عه‌زیز ڕه‌سووڵ هه‌ورامانی
پارتی دیموكراتی كوردستان له دواین هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، توانی 45 كورسی په‌رله‌مان به‌ده‌ست بێنێت و به‌رده‌وامیی بدات به هێزی یه‌كه‌می كوردستان، هێزی دووه‌میش یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه به 24 كورسی، ئه‌و ڕێژه‌یه به ره‌چاوكردنی كورسییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان كه 12ن، جێی دڵخۆشییه كه به‌ڵگه‌ی دیموكراسییه‌كی سه‌ره‌تاییه و جیاوازی كورسیی لایه‌نه‌كان نزیكه له یه‌كه‌وه، پێچه‌وانه‌ی وڵاتی دكتاتۆری كه جیاوازییه‌كه 90%ـه له نێوان لیستی یه‌كه‌م و دووه‌م، به‌ڵام ئه‌م قۆناغه‌ی كوردستان پێیدا گوزه‌ر ده‌كات هه‌ستیاره و به‌رپرسیارێتی گه‌وره و هاوكات چاوه‌ڕوانی زۆر له پارتی دموكراتی كوردستان هه‌یه هه‌موو شتێكی ئه‌م وڵاته رێك بخاته‌وه، بۆیه ئه‌م چوار ساڵه به‌هاری حوكمڕانی پارتییه و به سه‌ركه‌وتنی داهاتووی دوور بۆ خۆی مسۆگه‌ر ده‌كات و به پێچه‌وانه‌یشه‌وه هیچ ئومێدێك له كوردستان نامێنێ.
به‌هاری حوكمڕانی پارتی
ته‌واوی ئه‌و حزبانه‌ی له هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنی 12-5-2018 ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و 31-9-2018 په‌رله‌مانی كوردستان به‌شدار بوون، ئاویان گه‌رم كردبوو بۆ شووشتنی ته‌رمی سیاسیی پارتی و پرۆسه‌كه‌یان به كۆتایی ته‌مه‌نی پارتی ده‌زانی و ده‌یانگوت ڕیفراندۆم سه‌ری پارتی خوارد، به‌ڵام ده‌رئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی هه‌ردوو په‌رله‌مان شۆكی كردن و پارتی نه‌ك له كوردستان، له‌سه‌ر ئاستی عێراقیش حزبی یه‌كه‌م بوو.
حزبه‌یلی كورتبین ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕێیان ده‌كرد بۆ پارتی، به‌رۆكی خۆیانی گرت و زۆرینه‌ی ده‌نگده‌ر متمانه‌ی خۆیان به پارتی دا، به‌پێچه‌وانه‌ی تێگه‌یشتنی سه‌ركردایه‌تیی حزبه‌كان، ده‌نگده‌ری خۆیان ئه‌وه‌نده نیگه‌ران بوون له هه‌ڵوێسته‌كانی رابردوویان، ته‌نانه‌ت ئاماده نه‌بوون چه‌ند خوله‌كێك كاتی خۆیان بده‌ن به‌و پرۆسه چاره‌نووسسازه بۆ حزبه‌كانیان و بڕۆن ده‌نگ بده‌ن، به‌ڵام وه‌ك بینیمان ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن و حوكمڕانی كوردستان پێچه‌وانه‌ی بیركردنه‌وه‌ی حزبی و میدیایی بوو له كوردستان.
پارتی له حوكمڕانی نوێی كوردستان له به‌هاری خۆیدایه، وه‌ك چۆن زستان هاووڵاتیی كورد به تامه‌زرۆییه‌وه چاوه‌ڕێی یه‌كه‌م پڕیشكی ئاگری نه‌ورۆز ده‌كه‌ن و به‌كۆمه‌ڵ ده‌ڕۆنه گه‌شت و سه‌یران، ئاوا خه‌ڵكی كوردستان به گشتیی چاویان له‌م خولی حوكمڕانییه‌یه به سه‌رۆكایه‌تیی مه‌سروور بارزانی. چاوه‌ڕوانییه‌كان لای پارتی و ناپارتی، بۆ خۆشگوزه‌رانی و سیستمێكی ئیداری تۆكمه و داخستنی بۆشاییه‌كانی گه‌نده‌ڵی و به‌رتیله. ئه‌مه كۆتا به‌و ناخۆشیی و كوله‌مه‌رگییه دێنێت كه پێنچ ساڵی ڕابردوو به‌هۆی شه‌ڕی تیرۆرستانی داعش و بڕینی بوجه‌ی كوردستان له به‌غدا و كێشه سیاسییه ناوخۆییه‌كان، وایكرد ڕۆژه تاڵ و ڕه‌شه‌كان به‌ڕێ بكه‌ین، به‌ڵام خۆڕاگر بووین و نه‌مانهێشت حكوومه‌ت و وڵاته‌كه‌مان بكه‌وێ، بۆیه ده‌بێت هه‌وڵ بدرێ ئه‌و چاكه‌یه‌ی هاووڵاتییان بدرێته‌وه.
