تۆڕه‌كانی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رفه‌ت و هه‌لن بۆ پێشخستنی کۆمه‌ڵگەی مرۆیی و نزیکخستنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه و پێکهاته کولتوورییه جیاوازه‌کان و له‌وه‌ش زیاتر هه‌ڵپێکانی پردێکی پێوه‌ندیی به‌هێز، به‌پێی به‌ها سەردەمییە مرۆییەكان. بێگومان له هه‌ر کۆمه‌ڵگەیه‌کدا به‌پێی میکانیزمه ناوه‌کییه‌کانی ئاکار و ڕه‌وشتی کۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ریت، له‌وانه‌یش گرنگتر و کاریگه‌رتر سیستمی به‌ڕێوه‌به‌ردن و ئاڕاسته‌کردنی کۆمه‌ڵ، چالاکییه‌کان له پانتایی تۆڕه‌کاندا ده‌رکه‌وته‌یان ده‌بێت.
جیاوازیی جیهانی پێش تۆڕه‌كانی کۆمه‌ڵایه‌تی و جیهانی ئێسته ئه‌وه‌یه، هەنووكە تریبۆنێکی تاکه‌که‌سی و ئازادانه له‌ناو تۆڕێکی به‌رینی جیهانییدا ئاماده‌یه که ده‌شێت ئازادی ڕه‌ش و ڕیسوا بکات و ده‌شكرێ گه‌ش و دره‌وشاوه‌ی بکات. ئه‌مه سروشتی ئه‌م نه‌زمه‌ی ئێستەمانه که بێگومان به‌ری نییه له کۆمه‌ڵێک فاکته‌ر و گۆڕمهنیی نهێنی و ده‌ستانی پشتی په‌رده، تا جۆره ڕیتم و خشته‌یه‌کی هه‌ڵسووڕان بۆ ئه‌م چالاکییه و شێوازه‌کانی دیاری بکه‌ن.
واته ڕه‌نگه ئێمه که له سه‌ره‌تادا دێینه ناو دنیای مه‌جازی و تۆڕه‌كانی کۆمهڵایهتییەوه، به‌پێی نۆرمه باوه‌کانی کۆمه‌ڵگە و نه‌ریتی ئه‌خلاقیی کولتووره‌که‌مان، به پارێز و بکه و مه‌که‌وه بجووڵێینه‌وه، به‌ڵام کاتێک ڕێژه‌ی ئه‌م پارێزشکاندن و ڕێچکهشکاندنه له دنیای تۆڕه‌کاندا، هه‌ر له ئه‌مەریکاوه تا فره‌نسا و ئه‌فغانستان و ئێران ... ده‌بینن و زیادبوونیان به‌شێوه‌ی ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ دزێویی کرده‌وه و بابه‌تێک کاڵ ده‌کاته‌وه و ورده ورده ئه‌م هه‌سته له به‌رده‌نگ و به‌کارهێنه‌ردا دروست ده‌کات که ئه‌ویش ده‌توانێت ئه‌کاونته‌که‌ی بخاته سه‌ر لایڤ و وه‌ک ده‌ڵێن "لایڤێک بکاته‌وه" و به شێوه‌ی زیندوو هه‌رچی دێت به زاریدا بیڵێت و هه‌رچیشی پێ بکرێت سانسۆری نه‌کات و به کردار و له به‌رده‌م لینزی کامێرایه‌کدا که کرده و بیرکردنه‌وه و ئاخاوتنی ده‌گوازنه‌وه بۆ به‌رده‌نگی زۆر و له چرکه‌ساتێکی مێژوویی دیاریکراودا بۆ کاتێکی زۆر (ئه‌گه‌ر نه‌ڵێین هه‌میشه)، تۆماری ده‌کات هه‌رچی به زار و زمانی‌دا هات، بیڵێت.
ڕاستییەكەی ئه‌مه ئه‌و نه‌زم و ڕیتمه نوێیه‌یه که به زۆری به‌شێوه‌ی لایڤ ده‌رده‌که‌وێت و که‌مترین بیرکردنه‌وه و تێڕامانی پێشوه‌خته تێیدا ئاماده‌ن و به وته‌ی پێشینیانمان "پێش ئه‌وه‌ی قسە بجون، ده‌یکەن"، ئه‌مه‌یش وا ده‌کات لۆجیک و ئاوه‌زی پێویست که بۆ مرۆڤێک به گریمانه داده‌نرێت، له به‌رده‌م مه‌ترسیی کاڵبوونهوهدا بێت و ورده ورده قسە و هه‌ڵوێستی وا بێتە ده‌ربڕین و گوتن که دواتر مرۆڤ لێی په‌شیمان ببێته‌وه و هه‌ستی ناخۆشی دوای سه‌رخۆشییه‌ک، بگه‌ڕێته‌وه بۆی!
