كورته‌یه‌ك:
بۆنه‌كان له هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا، شاده‌ماری یادكردنه‌وه‌ی ساتێكی تایبه‌تن كه له ڕووخساری ڕووداوێكدا خۆیان مانیفێست ده‌كه‌ن، دواتر ئه‌م ڕووداوه له به‌ستێنی گۆڕانكارییه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا، ده‌لاله‌ت و ئاماژه‌ی مانایی جیاواز په‌یدا ده‌كات، نموونه‌ی ئه‌م بۆنه و یادكردنه‌وه‌یه ڕۆژی ڤالانتاینه. به‌ر له‌وه‌ی باسی ئاماده‌یی ئه‌م یادكردنه‌وه بیانییه له كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا بكه‌م و نموونه‌ی هاوشێوه‌ی له‌م كولتووره‌دا باس بكه‌م، باشتر وایه پێشینه و ڕه‌چه‌ڵه‌كناسییه‌كی ئه‌م ڕووداوه بخه‌مه ڕوو تا هه‌م به‌رچاوڕوونییه‌ك بێت بۆ تێگه‌یشتن له‌و گۆڕانكارییه ده‌لاله‌تی و ماناییه له به‌ستێنی ڕووداوه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و كولتوورییه‌كاندا، هه‌میش ڕوونبوونه‌وه‌ی زیاتری هۆكاری ئاماده‌بوونی ئه‌م ڕووداوانه و پاڵنه‌ره سایكۆلۆجی و ده‌روونناسانه‌كانی.
مێژوو و به‌سه‌رهات و فه‌لسه‌فه‌ی ڤالانتاین:
ڕۆژی ڤالانتاین یان ڕۆژی عه‌شق یان عاشقان كه ڕۆژی ڤالا‌نتاینی پیرۆز یان جه‌ژنی ڤالانتاینیشی پێ ده‌ڵێن، هه‌موو ساڵێك له 14ی مانگی فێڤرییه هاوڕێ له‌گه‌ڵ 25ی ڕێبه‌ندان یاد ده‌كرێته‌وه. ئه‌م یادكردنه‌وه و به‌رزڕاگرتنه وه‌ك ڕۆژێكی جه‌ژنی مه‌سیحی بۆ به‌رزڕاگرتنی یادی یه‌ك یان دوو شه‌هیدی یه‌كه‌مینی ئاینی مه‌سیحییه‌ت به‌ناوی قیدیس ڤالینتینا هاته ئاراوه، دواتر به‌هۆی نه‌ریته جه‌ماوه‌ری و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی پاش ئه‌و، كرا به جه‌ژنێكی كولتووری، ئاینی و بازرگانیی گرنگی عاشقانه له زۆر وڵات و هه‌رێمی دنیادا.
چیرۆكگه‌لێكی جیاواز و جۆراوجۆر له‌باره‌ی ئه‌مه‌ی كه بۆچی 14ی فێڤرییه وه‌ك ڕۆژی ڤالانتاین هه‌ڵبژێراوه هه‌یه. له وڵاتانی ئیسكاندیناڤیا له ناوه‌ڕاستی مانگی فێڤرییه كه باڵنده‌كان جووت ده‌بن و دواتر زاوزێ ده‌كه‌ن، به‌م هۆیه ئه‌م قۆناغ و سه‌رده‌مه هه‌ر له كۆنه‌وه وه‌ك سیمبول و عیشق و زاوزێكردن یاد ده‌كرێته‌وه.
