تۆیش بەشداربە لە چاكسازی

AM:09:39:20/07/2019 ‌
سه‌رباز ساڵح 

كوردستان چووە قۆناغێكی نوێی حوكمڕانی و بە نزیكەی تێكڕای تیمە سەرەكییەكانی بڕیاردارن گۆڕاون، وەك دەردەكەوێ دیدی نوێ هەیە بۆ دروستكردنی دنیایەكی باشتر لە رووی خزمەتگوزاری و ئیدارەی تۆكمە و چاكسازیی لە زۆر بواردا، ئەمەی كۆتا رەنگە سەرنجڕاكێشترین خاڵ بێت بەلای هاووڵاتییانی كوردستانەوە، بۆیە هەرزوو گوتاری سەرۆك وەزیران لە 10ی تەمووز كە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی كرد بە ئامانجی سەرەكی، زۆر بەخێرایی كۆدەنگی دروست كرد و بەگشتیی تامەزرۆیی هەموو لایەك دەركەوت بۆ كۆتاهێنان بەو نادادی و گەندەڵییە بەربڵاوەی هەموو لایەكی كوردستانی گرتووەتەوە. لێرەوە گرنگە هەركەس لای خۆیەوە بەشداری بكات لە سەرخستنی ئەو دیدە نوێیە و پاڵپشتی چاكسازی.

لەماوەی رابردوو و بە دیاریكراوی لە دوای 2010ـەوە، هەرچی جۆری شەڕە قسە و میدیا و دەردانی تووڕەیی بە رێیە جیاوازەكان و ململانێی سیاسیی ناشەریفانە، گەیشتنە لووتكە و هەموومان قسەی خۆمان كرد بە چەندان شێوە، ئەم دۆخە ئەگەرچی لە بەرژەوەندی كەسانی گەندەڵ و ئەوانە بوو كە هەموو هەلێك دەقۆزنەوە بۆ ئاوسانی خۆیان و بەرژەوەندییە كەسییەكانیان، بەڵام وا پێ دەچێت دۆخێكی سروشتیش بووبێت و تا نەكەویتە ناویەوە، نەتوانی تێی بپەڕێنی. بێگومان هاوارەكانیش بۆ حوكمێكی باشتر و بەهێزتر بوو كە ئەمە ئەگەر بە تووڕەییش دەربڕابێت، لە پشتیەوە دڵسۆزی خۆی مات داوە و دەریخست خەڵكی ئەم هەرێمە خواستی ژیانێكی باشتری هەیە.

لێرەوە دەتوانین پێكەوە دەست بەو ژیانە بكەین و ئەو تێبینییانەی هەمانە بیخەینە ڕوو، بەشێوەیەكی ئارامتر و رژدتر داوای چاكسازی و ریشەكێشكردنی گەندەڵی بكەین، یان لای خۆمانەوە دەست پێ بكەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پشتی ئەم دیدە نوێیە بگرین كە حوكمڕانی كوردستان دەكات. واتە هەرچی قسە هەیە كردمان، با دەست بە كردار بكەین، تۆ مەڵێ من چیم پێ دەكرێ، زۆرت پێ دەكرێت و مرۆڤێكی گرنگی لەناو جەنجاڵییەكدا كە بەنیازێكی باشەوە دەست پێ بكەی، بێگومان هی تریش لای خۆیانەوە دەست پێ دەكەن و حكوومەتیش ورد دەبێت لە بڕیاردان ئەگەر خواستی هەمووانی لەگەڵدا بێت، دواجار دەگەین بە نزیكبوونەوە لە حوكمڕانییەكی باشتر و ژیانێكی دادپەروەرانەتر.

روونە گەندەڵی بە قسەی پووچ و فەوزا گەشە دەكات و ژینگە بۆ گەندەڵكاران دەڕەخسێ تا نیازە پیسەكانیان پەرە پێ بدەن، چونكە لەو كاتانەدا بێسەروبەری و كاری نایاسایی بە ئاسانی تێدەپەڕن و ئێمەیش هەر قسە دەكەین و هیچ ئەنجامێك نادات بەدەستەوە.
 لە بەرانبەردا گرنگە حكوومەت رژد بێت لە كردەییكردنەوەی ئەو بڕیارانەی تایبەت بە گەندەڵی و رێكخستنەوەی ئیدارە و نەهێشتنی رۆتین رای گەیاندن. ئەمە ئەو خواستەیە خەڵكی كوردستان چاوەڕوانی دەكات و پاڵپشتیشی دەكەن و دەرفەتیشە بۆ سەرۆك وەزیران ببێت بە پاڵەوانی مێژوویی ئەم قۆناغە نوێیە، چونكە روونە كوردستان ئەوەندە كەموكوڕی هەیە، دەست بۆ هەر بوارێك ببەی و رێكی بخەیتەوە، كاردانەوەی گەورە دروست دەكات.

هیچ هۆكارێك نەماوە بۆ بەردەوامیدان بەو فەوزا و نادادییەی لە هەرێمەكەمان هەیە، یاسا هەیە، دەسەڵات هەیە، حزب و كەسایەتییە بەهێزەكانیش چوونەتە ناو حكوومەت و بەرپرسیارێتی یەكەمی داودەزگایان وەرگرتووە، ئیتر كاتی ئەوەیە "هەوڵ دەدەین" بۆ گۆڕین بۆ "ئەنجاممان دا"، ئاخر خۆ ئیرادە و دڵسۆزی هەبێت، مەحاڵ نییە لە كاركردندا و هەر كارێكیش لە بەرژەوەندی گشتیی بێت، زۆرینە لە پشتیەوە دەوەستن.

كێشەی كوردستان ئەوەبوو هەر خەمخۆرێك سكاڵا یاخۆ بیرۆكەیەكی باشتری هەبوو بۆ رێكخستنی كارێك، هەوڵ دەدات بیگەیەنێت بە بەڕێوەبەری گشتیی ئەو بوارە یان بەرزترین دەسەڵات كە وەزیرە، كەچی كاتێك دەكەوتیتە گفتوگۆ، وەزیرەكە لە هاووڵاتییەكە سكاڵای زۆرترە، ئەی باشە كێ چاكی بكات و كێ بڕیار بدات؟ خۆ تۆ كە بەرپرسیارێتیت هەیە یاسا بۆی دیاریكردووی و كاری خۆت بكە، ئەگەر رێت نادەن كار بكەی، پیاوبە و دەست لەكار بكێشەوە و هۆكارەكە روون بكەوە كە تۆ مەیلی چاكسازیت هەبووە بەم بەڵگانە، بەڵام رێگریت لێ كراوە، ئەوكات بەرپرسیار نابیت لەو فەوزایەی گەورە و بچووك دەڵێن "گەندەڵی لە داعش مەترسیدارتر"، فەرموون با ئەم مەترسییە لەناو بدەین.