په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
یه‌كه‌م/ چین و عێراق، ناوه‌ند و په‌راوێز
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌چێته چین بۆ به‌شداری له كۆنگره‌ی جیهانیی پیشه‌سازی. كۆنگره‌كه له شاری (خیف)ی چین به‌ڕێوه چوو. سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پارێزگاری هه‌موو پارێزگاكانی عێراقی به هه‌رێمی كوردستانیشه‌وه جگه له پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه، له‌گه‌ڵ خۆیدا برد. وه‌زیری پلاندانان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌یش دوو یاوه‌ری سه‌ره‌كی سه‌رۆك وه‌زیران بوون.
له‌م سه‌ردانه‌دا نوكته‌یه‌ك وه‌ك چیڕۆك و نه‌ڕه‌یتڤی زاڵ به‌رهه‌م دێت، گوایه سه‌رۆكی چین به سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقی گوتووه: ژماره‌ی دانیشتووانی عێراق چه‌نده؟ سه‌رۆك وه‌زیران له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: ٣٦ ملیۆن كه‌س. دواتر سه‌رۆكی چین ده‌ڵێت ئه‌ی بۆ ئه‌وانیشت له‌گه‌ڵ خۆتدا نه‌هێناوه.
ئه‌م جۆره نوكته و گێڕانه‌وه‌یه پاشخانێكی بیركاری و كوانتیتییانه‌ی هه‌یه، چین نوێنه‌رایه‌تی حه‌شیمه‌ت/خه‌ڵك، هێزی كار و ژماره‌یه‌كی گه‌وره‌ی دانیشتووانی دنیا ده‌كات و ده‌یه‌وێت له‌ڕێی ژماره‌وه سیستمی پێوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ دنیادا دروست بكات. ئه‌م تێگه‌یشتنه زۆر سه‌ره‌تایی و سانایه بۆ ئه‌م نوكته یان نه‌ڕه‌یتڤه‌ی كه بۆ رووداو و سه‌ردانه‌كه به‌رهه‌م هێنراوه.
ئێمه لێره‌وه پێویستیمان به‌وه ده‌بێت سه‌رێك له ئه‌ده‌بیاتی (ناوه‌ند و په‌راوێز) بده‌ین بۆ تێگه‌یشتنی زیاتر له دووانه‌ی عێراق و چین. تیۆره‌كانی مۆدێرنیزه‌یشنی ئابووری و تیۆری وابه‌سته‌یی و نیو ماركسیسته‌كان زیاتر كۆمه‌كمان ده‌كات له تێگه‌یشتن له دوو هێز، دوو ده‌وڵه‌ت یان دوو ده‌سته‌بژێری سیاسی كه یه‌كێكیان له ناوه‌نده‌وه ده‌ژیی و ده‌جووڵێت و ئه‌ویتریشیان له په‌راوێز.
دیاره تێكه‌ڵكردنی چین به ئه‌ده‌بیات و ئابووری ناوه‌نده‌وه مشتومڕهه‌ڵگر و جێی رامانه، ئاڵۆز و فره‌ڕه‌هه‌نده، عێراق له په‌راوێزه. كرێخۆر و نادیموكراسییه. له قۆناغی دوای جه‌نگ و دوای ململانێدایه. سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق داوا له چین ده‌كات به‌شداربن له نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی عێراقی دوای ململانێ و دوای وێرانبوون.
دووه‌م/ تیۆری مۆدێرنیزه‌یشن و تیۆری وابه‌سته‌یی
له ئه‌ده‌بیاتی پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و تیۆره‌كانی تایبه‌ت به گه‌شه‌سه‌ندن، دوو قوتابخانه و دوو لێكدانه‌وه و تێگه‌یشتنی تایبه‌ت هه‌ن بۆ پێوه‌ندی نێوان ناوه‌ند و په‌راوێز. دیاره قوتابخانه‌ی مۆدێرنیزه‌یشن یان نوێبوونه‌وه، لێكدانه‌وه‌یه‌كه زیاتر به زمانی خۆرئاوا و ئه‌مه‌ریكاوه قسه ده‌كات. ئه‌م تێڕوانینه بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه دنیا و ئه‌كته‌ره‌كانی ده‌كرێت له‌ڕێی به‌رنامه‌ی جۆراوجۆری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان یان ده‌زگه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی تر گه‌شه و گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووری تێدا بكرێت.
مۆدێرنیزه‌یشن زیاتر پرۆسه‌یه‌كه دنیا به‌سه‌ر دووانه‌ی (ناوه‌ند و په‌راوێز) دابه‌ش ناكات و شرۆڤه ناكات. به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه كار ده‌كات، دنیا وه‌ك خاڵێكی یونیڤێرساڵ ده‌بینێت كه یه‌كه‌یه‌كی ئابووری چوونیه‌كه و ده‌بێت به یه‌ك ئاست گه‌شه‌ی پێ بدرێت و به‌ره‌وپێش ببرێت.
به‌ڵام ماركسیسته نوێیه‌كان پێچه‌وانه‌ی ئه‌م سیستمه قسه ده‌كه‌ن. ئه‌وان له‌ڕێی تیۆری وابه‌سته‌ییه‌وه دنیا و كێشه ئابوورییه‌كانی لێك ده‌ده‌نه‌وه و ده‌ناسێنن. بۆ ئه‌وه ماركسیسته نوێیه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ نه‌ڕه‌یتڤی چین یان كوبا.