ژماره‌یه‌ك چیرۆك و گێڕانه‌وه‌ی جۆراوجۆر له شه‌هیدبوونی ڤالانتاین له 14 فێڤرییه هه‌ن، له‌وانه چیرۆكێك كه گێڕه‌ره‌وه‌ی به‌ندیبوون قه‌شه ڤالا‌نتاینی ڕۆمییه، به‌هۆی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری به‌و مه‌سیحییانه‌ی كه له ژێر ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی ئیمپراتۆریی ڕۆم بوون له سه‌ده‌ی سێیه‌می زاینی‌دا. به‌پێی نه‌ریتێكی كۆن و سه‌ره‌تایی ئاینی مه‌سیحییه‌ت، ڤالانتاین بینایی گه‌ڕاندووه‌ته‌وه بۆ كچه پاسه‌وانه نابیناكه‌ی خۆی له گرتووخانه‌دا، ئه‌و چیرۆكه زۆر و زه‌به‌ندانه‌ی دواتر كه زیادكردنه سه‌ر ئه‌م ئه‌فسانه‌یه زیاتر و زۆرتر ڤالانتاین به عیشقه‌وه گرێ ده‌دات: چیرۆكه زۆر و زه‌به‌نده‌كانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌یه‌می زاینی، زیاتر په‌لوپۆ ده‌دات به بابه‌ته‌كه و ده‌ربڕی ئه‌مه‌یه كه قه‌شه ڤالا‌نتاینی پیرۆز، نامه‌یه‌كی بۆ كچه پاسه‌وانه‌كه‌ی زیندانه‌كه‌ی به واژووی ((ڤالانتاینه‌كه‌ت)) وه‌ك دوا ماڵاوایی پێش له‌سێداره‌دان نووسیوه. گێڕانه‌وه‌یه‌كی تر ده‌ڵێت كه قه‌شه ڤالا‌نتاینی پیرۆز بۆ ئه‌و سه‌ربازه مه‌سیحییانه‌ی كه هاوسه‌رگیرییان له‌لایه‌ن كه‌نیسه‌وه قه‌ده‌غه كرابوو، ڕێوڕه‌سمی شایی و زه‌ماوه‌ندی به‌ڕێوه برد.
یه‌كه‌مین یادكردنه‌وه‌ی ڕۆژی ڤالانتاین وه‌ك عیشق ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ده‌ی چوارده‌یه‌م له ئینگلیز. شوێنێك كه باوه‌ڕی باو ئه‌وه‌بوو كه 14 فێڤرییه ڕۆژی جووتبوونی په‌له‌وه‌ره‌كانه. ئه‌فسانه‌یه‌كی تر ده‌یگێڕێته‌وه كه ڕه‌نگه قه‌شه ڤالانتاین به‌بۆنه‌ی ڕزگاركردن و ده‌ربازكردنی مه‌سیحییه‌كان له ژێر ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی ڕۆمییه‌كانه‌وه كوژرابێت. به‌پێی ئه‌فسانه‌یه‌كی تریش، قه‌شه ڤالانتاین خۆی عاشقی كچێكی پاسه‌وانی خۆی بووه له گرتووخانه‌دا و یه‌كه‌مین كارتی ڤالا‌نتاینی خۆی پێش مه‌رگی بۆ ئه‌و كچه ناردووه و له‌سه‌ری نووسرابوو "له‌لایه‌ن ڤالانتاینه‌كه‌ت".
ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌توانین له‌م پێشینه و سه‌ربورده‌یه هه‌ڵیهێنجین ئه‌مه‌یه، ئه‌م بۆنه‌یه یان ئه‌م یادكردنه‌وه‌یه له كۆنتێكستێكی ئاینییه‌وه هه‌ڵقوڵاوه كه هه‌ڵگری ڕه‌هه‌ندی كۆنی مێژووییشه، وه‌ك نه‌ریتێكی موشریكانه‌ی ڕۆمی ناو ده‌برێت، به‌ڵام باسه‌كه ته‌نیا ئه‌مه نییه، ئه‌وه‌ی كه ئێسته ده‌بێت به ده‌لاله‌تی سه‌ره‌كیی ئه‌م ڕۆژه جۆره ڕێزلێنانێكه له خۆشه‌ویستی! واته ئه‌گه‌ر وێنه‌كه تۆزێك ڕوونتر ببینین، ده‌بێت به‌مه‌ی ئه‌م ڕۆژه هێمایه‌كی میتافۆریك و خوازه‌ییه كه له شكاندنی تابۆكانه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات له‌لایه‌ن ڤالانتاینه‌وه، ئیتر به‌پێی هه‌ر كام له‌و سێ ئه‌فسانه‌یه بێت كه هه‌م كه‌سه‌كه قه‌شه‌یه‌كی ئاینی بووه و هه‌میش ئه‌گه‌ری هه‌ڵگرتنی توخمێكی موشریكانه‌ی له دنیایی ڕۆمی كۆندا تێدایه كه له خزمه‌ت خۆشه‌ویستیدا به‌كار هاتووه.