هێزه ڕكابه‌ره‌كانی پارتی له دوای شۆكی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن، هه‌ستان به ڕێگرتن له پێكهێنانی حكوومه‌ت له كاتی خۆیدا و نزیكه‌ی 10 مانگ كاتی ویست تا توانرا حكوومه‌ت پێك بهێنرێت، ئامانجیش ئه‌وه‌بوو به هاووڵاتییان بڵێن ئه‌و چاوه‌ڕوانییه‌ی له پارتی هه‌تانه ناتوانێ بێ ئێمه به‌دی بێنێت.
ئه‌وه‌ی ئێسته له ته‌مه‌نی كه‌میی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دوو كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و ده‌ركردنی چه‌ندان بڕیار تایبه‌ت به دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت له فه‌رمانگه‌یه‌كه‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، هاووڵاتییان به‌گشتی دڵخۆشن پێی، بۆیه گرنگه له‌سه‌ر ئه‌و رێیه بڕۆن و سارد نه‌بنه‌وه، چونكه ئه‌م پێشوازییه‌ی خه‌ڵك سه‌ره‌تایه‌كی دڵخۆشكه‌ره بۆ دروستكردنه‌وه‌ی متمانه له نێوان گه‌ل و ده‌سه‌ڵات.
حوكمڕانی ڕه‌شید
ئه‌گه‌ر ئه‌و به‌ڵێن و كارنامه‌یه‌ی هه‌یه‌تی بۆ حوكمڕانی كوردستان، پارتی و هاوكاره‌كانی جێبه‌جێی بكه‌ن، به‌هاره‌كه گه‌شاوه ده‌بێت، چونكه ده‌بێت ئه‌وه بزانن كه گه‌لێكی هۆشیار چاودێری دۆخه‌كه و ئاسته‌كانی حكوومه‌تێكی دادپه‌روه‌ر ده‌كات و ئێمه‌یش وه‌ك كورد بڕیارمان داوه دیموكراسی بین، كه‌واته خه‌ڵك بڕیار ده‌دات و هه‌ڵسه‌نگاندن بۆ كاره‌كان چوار ساڵ جارێك ده‌كات، ئه‌گه‌ر خواستی ده‌نگده‌ران جێبه‌جێ نه‌كه‌ی، ناتوانی 45 كورسیی په‌رله‌مان به‌ده‌ست بێنێته‌وه، به‌لایه‌كی تریشدا ئه‌گه‌ر له‌وه زیاترت پێ كرا، دوور نییه گه‌ل متمانه‌ت پێ بدات به ته‌نیا بتوانی حكوومه‌ت پێك بێنی.
چاكسازی
ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی سه‌رۆك وه‌زیران له‌باره‌ی چاكسازی له حكوومه‌ت داویه‌تی و هه‌نگاوه‌كانی ده‌ست پێ كردووه، به سه‌ركه‌وتوویی بیگه‌یه‌نێته كه‌ناری ئارامیی و ته‌واوی سێكته‌ره‌كانی حوكمڕانی بگرێته‌وه، به‌دوایدا هه‌نگاوی گرنگ نه‌هێشتنی ترسی بڕینی مووچه یان پاشه‌كه‌وتی مووچه و په‌سه‌ندكردنی یاسای چاكسازی و رێكخستنه‌وه‌ی فه‌وزای خانه‌نشینی و كۆتاهێنان به‌و هه‌موو مووچه‌خۆره بندیوار و پیسخۆرانه‌ی بوونه‌ته بارگرانی به‌سه‌ر بودجه‌ی وڵاته‌وه، هیچ به‌رهه‌مێكیان نییه و هه‌میشه‌ش خۆیان به سته‌ملێكراو ده‌زانن.
له چوارچێوه‌ی چاكسازی و نه‌هێشتنی ئیمتیازاتی زه‌به‌لاح بۆ پله‌تایبه‌ته‌كان، كۆتاهێنان به خانه‌نشینی ئه‌و هه‌موو په‌رله‌مانتار و وه‌زیر و بریكاری وه‌زیر و ڕاوێژكاره، به‌شێكی زۆری بودجه‌ی وڵات ده‌به‌ن و چوار ساڵ جارێك به ملیاران دینار قورسایی ده‌خه‌نه سه‌ر خه‌زێنه‌ی وڵات و دواتریش خۆیان به زیزبوو ده‌زانن و ده‌یانه‌وێ تا مردن له پۆست‌دا بن.
گرنگیدان و هاندانی كه‌رتی تایبه‌ت له‌پێناو ئه‌وه‌ی له شار و شارۆكه‌كانی تر كارگه و پڕۆژه‌ی به‌رهه‌مهێن بكه‌نه‌وه و هه‌لی كار بڕه‌خسێنن تا هه‌موو چاوه‌كان له‌سه‌ر هه‌ولێر نه‌بن و خه‌ڵك بتوانێ له شوێنی خۆی كاری ده‌ست بكه‌وێت و به‌و هۆیه‌وه شارۆكه‌كانیش زۆر گه‌شه و پێشكه‌وتن به‌خۆیانه‌وه ده‌بینن، ئه‌وه جۆرێكه له پلان له دنیادا گیراوه‌ته‌به‌ر و سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه.