گه‌شبین و ڕه‌شبین دوو وشه‌ی هاوئاواز له ده‌ربڕین و هاوبڕگه‌ی یه‌كترن، به‌ڵام ئاراسته‌یان جیاوازه و له بوونی مرۆڤدا هه‌ن، كه‌م و زۆر له ژیانی تایبه‌تی مرۆڤدا گینگڵ ده‌ده‌ن و سه‌ر ده‌ردێنن، به تێڕامان و تێڕوانین بۆ مرۆڤه گه‌شبینه‌كان، ده‌گه‌ینه ئه‌و ڕاستییه‌ی ئه‌م گه‌شبینانه زۆرتر ده‌كه‌ونه خانه‌ی به‌خته‌وه‌ری و ئاسووده‌یی ژیانه‌وه، به پێچه‌وانه‌یشه‌وه مرۆڤه ڕه‌شبینه‌كان هه‌میشه بێهیوا و نائارامی ده‌روونین له ڕێڕه‌وی ژیانی ڕۆژانه‌یاندا.
مرۆڤه گه‌شبینه‌كان ئه‌گه‌ر له سات و دۆخی گه‌شبینیشدا به‌خته‌وه‌ری وه‌ده‌ست نه‌هێنن، به هیواوه بۆ ژیان ده‌ڕوانن، به ئومێدی وه‌ده‌سهێنانی به‌خته‌وه‌ری مه‌له له پانتایی ده‌ریای ژیاندا ده‌كه‌ن، به پێچه‌وانه‌یشه‌وه ئه‌گه‌ر مرۆڤه ڕه‌شبینه‌كان جاروباریش به‌خته‌وه‌ر بن، چونكه به ڕه‌شبینی بۆ دواڕۆژ ده‌ڕوانن، به‌خته‌وه‌رییه‌كه‌یان كاتییه و هه‌میشه ئاینده‌یان به نا‌ئومێد و فه‌راهه‌منه‌بوونی حه‌ز و ئاواته‌كانیان وێنا كردووه.
ئاستی فه‌راهه‌مبوونی ئه‌م دیارده‌یه له مرۆڤێكه‌وه بۆ یه‌كی تر جیاوازه، هه‌رگیز هیچ بارێكیان به ڕێژه‌یه‌كی چه‌سپاوی هه‌میشه‌یی له مرۆڤدا نین، تا ئاستێك دیارده‌كه پێوه‌ندی به بوونی كه‌سایه‌تی مرۆڤه‌كانه‌وه هه‌یه، مرۆڤ تا مرۆڤ ئاستی گه‌شبینی و ڕه‌شبینییان ده‌گۆڕێ، جگه له هه‌لومه‌رجی ده‌وروبه‌ر و ژینگه، مرۆڤ هه‌یه زۆرترین تێڕوانین و ساته‌كانی بۆ ژیان و ئاینده‌ی ژیان ڕه‌شبینییه، بۆیه هه‌میشه نائارامه، پێچه‌وانه‌كه‌یشی به‌هه‌مانشێوه ده‌بینرێ.
سروشتی هه‌ندێ مرۆڤ وایه كه‌متر ڕه‌شبینه و زۆرتر گه‌شبینانه ژیانی ڕۆژانه به‌ڕێ ده‌كات و به‌هیوا و ئومێده‌وه ده‌ڕوانێته ئاینده، ئه‌مه مایه‌ی وه‌ده‌ستهێنانی ئاسووده‌یی ده‌روونی و به‌خته‌وه‌رییه، ئه‌و مرۆڤانه‌ی بوونی كه‌سایه‌تییان وا كه‌وتووه‌ته‌وه هه‌میشه ڕه‌شبینانه بۆ ژیان ده‌ڕوانن و هه‌ڵسه‌نگاندنی وه‌ك خۆی كه چۆن ده‌گوزه‌رێ بۆ ژیان ناكه‌ن، به‌رده‌وامی ڕه‌شبینییه‌كانیان ده‌یانئاخنێته ژێرباری ده‌روونی سه‌خت و ناسه‌قامگیری ده‌روونی و دواتر نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌كان. ئه‌م كه‌سایه‌تییانه له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامبوونی ڕه‌شبینییه‌كه‌یاندا گۆڕانی ڕه‌نگی پێست به توێڵ و ده‌موچاویانه‌وه دیاره و زۆرجار به نیگاكردن له ده‌موچاویان هه‌ستیان پێ ده‌كرێ، ئه‌مه وه‌ك بوونی كه‌سایه‌تیی تاك، هه‌میشه خێزان و كۆمه‌ڵ و ژینگه‌یش ڕۆڵی كاریگه‌ریان هه‌یه له گه‌شبینی و ڕه‌شبینی مرۆڤه‌كاندا.