بۆیه ده‌بێت به‌م ئه‌نجامه بگه‌ین، ئاوا ڕه‌مزێك له كرۆكی خۆیدا جۆره شاردنه‌وه‌یه‌ك بووه له ناو دڵی سیستم و دۆخێكی زاڵدا كه به گوناه و تابۆ و بڤه‌یان زانیوه، ئێسته بووه به نه‌ریتێكی جیهانی سه‌رده‌م و به‌ڕاشكاوی یادی ده‌كرێته‌وه، به‌ڵام ئایا ئه‌مه هه‌موو گۆشه و پاڵه‌كانی ڕووداوه‌كه‌یه كه ده‌یبینین؟ شتێك كه ڕوون و حاشاهه‌ڵنه‌گره مانای خۆشه‌ویستی له دوو دنیای ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵاتدا هاتووته ناو پارادایم و چه‌شنسازییه‌كی نادروست و ناڕه‌سه‌ن.
ئێسته ڕۆژی ڤالانتاین له زۆربه‌ی وڵاتانی دنیا له‌وانه وڵاتانی ئه‌وروپی و ئه‌مه‌ریكا و ته‌نانه‌ت له وڵاتانی وه‌ك ئێران، توركیا، عه‌ره‌بستان، مالیزی، چین، ئازه‌ربایجان و میسر، به‌رازیل و... به‌شێوه‌ی جۆراوجۆر یاد ده‌كرێته‌وه. جیاواز له‌وه‌ی كه له هه‌ركام له‌م وڵاتانه‌دا جۆره ڕێگری و له‌مپه‌رێكی یاسایی بۆ ئه‌م ڕۆژ و یادكردنه‌وه‌یه هه‌یه، به‌ڵام په‌یامی ڤالانتاین و ڕۆژی خۆشه‌ویستی له ڕێی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و میدیا زه‌به‌لاحه‌كانه‌وه، به گوێی زۆربه‌ی دنیا ده‌گات، ئه‌مه جیا له‌وه‌ی ده‌رخه‌ری هێز و هه‌ژموونی سیستمی پروپاگه‌نده‌ی ڕۆژئاوایه، ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌شه دنیا حه‌زی له ڕۆژێكی وا هه‌یه، به‌ڵام ئایا به‌ڕاستی ڕۆژی خۆشه‌ویستی له وڵاتانی ڕۆژئاوایی و ڕۆژهه‌ڵاتی، چ ماهییه‌ت و دۆخێك و ده‌لاله‌تێكیان هه‌یه؟ ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا له كوێی ڤالانتایندا یه‌ك ده‌گرنه‌وه؟ ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕۆژه ڕۆژێكی جیهانییه و ڕه‌هه‌نده‌كه‌ی یونێڤێرساڵه، ئایا ئێسته ئێمه گه‌یشتووین به‌و قۆناغه له گه‌شه‌ی شارستانیی كه كوڕێكی په‌نابه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتیی خه‌ڵكی ئه‌فغانستان، بتوانێت دیارییه‌كی ڕۆژی ڤالانتاین بدات به كچێكی چاوشینی فڕه‌نسی و له عیشقه‌كه‌یدا ناكام نه‌بێت؟.
ئایا كچێكی ئه‌مه‌ریكی گه‌یشتووه به‌و ئاسته له گه‌شه و ڕۆحی ئه‌م ڕۆژه كه دیارییه‌كی ڤالانتاین بدات به كوڕه كوردێكی په‌نابه‌ری زاخۆیی؟ ئایا ژن وه‌ك لایه‌نی جه‌وهه‌ریی ئه‌م ڕۆژه پێگه ڕۆمانسی و به‌رزه‌جێكه‌ی پارێزراوه له ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵات؟ ئایا خۆشه‌ویستی هیچ مانایه‌كی ڕاسته‌قینه‌ی ماوه به ده‌لاله‌ته ئه‌فلاتوونییه‌كه‌ی؟،ئه‌گه‌ر ئه‌م جۆره ڕۆژانه ئاوا جیهانگیر و گشتگیرن، ئه‌ی ئه‌م هه‌موو ناكامی و تووڕه‌یی و شه‌ڕ و بازرگانی و به‌كاڵاكردنی ژن و خه‌یانه‌ت و... چییه؟ ئایا عیشق ده‌بێت دیسان پێناسه بكرێته‌وه؟.
