ده‌مێكه یه‌قینم هه‌یه كه ئه‌و بنیاته ئیدارییه‌ی نێوان یه‌كێتی و پارتی له حكوومه‌تدا په‌ڕه‌یه‌كی زۆر ته‌نكه و ناتوانێ تا سه‌ر به‌رده‌وام بێت، چونكه هه‌موو پرۆسه‌كه له‌سه‌ر نازهه‌ڵگرتن و موجامه‌له‌ی لایه‌ك بۆ لایه‌كه‌ی تر به‌ڕێوه ده‌چوو، نه‌ك رۆڵبینین و شاندانه به‌ر به‌رپرسیارێتی، بۆیه ساتێكی گرنگ بوو كه حكوومه‌ت له زاری كه‌سی یه‌كه‌م و سه‌رۆكه‌كه‌یه‌وه، كێشه‌كانی راگه‌یاند و زۆریش به باشی ده‌زانم چیتر عه‌یبی كه‌س دانه‌پۆشرێت و كێشه چییه رێك ده‌ست بخه‌نه سه‌ری، چونكه هه‌موو سوڵحێكی نهێنی و حزبی، بێگومان زیانی بۆ خه‌ڵك هه‌یه.
وڵات به موجامه‌له به‌ڕێوه ناچێت، دۆخی وه‌ك كوردستان حكوومه‌تی یه‌كده‌ست و به‌هێزی پێویسته و حزبایه‌تی و بیانووه‌كانی ئه‌شخاس ده‌ردی كوشنده‌ن بۆ حاڵی ئێمه، چونكه ئه‌گه‌ر ده‌مانه‌وێ شتێك بنیات بنێین و مێژوو دروست بكه‌ین، پێویسته هه‌ركه‌س به حه‌جم و قه‌باره‌ی خۆی به‌شدار بێت، یان كه نه‌یویست رۆڵ ببینێ له بنیاتناندا، با له ده‌ره‌وه‌ی بێت، ناكرێت و نه‌بووه بته‌وێ ئه‌وه‌ی هه‌یه بنكۆڵ و كاولی بكه‌یت و وه‌ك ده‌سكه‌وتیش لێت قبووڵ بكرێ و بخه‌یته به‌ره‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌له‌وه، نه‌خێر ئه‌و باوكه مرد و خه‌ڵك ئێسته له ئاماژه‌ی پشت برۆ و زمانبادانیش تێده‌گات، نه‌ك ئه‌وه‌ی سه‌تان ملیار لووش بده‌ی و بڵێی به‌ڕێوه‌به‌ری بانك خه‌رجی كردووه.
ئێمه ناتوانین نكۆڵی ئه‌وه بكه‌ین كه شوێنه‌واری شه‌ڕی ناوخۆ ده‌ردێكی كوشنده‌یه و ماوه‌ته‌وه، به‌ڵام ناشكرێ تا ساڵی حه‌ی ئاوا دانیشین و به سیستمی په‌نجا به په‌نجا بژین، ئه‌وه هیچ نییه جگه له خنكاندنی هیوا و خه‌ساندنی ململانێ و كوشتنی حه‌ماسی خه‌ڵك بۆ به‌شداری سیاسی، بۆیه له دوا هه‌ڵبژاردندا بۆ په‌رله‌مانی عێراق، بینیمان ئاستی به‌شداری چه‌ند كه‌م بووه‌ته‌وه، ئه‌وه یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌وه‌یه كه خه‌ڵك ده‌یه‌وێت یه‌ك هێزی سه‌ره‌كی حوكمڕانی بكات و ئه‌گه‌ر باش نه‌بوو، له داهاتوو باجه‌كه‌ی پێ بدات و به‌رپرسیار دیار بێ.
خۆ ناكرێت تۆ هه‌م حكوومه‌ت بی و هه‌م دژ بی، هه‌م بكوژ بی و هه‌م رفێنه‌ر بی، بشته‌وێ به رهونهقهوه ده‌ركه‌وی و حكوومه‌تیش مهجامهلهت بكات، نه‌خێر ده‌بێ رێك وه‌ك خۆت بتخه‌نه به‌رده‌م ئاوێنه و بڵێن تۆ ئه‌مه‌ی و ئیتر ناشارێیتهوه.