ئه‌و تاكانه‌ی كۆمه‌ڵ به‌تایبه‌تی ژنان و كچان كه له خێزانێكی داخراوی دوور له هاتوچۆ و كرانه‌وه‌دا ده‌ژین و كه‌س نابینن و ئازادی چوونه ده‌ره‌وه‌یان نییه، زۆرتر باری ڕه‌شبینی ده‌یانگرێته‌وه، چونكه ده‌كه‌ونه ژێر گوشاری لێكدانه‌وه‌ی سه‌خت و گینگڵدانی شته‌كان و هه‌ڵبه‌ز و دابه‌زی ناوخۆیی ده‌روون.
دوور له تێكه‌ڵبوونی كه‌س به‌هۆی كه‌م ئاستی بیری ئه‌ندامانی خێزانه‌كانیان و په‌ستی ده‌روونی، ئه‌م گوشاره زۆرتر له‌سه‌ر ئه‌ندامانی خێزانه، چ نێر بن یا مێ، به‌ڵام كچان زۆرتر ده‌كه‌ونه ژێر ئه‌م باره‌ی ڕه‌شبینی له كۆمه‌ڵی كوردیدا. به‌تایبه‌تی ئه‌و كچانه‌ی قه‌یره‌بوون و بێهیوابوون له هاوسه‌رێتی و به‌هۆی داخرانی خێزانه‌كانیانه‌وه ده‌رفه‌تی هه‌ڵبژاردنی هاوسه‌ریان له ده‌ست ده‌رچووه، هاوسه‌رێك كه هه‌ڵبژێردراوی ناخیان بێت و له بازنه‌ی بیركردنه‌وه‌یاندا بخولێته‌وه، له‌گه‌ڵ حه‌ز و خولیاكانیاندا بگونجێت، بۆیه ئه‌م مرۆڤانه‌ن ناتوانن به ئاسووده‌یی له‌گه‌ڵ خێزاندا به‌یه‌كه‌وه بگونجێن و گیرۆده‌ی دۆخی ڕه‌شبینی ده‌بن.
ژینگه‌ی وڵاتیش ڕاسته‌وخۆ ده‌وری كاریگه‌ری هه‌یه، له زه‌وینه ڕه‌خسانی خزاندنی مرۆڤه‌كان بۆ ڕه‌شبینی یا گه‌شبینی، ژینگه‌ی ته‌ندروست و هیوابه‌خش بۆ ئاینده، زۆرتر مرۆڤی گه‌شبین دروست ده‌كات، پێچه‌وانه‌كه‌یشی به ئاسانی ده‌رده‌كه‌وێ، له ژینگه‌ی فه‌راهه‌مكه‌ری ڕه‌شبینیدا، زه‌وینه‌ی هێنانی گه‌شبینی له هه‌ندێ وڵات‌دا، زۆرجار بوونی نییه، ڕووانین بۆ شیته‌ڵ و ئه‌نجامی ڕووداوه‌كان ڕوون نین و زۆرتر مرۆڤه‌كان خۆیان له چوارچێوه‌ی كێشراوی ڕه‌شبینی ده‌بیننه‌وه. به تێڕوانین بۆ ئاینده هه‌ست ده‌كه‌ن گه‌ڵاڵه‌بوونی حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانیان ڕه‌چاو ناكرێ، به‌وه‌ی ئاسۆ ڕوون نییه، ناڕوونی ئاسۆیش ڕاسته‌وخۆ ڕه‌شبینی ئاینده‌ی لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
ئه‌وه‌ی له هه‌مووی خراپتره و پێویسته ئاماژه‌ی پێ بده‌ین، ڕه‌شبینی كاربه‌ده‌ستان و چینی فه‌رمانڕه‌وای وڵاته، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی نه‌خشه‌ی سیاسی و ئابووری وڵات ده‌كێشن، ناكرێت هه‌ڵبژارده‌ی سیاسی وڵات ڕه‌شبینبن و ده‌گوترێت ڕه‌شبینی له سیاسه‌تدا نییه، چونكه ڕه‌شبینی سیاسی و چینی ده‌سه‌ڵات، قه‌یرانی به كۆمه‌ڵی لێ ده‌كه‌وێته‌وه، به‌تایبه‌تی له كاتوساتی ته‌نگانه‌دا. ئه‌گه‌ر ڕه‌شبینه‌كان كار بۆ ئاینده‌ی گه‌شبین نه‌كه‌ن، قه‌یرانه‌كان تێناپه‌ڕێنرێن و كاره‌سات له وڵات‌دا ده‌كه‌وێته‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی چینی فه‌رمانڕه‌وا، كار له‌سه‌ر ئاینده‌ی گه‌شی خۆیان وه‌ك تاك بكه‌ن و كار له‌سه‌ر وه‌لانانی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی بخه‌نه لاوه، هێنده‌ی تر زووتر زه‌وینه‌ی له‌ده‌ستچوونی به‌خته‌وه‌ری گه‌ل و میله‌ت دێته ئاراوه.