تێڕامانێكی كورت له‌سه‌ر ئه‌م پرسیارانه ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌ن كه دنیا ئه‌م شوێنه ئایدیاله نییه كه ئه‌م ڕۆژه بتوانێت گوزارشت له واقیعیی خۆی بكات و زیاتر یادكردنه‌وه‌یه‌كی نۆستالۆجیكه، واته ده‌گه‌ین به‌م ئه‌نجامه كه بۆنه ڕه‌مزییه‌كان، زیاتر حه‌سره‌ت و ئۆفكێشانێكن بۆ دنیایه‌ك كه له كیس چووه و ئێسته نییه، ئایا ئه‌م ڕۆژه جۆره غه‌مگینییه‌كی له‌خۆیدا نه‌شاردووه‌ته‌وه، بۆ سه‌رچه‌شن و مانایه‌كی به‌رزی به ناوی خۆشه‌ویستی كه ئێسته له كیس چووه، ئێمه له ڕێوڕه‌سمێكی سه‌یروسه‌مه‌ره‌دا و به كۆمه‌ڵێك دیاریی جیهانی سه‌رمایه‌داری، خه‌ریكی شینگێڕێیه‌كی پۆست مۆدێرن له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا‌ین؟!
ڕۆژی ڤالانتاین ئه‌وه‌نده‌ی كه ده‌نگی غه‌مگینه بۆ ونبوونی خۆشه‌ویستی و لێڵبو‌ونی جه‌سته و سۆز و ڕۆحی ژن و پیاو، ئه‌وه‌نده زایه‌ڵه‌ی ده‌ربڕینی عیشقێكی ئازاد و ناكۆتا و ئه‌فلاتوونی نین، ڕه‌نگه ئه‌مه قه‌ده‌ر و جه‌بر و ده‌بێتێكی جیهانیی ئێمه بێت كه كۆمه‌ڵێك به‌ها به‌سه‌رماندا زاڵ بوون، كه فه‌لسه‌فه‌ی ئه‌فلاتوونیش ده‌ره‌قه‌تی ڕاستكردنه‌وه‌ی و ڕوونكردنه‌وه‌ی نییه.
ڕۆژی ڤالانتاین به‌هۆی به‌كارهێنه‌ر و به‌رخۆریی زۆر به ((جه‌ژنێكی سه‌رمایه‌دارانه))ش لێك دراوه‌ته‌وه و وه‌ك هۆكارێك بۆ ده‌رهێنانی پوول و پاره پێناسه كراوه. تێچووی دیارییه‌كانی ڕۆژی ڤالانتاین له ساڵی 2019 له ئه‌مه‌ریكادا نزیكه‌ی 20 ملیار دۆلار بوو. له وڵاتێكی وه‌ك ئێران‌دا ڤالانتاین زیاتر ڕه‌مزێكه بۆ به‌رخۆرێتی و ئه‌شرافییه‌ت. ئه‌گه‌رچی له هه‌ندێ وڵات‌دا جۆره بۆنه و ڕۆژێكی ڕه‌مزی له كولتووری نه‌ته‌وه‌ییدا زه‌ق كراوه‌ته‌وه و ده‌لاله‌ته‌كانی وه‌ك ڕۆژی ڤالانتاینه به گشتی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه، ڕۆژی ڤالانتاینه كه وه‌ك ناو و ڕه‌مزێك له‌و یادكردنه‌وه و مانایه له ڕێی میدیا و ده‌زگا زه‌به‌لاحه‌كانی وه‌ك هۆڵیووده‌وه له به‌شێك له یاده‌وه‌ری خه‌ڵكی دنیادا چه‌سپیوه.