شه‌ش ساڵی ته‌واوه به‌گوێره‌ی ئیشوكاری رۆژانه‌م ئاگام له هه‌موو هه‌واڵێكه، به‌راستی هه‌ستم نه‌كردووه یه‌كێتی به‌شێك بێت له حكوومه‌ت، ته‌نانه‌ت ئۆپۆزسیۆنێكی راستگۆش نه‌بووه، بگره به ئامانجی خستن و شكاندن و وێرانكردنی هه‌موو شتێكی كوردستان ئیش ده‌كه‌ن، ئه‌مه جاران بۆیان ده‌چووه سه‌ر، چونكه پارتی هه‌موو عه‌یبه‌كانی داده‌پۆشی و ده‌یگوت با كێشه دروست نه‌بێ، یان سوڵحێكی نهێنی ده‌كرا و خه‌ڵك باجه‌كه‌ی ده‌دا، یاخۆ له شه‌قام خه‌ڵك به كوشتن ده‌درا به‌ناوی گه‌نده‌ڵییه‌وه و دواتر به تیكه‌یه‌كی گه‌وره‌تری گه‌نده‌ڵی، له ژووره داخراوه‌كاندا پێك ده‌هاتن و هیچ نه‌ده‌ما، به‌ڵام ئیتر وا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م پێكه‌وه‌بوونه فشۆڵه له تهحهمولدا نه‌ما و یارییه‌كه زۆر ناشیرین و ئاسته‌كه‌ی زۆر نزم بووه‌وه.
بۆیه ده‌بوو راستییه‌كان یه‌كلا ببنه‌وه و خه‌ڵك بزانن ئه‌م دڕدۆنگییه چییه هه‌موو سێ مانگ جارێك به به‌رنامه یه‌خه‌ی حكوومه‌ت ده‌گرێت، نه‌ك له پێناو خه‌ڵكیش، به‌ڵكو له پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی شه‌خسی دوو برا و دهستودایهرهكانیان، به‌ڵام چیتر ئه‌و گاڵته‌جاڕییه ناچێته سه‌ر و مه‌سروور بارزانی ئه‌و پیاوه نییه به‌سه‌ریدا باز بده‌یت و بشته‌وێ له پشته‌وه خه‌نجه‌ری لێ بده‌ی، نا ئه‌و قۆناغه نه‌ما و ئه‌گه‌ر یه‌كجار چاوپۆشیت لێ بكات له فاوڵێكی بچو‌وكدا، ئه‌وه دڵنیابه له پێناو كوردستانه، به‌ڵام كه بوو به جاری دووه‌م، رێك ئاوێنه‌كه ده‌داته ده‌سته‌وه و ده‌ڵێ تۆ ئه‌مه‌یت و لێت تێكنه‌چێ قاچت درێژتر بكه‌ی.
به‌دڵنیایی ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌كی ته‌ندروست و گرنگه له حوكمڕانی كوردستاندا
به‌دڵنیایی ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌كی ته‌ندروست و گرنگه له حوكمڕانی كوردستاندا، پێویسته هه‌ركه‌س قه‌باره و ئاستی خۆی بزانێت و رۆڵیشی دیاربێ، ئاخۆ چی ده‌كات له‌م نیشتمانه‌دا؟
ئه‌گه‌ر بڕیاره هه‌ر به موجامه‌له و تڕه‌كه‌ڵه‌ك به‌ڕێوه بچێت، به‌خوا ناچێت و داهاتوو زۆر خراپ ده‌بێ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئاوا خاڵه‌كان له شوێنی خۆیان دانران، ده‌كرێ له‌مه‌ودوا به‌ڕاستی بیر بكه‌ینه‌وه داوده‌زگا دروست بێت و هه‌ركه‌س و لایه‌نێك به‌پێی كاریگه‌رییان، هه‌وڵی جوانكردنی ئه‌زموونه‌كه بده‌ن، خۆ ئه‌گه‌ر ناشیانه‌وێ جوانی بكه‌ن، ئه‌وه با روون بن و ئه‌وه‌نده ساڵی تر یاری به‌هه‌ستی خه‌ڵك نه‌كه‌ن و بچنه ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌ت و وه‌زیفه‌كه‌یان دیار بێ له‌لای میله‌ت.
باشه تۆ له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت نیت، له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنیش نیت، له‌گه‌ڵ رێكخستنه‌وه‌ی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنیش نیت، داهات ناده‌یت و ئه‌وه‌یشی هه‌یه ده‌یبه‌ی بۆ خۆت، پاره‌ی بانكت نه‌هێشتووه، نایه‌ڵی پڕۆژه بكرێ، ئه‌فسه‌ری ئاسایش تیرۆر ده‌كه‌ی، ده‌یان جووڵه‌ی گوماناوی بۆ لای نه‌یارانی كوردستان ده‌كه‌ی، ئاخر ئه‌مه له كوێی ئه‌ته‌كێت و حوكمڕانیدا جێی ده‌بێته‌وه؟ ئێسته ئێمه ده‌مانه‌وێ بزانین تۆ چیت له كوردستاندا و ئامانجه‌كانت چین؟ فه‌رموو خۆت پێناسه‌ی بكه.