‌سه‌ر ڕۆژهه‌ڵات له‌م سۆنگه‌یه‌وه دیار و به‌رچاو بووه.
به‌ڵام ئه‌و گۆرانییانه‌ی پاش ڕزگاریی باشووری كوردستان له‌سه‌ر كه‌ركووك گوتراون، وه‌ك گۆرانیی
"كه‌ركووك، كۆنه‌شارێكی باوه‌شی مێژوو
شارستانییه‌تی سه‌ده‌كانی زوو
زۆر شت له ناخی مندا خه‌وتووه
هه‌مووی به‌رده‌ستی دوژمن كه‌وتووه"ی ناسری ڕه‌زازی.
هه‌روه‌تر گۆرانیی
"كه‌ركووك شانازی ژینمی
كه‌ركووك هه‌ناسه و تینمی
شنه‌ی عه‌شق و ئه‌وینمی
كه‌ركووك تۆی خاكی كوردستان"ی هونه‌رمه‌ند عه‌دنان كه‌ریم.
خه‌رمانێكی گه‌وره‌یان خسته سه‌ر یاده‌وه‌ریی گشتیی ئێمه بۆ ئه‌و پارچه سته‌ملێكراو و دۆشراوه‌ی كوردستان.
ئه‌م ڕه‌هه‌نده شۆڕشگێڕییه، هه‌مان خواستی ڕزگاریخوازی و ده‌رچوون له بنده‌ستی و گه‌یشتنه به یه‌كسانیی كورد له گوتاری ڕزگاریخوازانه و سه‌ربه‌خۆییخوازیدا. خاڵی جێی سه‌رنج و تێڕامانی ئه‌م نووسینه، دابه‌زینی هونه‌ر له‌و ئاسته ڕه‌سه‌ن و شۆڕشگێڕانه‌یه بۆ ئاستی چێژی سه‌رلێشێواو و به‌تاڵ، له ئامانج و مانا و به لاڕێدابردنی ئه‌و دانیشتنه كوردانه‌یه، به‌ره‌و گه‌عده‌ی سووك و چرووك!
دانیشتن له زمانی كوردیدا به دوو مانا به‌كار هاتووه، یه‌كه‌میان بۆ ده‌سگه‌یاندن به ئاو و دووه‌میان دانیشتنی ئاسایی یان هه‌ر جۆره دانیشتنێكی پشوودان، شه‌ونشینی و كات به‌سه‌ربردن و به‌گشتی جۆره پێوه‌ندییه‌كی ده‌سته‌جه‌معیی كوردانه و شه‌واركێ و... له‌خۆ ده‌گرێت. به‌ڵام گه‌عده واته ئه‌و شوێنه‌ی منداڵ پیسایی تێده‌كات. زۆر سه‌یر و سه‌رنجڕاكێشه ئێمه كاتێك باسی دانیشتن ده‌كه‌ین، مه‌به‌ستمان هه‌ر ئه‌و هونه‌ره‌یه كه هه‌ڵگری به‌ها و بایه‌خه كۆن و مه‌عنه‌وییه‌ی كورده كه سه‌تان سه‌عاتی ئێسته به‌شێوه‌ی كاسێتی ڤیدیۆ و دی ڤی دی و ... تۆمار كراون، ئێسته‌یش له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا له شه‌سته‌كانه‌وه تا نه‌وه‌ته‌كان و ته‌نانه‌ت دوای نه‌وه‌ته‌كانیش، كه‌م تا زۆر هه‌ن دانیشتنه‌كان ورده ورده كاڵ ده‌بنه‌وه، هۆكاره‌كه‌یشی ئه‌وه‌یه گه‌عده زاڵ بووه، ئه‌مه سروشتی دیالیكتیكی دوو دیارده‌ی دژ به یه‌كن، چونكه له هه‌ر كوێ ڕووناكی هه‌بێ، تاریكایی نییه و به پێچه‌وانه‌یشه‌وه.