چین چۆن له دوای شۆڕشه كولتوورییه‌كه‌یه‌وه گه‌شه به چوارچێوه ئابوورییه‌كه‌ی خۆی ده‌دات و چۆن ده‌بێت به‌هێزێك به‌بێ گه‌ڕانه‌وه و به‌سه‌رچاوه‌كردن/مه‌رجه‌عكردن یان تێپه‌ڕاندنی قۆناغی پیشه‌سازی و بۆرژوا ده‌بێت به هێزێكی سۆسیالیستی كاریگه‌ر؟.
دیاره خاڵی جیاواز و بنه‌ڕه‌تی نێوان ماركسیسته كلاسیك و نوێیه‌كان جیۆگرافیای "ناوه‌ند و په‌راوێزه" و ماركسیسته كلاسیكه‌كان له جیۆگرافیای ناوه‌ند و وڵاتانی خۆرئاواوه دنیا ده‌بینن و دیارده‌كانی دنیا لێكده‌ده‌نه‌وه. پێچه‌وانه‌ی ماركسیسته نوێیه‌كان كه له روانگه‌ی په‌راوێزه‌وه له دنیا ده‌ڕوانن، له ئیمپریالیزم و هێزی داگیركه‌ر ده‌ڕوانن، به سه‌رچاوه‌ی خراپه‌كاری و تێكشكاندنه‌كانی جیهانی سێیه‌می داده‌نێن.
با بگه‌ڕێینه‌وه بۆ دووانه‌ی عێراق و چین. ئه‌مڕۆ چین خۆی وه‌ك ناوه‌ند ده‌رده‌خات، عێراقیش وه‌ك په‌راوێز و ده‌وڵه‌تێكی داوه‌شاو. ئه‌م جۆره له پێوه‌ندی دوانه‌ی ناوه‌ند و په‌راوێز زیندوو ده‌كاته‌وه و چه‌ق و ناسنامه‌ی هه‌ر یه‌كێكیان دیاری ده‌كات. عێراق وڵاتێكی كرێخۆر و خاوه‌ن نه‌وته، ناتوانێ گه‌شه به ئابووری و سیستمه ئابوورییه‌كه‌ی بدات و ناتوانێ دیموكراسی بێت و ببیت به خاوه‌ن بازاڕی سه‌ربه‌خۆ و ئۆتۆنۆم.
چین پێویستی به نه‌وت و سه‌رچاوه‌یه تا كارخانه‌كانی به‌رده‌وام بن، پێویستی به بازاڕ و ناوه‌ندێكه بۆ كاڵا و به‌رهه‌مه‌كانی. چین ده‌یه‌وێت عێراق بكات به بازاڕێكی گه‌وره بۆ خۆی، به‌تایبه‌ت له ئاستی ژێرخان و بنیاتنانه‌وه و ئاودانكردنه‌وه. بۆیه پێوه‌ندییه‌كه ده‌بێت به پێوه‌ندیی نێوان ناوه‌ند و په‌راوێزێكی قووڵ.
سێیه‌م/ رێی ئاوریشم و چین
رێی ئاوریشم پڕۆژه‌یه‌كی بازرگانی دێرینی وڵاتی چینه. له بنه‌ڕه‌تدا پڕۆژه‌كه پێی ده‌گوترێت پڕۆژه‌ی "یه‌ك پشتێن یه‌ك ڕێ" له دێرزه‌مانه‌وه ئه‌و رێیه به كۆمه‌ڵه رێگه و ڕێیه‌ك ده‌گوترا كه به‌یه‌كه‌وه به‌سترابوونه‌وه و به‌یه‌كه‌وه گرێ درابوون، كه‌شتییه بازرگانی و قافڵه و قه‌تارچییه‌كانی پێدا تێپه‌ڕ ده‌بوو. درێژی رێیه‌كه 10 هه‌زار كیلۆمه‌تر بوو.
به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ئه‌و رێیه هه‌ردوو جیۆگرافیای ئه‌وروپا و چینی به‌یه‌ك ده‌گه‌یاند و ده‌به‌سته‌وه. ئه‌م رێیه ژێرخانێكی گه‌وره‌ی كولتووری بنیات نا له نێوان نه‌ته‌وه و كولتووره جیاوازه‌كانی میسڕ و هیند و رۆمانی و ئه‌وروپی و چینی.
ئه‌مڕۆ چین ده‌یه‌ویت ئه‌و رێ و پڕۆژه‌یه دیزاین بكاته‌وه. دووباره بیخاته‌وه سه‌ركار و ئامانجه سیاسی و كولتووریی و ئابوورییه‌كانی خۆی پێ نوێ بكاته‌وه. پڕۆژه‌كه ٦٠ وڵات له‌خۆ ده‌گرێت و له‌ڕووی جیۆگرافییه‌وه به عێراقیشدا تێپه‌ڕ ده‌بێت.
ره‌نگه قه‌باره‌ی وه‌به‌رهێنانی له نێوان چوار بۆ هه‌شت تریلۆن دۆلار بێت. عێراق لێره‌وه دووباره وه‌ك ئه‌كته‌رێكی كه‌نار یان په‌راوێز مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت. پێ ده‌چێت چین له‌ڕێی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌وه چوارچێوه و گۆشه جیاوازه‌كانی كولتووری چینی، فراوان بكات. چین ببێت به ناوه‌ند و ئه‌وانی تریش كه‌نار.