خۆنواندنی میلیشیای کودەتاچی و داهاتووی بەغدا

PM:02:48:26/03/2021 ‌
پێنجشەم 25ى ئادار، شەقامەکانی بەغدا دیمەنێکی سەیر و لە هەمانکاتدا خەمناک و مەترسیدار بە خۆیانەوە دەبینن. سەدان چەکدار و میلیشیای چەک بە دەستی سەر بە گروپی "ڕەبعەڵا" بە ناو کوچە و کۆڵان و بازار و جادەکانی بەغدادا بڵاوبوونەتەوە و عەرزی ئەندام دەکەن، هەڕەشە دەکەن، خەت و نیشان دیاریدەکەن، حکومەت و لایەنە سیاسیەکان و لە سەروی هەمووشیانەوە کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاستەنگ و ڕێگریکردن لە بەردەم تێپەڕاندنی یاسای بوودجە لە پەرلەمان تۆمەتبار دەکەن. 

سەیرتر لەو دیمەن و مەهزەلەیە، لەبەرچاوی دەسەڵاتداران و حوکمڕانانی ئێراق و سەدان هەزار سەرباز و پۆلیس و دامودەزگای ئەمنی و ئیتیخباراتی ئەم وڵاتە ڕوودەدات و کەسیان فززەیان لێوەنایەت.

لەڕاستیدا یەکەمجار نییە کە میلیشیای چەکدار بە بێ منەتی بەناو شەقامەکانی بەغدا و شارەکانی خوارو و ناوەراستی ئێراقدا بڵاو دەبنەوە و هێز و توانای سەربازی خۆیان بۆ دەوڵەت و خەڵکی ئەم وڵاتە نمایش دەکەن. وادیارە نمایشەکەی ئەمجارەش کۆتا جار نابێت و پێدەچێت ڕووبەڕووی پێشهاتی سەیر و سەمەرەتر ببینەوە.

چونکە لە ئێراقدا پاشاگەردانی و بێسەروبەرەیی زاڵە. دامودەزگا و دامەزراوەی سەر بە دەوڵەت توانای کۆنتڕۆڵکردن و بەڕێوەبردنی وڵات و چەساپاندنی یاسا و ڕێساکانیان نیە. هەرخۆی سیستمی سیاسی و دادوەری و یاسادانانیش بە سەرجەم جومگەکانەوە لەژێر هەژموونی حیزب و گروپ و ڕێکخراوی میلیشیایی و چەکداری سەر بە وڵاتێکی هەرێمەکەدان و بە هەموو شێوەیەک لەلایەن ئەوانەوە ئاراستەدەکرێن.

هەر بۆیەشە لە ئاست ئەمجۆرە نمایش و خۆدەرخستنانەدا حکومەت و دەزگاکانی دەوڵەت ناتوانن هیچ کاردانەوەیەکیان هەبێت.

ئەوەی لەم ڕووداوەدا پەیوەندی بە کوردەوە هەیە، زمان درێژی ئەو گروپە میلیشیاییەیە لە ئاست کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پشکی هەرێم لە بوودجە و تۆمەتبارکردنی بەوەی کە بە مەبەست و ئامانجێکی تایبەت و نادیار ڕێگری لە تێپەڕاندنی یاسای بوودجە دەکات لە پەرلەمان.

جارێ پێش هەموو شتێک هەبوونی ئەمجۆرە گروپ و ڕێکخراوە چەکدارانە و کار و کردەوەکانیان بە گشتی پێچەوانەی یاسایە. هەمووان ئاگادارن کە چۆن ئەم میلیشیایانە بەشێوەی نایاسایی کۆنتڕۆڵی دەروازە سنوریەکان و ناوەندە بازرگانی و ئابوریەکانی وڵاتیان کردووە، جادە و ڕێگا لە خەڵک دەگرن و سەرانەیان لێوەردەگرن و داهاتی گشتی کە موڵکیت خەڵکی ئێراقە، بە تاڵان دەبەن.

بۆیە ئەم گروپە چەتە و ڕێگرانە بە هیچ جۆرێک بۆیان نیە زمانیان لە ئاست گەلی کوردستان درێژبکەن و سەبارەت بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بوودجەدا کە مافی ڕەوا و یاسایی گەلی کوردە بڕیار دەربکەن یان هەڕەشە و گوڕەشە لە کەس بکەن. جگە لەوەش ئیدی بۆ هەموو لایەک ڕوون بۆتەوە کە کورد بە هیچ شێوەیەک لە پێش تێپەڕاندنی یاسای بوودجەدا ئاستەنگ نیە. شاندی حکومەتی هەرێم پێشوەختە لەسەر پشکی هەرێم ڕێککەوتنی لەگەڵ حکومەتدا کردووە. تەنانەت لەگەڵ لایەنە شیعەکانیش ڕێککەوتن کراوە و ئەوە ئەوان بوون کە تاکلایەنە بە زیادکردنی بڕگە و بابەتی جیاواز ڕێککەوتنەکەیان تێکدا.

شیعە و سوننە هەر یەکە و سەرنج و تانە و داواکاری تایبەتی خۆی لەسەر پڕۆژە یاساکە هەیە. هەندێ لایەنیش بە مەبەستی سیاسی و لە پێناو ڕاکێشانی سەرنجی خەڵک لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکاندا پڕۆسەی پەسەندکردنی بوودجەیان پەکخستووە، کەچی وای پیشاندەدەن کە گرێی سەرەکی لە بەردەم دەرچوونی یاساکە پشکی هەرێمی کوردستانە.

هەرچۆنێک بێت دەستوەردانی گروپی میلیشیایی لە کاروباری دەوڵەتدا ناڕەوا و نایاساییە و شێوەیەکە لە کودەتا. مێژووی ئێراق ئەمشێوە حوکمڕانیە سەربازییەی ئەزموون کردووە و یادەوەری تاڵی بۆ گەلی ئەم وڵاتە بەجێهێشتووە. هەم دونیای ئەمڕۆ سەردەمی دیموکراسی و یەکتر قەبوڵکردن و لێکتێگەییشتنە. حوکمی سەربازی و میلیتاریستی برەوی نەماوە و بەسەرچووە. ئەوەی لە شەقامەکانی بەغدا دەقەومێت، لە هیچ شوێنێکیتری جیهاندا نموونەی نابینرێت مەگەر بە دەگمەن و لە هەندێ وڵاتی پاشکەوتوی ئەفریقیدا نەبێت کە لە زمانی گفتوگۆ و دەربڕینی ئازادانەی مرۆڤەکان تێناگەن.