به‌داخه‌وه پانتایی تۆڕه‌كانی کۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ک دیاریکه‌ری نۆرمێک له ژیانی ئێسته‌ی مرۆڤدا ته‌نیا به‌وه ناوه‌ستێته‌وه که مرۆڤ لایڤ و ڕاسته‌وخۆ قسه‌ی نهجواو بکات، به‌ڵکوو ده‌بێت به ڕووبهرێکیش بۆ هه‌ڵوێستنواندنی ئانوساتانه و له ناکاودا که هه‌مدیس له دژی لۆجیک و ئاوه‌ز ده‌جووڵێته‌وه، ئینجا ئه‌مه کاتێک به‌رده‌نگ و فاڵۆوێر زیادی کرد، ئاڕاسته‌یه‌کی قه‌یراناویتر و خه‌ستوخۆڵتر وه‌رده‌گرێت و ئه‌گه‌ری هه‌ڵه و هه‌ڵوێستی تووڕهئامێز زیاتر و زۆرتر ده‌بێت.
ئه‌م دیارده‌یه به زۆری له نێوان چالاکانی تۆڕه‌كانی کۆمه‌ڵایه‌تی /واته ئه‌و که‌سانه‌ی که ته‌نیا له تۆڕه‌كانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا له ڕێگه‌ی لایڤەوه هه‌ڵوێست و قسه و...بهردهنگانێکیان له ده‌وری خۆیان کۆ کردووه‌ته‌وه و مه‌رج نییه ئه‌مانه هونه‌رمه‌ند، یان که‌سی کۆمه‌ڵایه‌تیی کاریگه‌ر، یان هه‌واڵنێر و به‌رهه‌مهێنه‌ری بابه‌ت و ناوه‌رۆک و مانایه‌ک و بن/ و ئینفلۆئێنسێر و ڕوخساره دیاره‌کانی سوشیال میدیا و هه‌روه‌ها ئه‌کته‌ران و هونه‌رمه‌ندان و به‌شێک له نووسه‌ران و به تایبه‌تیش شرۆڤه‌کاران و لێکده‌ره‌وانی بابه‌ته‌کانی ڕۆژ، به‌دی ده‌کرێت.
به‌داخه‌وه زۆر به ده‌گمه‌ن هه‌یه قسه‌ی نه‌شیاو و سووکایه‌تی و بێڕێزی به که‌سێک، وڵاتێک، لایه‌نێک یان کو‌لتوور و شێوه‌ی بیرکردنه‌وه‌یه‌ک نه‌کرێت. زۆر که‌س ئه‌م جۆره قسهکردننانه به ناوی ڕه‌خنه و هه‌ڵوێستی ڕادیکاڵ و سه‌رکێشانه و بگره زۆر ئاوهزمهندانهیش به ئێمه ده‌فرۆشنه‌وه، له حاڵێکدا زمانیان پڕه له وشه‌ی جنێوئامێز و سووکایه‌تی و ناوزڕاندن و تیرۆر... هه‌ر ئه‌وه‌ش به ڕه‌خنه ده‌زانن و وه‌ک مافی خۆیان به ڕه‌وای ده‌بینن وا بڵێن و وا بکه‌ن. ئه‌مه له كاتێکدایه ئه‌گه‌ر یه‌کێک بچێته ناو لایڤه‌که‌یان و یه‌ک وشه‌ی هاوشێوه‌ی جنێوی پێ بڵێت (با بڵێین ڕه‌خنه‌ی ڕادیکاڵ)، دنیایه‌ک سووکایه‌تی پێ ده‌کات.
جنێو به‌شێک له خه‌زێنه‌ی زمانی و کولتووری مرۆڤایه‌تییه، به‌ڵام نابێت خۆی ببێت به کو‌لتوور و ناو‌کی هه‌ڵسووکه‌وتی کۆمه‌ڵگە بخاتە ژێرده‌ستی خۆی. نابێت که‌سایه‌تییه‌کی ئاینی شتێکی وت به دڵی ئێمه نه‌بوو، جنێوباران بکرێت، یان ئه‌دیبێک خه‌ڵاتێک وه‌ربگرێت كە حه‌زمان له به‌رهه‌مه‌کانی نییه، ئیتر جنێوبارانی بکه‌ین، یاخۆ كەیفمان به ڕوخسار و هه‌ڵسوکه‌وتی ئه‌کته‌ریک نەیەت، تیرۆری بکه‌ین و که‌سایه‌تیی بشكێنین!