وه‌ده‌ستهێنانی گه‌شبینی له‌سه‌ر ئاستی تاك ناتوانێ به‌خته‌وه‌ری گشتی و گه‌شبینی كۆمه‌ڵ بێنێته ئاراوه، چونكه ئاستی گه‌شبینی تاك له‌سه‌ر ئاستی كه‌سایه‌تییه و پانتایی گه‌شبینی كۆمه‌ڵ ناگرێته‌وه، كه نه‌خشه‌ی ڕوونی ئاینده ده‌كێشن و بڕیاریان به‌ده‌سته، كه بارودۆخه‌كه‌یش له‌بارچوو، گه‌شبینی وه‌ده‌ستهێنراوی تاكیش فریای چاره‌نووسی به‌خته‌وه‌ری چینی فه‌رمانڕه‌وا و گه‌ل ناكه‌وێ، یان ده‌بێ چینی فه‌رمانڕه‌وا له ده‌سه‌ڵات نه‌مێنن، یا وڵات جێ بێڵن، له هه‌ردوو باره‌كه‌دا چاره‌نووس و به‌خته‌وه‌ریی گه‌ل له مه‌ترسیدا ده‌مێنێته‌وه و چاوه‌ڕێی ئاینده‌یه‌كی نادیار ده‌كات، تا هه‌لومه‌رجی تازه و ئومێد سه‌ر ده‌ردێنێ.
به‌خته‌وه‌ری كاتێك به‌های بۆ سیاسی و فه‌رمانڕه‌وا هه‌یه كه له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵاتی وڵاتی خۆیاندا ئه‌زموونی بكه‌ن، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژارده‌ی سیاسی و ده‌سه‌ڵات گه‌شبین بن و له‌سه‌ر بنه‌ماكانی گه‌شبینی بۆ ئاینده كار بكه‌ن و به‌رنامه‌كانی چاكسازی دابنێن، ده‌توانن هیوا بگه‌ڕێننه‌وه بۆ میله‌ت و له ساتی ڕوانینی هیوا بۆ ئاینده‌یه‌كی گه‌ش، ڕه‌شبینی كاتییه و ده‌ڕوا، زه‌وینه‌ی له‌باری گه‌شبینی و ئومێد دێته ئاراوه، مرۆڤ هێدی هێدی ده‌ئاخنزێته ناوه‌ندی گه‌شبینییه‌وه.
جاریش هه‌یه ئاسۆكانی گه‌شبینی ئاینده له ده‌سه‌ڵاتی ژینگه‌ی وڵات به‌ده‌ره و ناڕوونییه‌كان جیهانین به تایبه‌تی له بواری داڕووخانی باری ئابووری دنیادا، یا په‌تایه‌كی جیهانیی كوشنده كه وڵاتان ده‌گرێته‌وه، به‌ڵام هه‌ر گه‌شبینی بۆ ئاینده لای چینی به‌ڕێوه‌به‌ری وڵات، ده‌توانێ باری لاری وڵات ڕاست بكاته‌وه و ئاوات دروست بكه‌نه‌وه، له قه‌یرانه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كانیشدا، به پێچه‌وانه‌وه ڕه‌ش ڕوانین بۆ ئاینده له كاتی كێشه گه‌وره و جیهانییه‌كاندا، ته‌واوی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵ ده‌خاته باری ده‌روونی سه‌خته‌وه و هیوابڕیان ده‌كات.
یاساكانی ڕابردووی ژیان ئه‌وه‌ی لێ هاتووه‌ته ئاراوه، دۆخه‌كانی ڕه‌شبینی گشتی كاتییه و هه‌میشه دوای ڕه‌شبینی، گه‌شبینی دێت، به مه‌رجێك له ساتی ڕه‌شبینییه‌كه‌دا كاربه‌ده‌ستانی وڵات به هیوا و ئاواته‌وه چاكسازی بكه‌نه بنه‌مایه‌ك بۆ داهاتووی باش.