ئه‌گه‌رچی به نه‌بوونی هه‌ركامیان ئه‌ویتر بوونی نابێت، ئه‌م ململانێ دوو جه‌مسه‌رییه به‌شێكی بوونی گه‌ردوونه و به مانا گشتییه‌كه‌ی، بۆ هه‌موو شتێك ڕاسته و بێگومان له بیچمدان و دروستكردنی ئه‌م هاوكێشه هونه‌ری-كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه‌ی باسی ده‌كه‌م، هیچ ناگۆڕێت.
كاتێك هونه‌رمه‌ندی ڕه‌سه‌ن و خاوه‌ن به‌ها و چوارچێوه ده‌ڵێت، من به‌م مه‌رجانه دانیشتن ده‌كه‌م، یانی شتێك له سه‌رووی چێژی ڕه‌شۆك و پاره و كرێی گه‌عده‌كانه‌وه ده‌بینێت و وای به باش ده‌زانێت، دانیشتنێك نه‌كات ببێت به به‌ندبێژیی بێ سه‌روبه‌ر و جنێودانی منداڵانه كه دووره له هه‌ر بنه‌ما و پێوه‌رێكی دروستیی تاكه‌وه و به ناو كۆمه‌ڵگه‌دا بڵاو ببێته‌وه و هونه‌ر تا ئاستی گاڵته‌جاری و پێكه‌نین داده‌به‌زێنن.
له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا هونه‌ر له‌و ئاسته به‌رزه‌ی كه‌وته خواره‌وه، ئه‌و كۆمه‌ڵگه هه‌موو به‌ها مه‌عنه‌وییه‌كانی ورده ورده له ده‌ست ده‌دات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له ڕووی سیاسی و سه‌رمایه و ئابووریشه‌وه له چڵه‌پۆپه‌دا بێت! هونه‌ر ترپه‌ی دڵی په‌یكه‌ر‌ی كۆمه‌ڵگه و نه‌ته‌وه‌یه و هه‌ر كاتێك ڕیتمی لێدانی ئه‌م دڵه بشێوێت، ته‌واوی ئه‌و په‌یكه‌ره جووڵه‌كانی تێكده‌چێت و به‌ره‌و مه‌رگ و نه‌مان ده‌ڕوات.
ئه‌م ڕوونكارییه‌ی نێوان هونه‌ری ڕه‌سه‌ن و شۆڕشگێڕ له‌لایه‌ك و به‌ندبێژ و جنێوبازان له‌لا‌یه‌كی تر، هه‌روه‌ها له نێوان دانیشتن به مانا فولكلۆرییه ڕه‌سه‌نه‌كه‌ی و گه‌عده به مانا ناكولتووری و ناڕه‌سه‌نه‌كه‌ی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی به‌رچاومان ڕوون ده‌كاته‌وه، ناچاریشمان ده‌كات هه‌ڵوێسته بكه‌ین، ئه‌گه‌ر بڕیاره هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك به‌پێی خواستی هه‌ندێك هاووڵاتیی حه‌ز له گه‌عده و خۆبه‌تاڵكردنه‌وه له گوشاری ڕۆژگار و سه‌رده‌م هه‌بێت، ئایا ده‌بێت له‌سه‌ر حسێبی به‌ها كۆمه‌ڵایه‌تی و دیسپلینه مرۆییه‌كانی كۆمه‌ڵگه بێت؟ یاخۆ ده‌بێت له‌سه‌ر حسێبی ئه‌تككردنی زمانی شه‌ره‌ف و حه‌یسییه‌ت و كه‌رامه‌تی یه‌كتری بێت؟
ئه‌گه‌ر ئه‌م پرسیارانه بیری لێ بكرێته‌وه، به ئاسانی سه‌ره‌داوی دره‌وشاوه‌ی ڕێی ڕاستی هونه‌ر و تووله‌ڕێی دژه‌هونه‌ری تێدا ده‌بینینه‌وه.