له ڕاستیدا ئه‌م جۆره هه‌ڵسوکه‌وت و کردارانه نیشانه‌ی قه‌یرانێکی گه‌وره‌ی ئه‌خلاقین و ده‌توانن زه‌نگی داڕمانی گه‌وره بن، ئه‌گه‌رچی ئێمه ئاماری وامان له به‌رده‌ست نییه بزانین جنێوفرۆشه‌کان چ ڕێژه‌یه‌ک پێک دێنن، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه دۆخه‌که گه‌یشتووه‌ته ئاستێک که نووسه‌ر و بیرمه‌ندانیش هاتوونه‌ته ده‌نگ و گله‌یی ده‌که‌ن، بۆچی جنێوباران ده‌کرێن؟ ئایا که‌سێکی باوه‌ڕداری ئاینی که ئه‌حکامه‌کانی مامۆستا "ئهلف"ی پێ باشه و قبووڵه کاتێک قسه و حوکمی مامۆستا "ب"ی به دڵ نییە، به‌پێی کام پێوه‌ری به‌هاکانی ئاین و بە فه‌تواکه‌ی مامۆستاکه‌ی خۆی دێت دنیایه‌ک جوێنی قێزه‌ون له کۆمێنتدا ده‌نووسێت؟ یا کاتێک نووسه‌رێک یاخۆ پێشکه‌شکارێکی یه‌کێک له که‌ناڵه دیاره‌کان که دنیایه‌ک به‌رنامه‌ی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی پێشکه‌ش کردووه و دێت له ژێر پۆستی نووسه‌رێکدا جوێنی زۆر ناحه‌ز ده‌نووسێت، ده‌که‌وێته کوێی ئه‌م هاوکێشه‌یه‌وه؟ ئایا ده‌بێت جوێنه‌کان له پانتایی گشتی و تۆڕه‌كانی کۆمه‌ڵایه‌تیدا بده‌ین و نمایشی قێزه‌ونترین وێنه و ڕسته و وشه بۆ سه‌تان و هه‌زاران بینه‌ر و به‌شدار و به‌رده‌نگ بکه‌ین؟ کوێی ئه‌مه ئاوه‌ز و لۆجیک و ڕه‌وشتی تێدایه؟
به‌داخه‌وه ئه‌م ڕۆژانه له نێوان دوو ئه‌کته‌ری دیاری شاری سلێمانی (ش . ح و ب . ز) له‌سه‌ر بابه‌تێکی زۆر ئاسایی، موناقه‌شه‌یه‌ک دێتە ئاراوە و یه‌کیان که له ڕووی هه‌ندێ به‌های ڕواڵه‌تی وه‌ک جه‌سته و له‌شولاره‌وه ده‌شێت به‌پێی نۆرم و پێوه‌ری میدیا و فیلمسازه‌کان بێت، په‌لاماری ئه‌ویتریان ده‌دات و به توندترین شێوه بێڕێزی و سووکایه‌تیی پێ ده‌کات و به‌هاکانی گه‌نجی و جوانیی جه‌سته‌ی پی ده‌فرۆشێته‌وه. جیاواز له‌وه‌ی ئاستی ئه‌م هه‌ڵوێست و ململانێیه چه‌نده نادروست و دووره لە به‌ها باڵا کولتوورییه‌کان، خۆم وه‌ک بینه‌ری دراما و فیلمه‌کانی ئه‌م خاتوونه به ڕاستی وێنه‌یه‌کی گه‌وره و مه‌زنم له لا هه‌بوو که ئاوا خزمه‌تی هونه‌ر و چێژی کورده‌واریی ده‌کات، به‌ڵام ئه‌و هه‌ڵوێست و ده‌ربڕینانه لانیکه‌م ئه‌م پرسیاره‌ی لا دروست کردم، بۆچی ئێمه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌که‌ین خه‌ریکین کولتوورسازیین و ده‌بین به دژه‌کولتوور؟ چ پاساوێک بۆ ئه‌مه هه‌یه جگه له‌وه‌ی که نازانین که‌ی، بۆ و له کوێ و چۆن ئاوه‌ز و زمانمان پێکه‌وه هاوته‌ریب و هاوئاهه‌نگ به‌کار بێنین؟
ڕه‌نگه پێویست بێت بڵێم هونه‌رمه‌ندانی ئاوا به تایبه‌تی و هونه‌رمه‌نده ئه‌کته‌ره‌کان به گشتی، ده‌بێت پێش هه‌ر شتێک کتێب بخوێننه‌وه و ته‌نیا کامێرا و ماکیاژ و له‌شولاری نه‌که‌ن به پێوه‌ری کولتوورسازی! چونکه وه‌ک ده‌رده‌که‌وێت بنه‌که‌ی بۆشه.