(١)
پارتی ئاینده؛ دووركه‌وتنه‌وه له جه‌سته‌ی ئاكه‌په
له سه‌ره‌تای مانگی دیسێمبه‌ردا، ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه و سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی توركیا و دامه‌زرێنه‌ری پارتی داد و گه‌شه‌پێدان، پارتێكی نوێ و هێزێكی سیاسی نوێ له‌ژێر ناوی گهلهجهك (ئاینده) داده‌مه‌زرێنێت و وه‌ك مۆدێڵێكی تازه خۆی مانیفێستۆ ده‌كات.
ئاڕگیۆمێنتی سه‌ره‌كی ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵو ئه‌وه‌یه كه سیستمی سیاسی له توركیا له‌جێی خۆیدا نییه و ناتوانێ نوێنه‌رایه‌تی ره‌هه‌نده كۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی و ئابوورییه‌كه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی توركی بكات. نایه‌كسانی و نادادی و بێكاری ئاماده‌ییه‌كی زۆری هه‌یه و ئه‌وان ده‌توانن ئه‌م دۆخه باش بكه‌ن و دنیایه‌كی تازه و سه‌رده‌مێكی تازه دابڕێژن و بهێننه كایه‌وه. دیاره ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵو هاوڕێی نزیكی ئه‌ردۆغان بووه و رێیه‌كی زۆری سیاسی‌یان به‌یه‌كه‌وه بڕیوه و به‌یه‌ك خه‌ون و ئه‌ندێشه‌وه هه‌نگاویان ناوه له رابردوودا. ئه‌مڕۆ وه‌ك دوو ركابه‌ری سیاسی و دوو نه‌یار مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ یه‌كتردا ده‌كه‌ن و ده‌رده‌كه‌ون. ئه‌ردۆغان كاتێك ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵو له پارته سیاسییه‌كه‌ی دوور ده‌خاته‌وه تا خه‌ون و به‌رنامه و بیرۆكه‌كانی باشتر جێبه‌جێ بكات. دیاره ئه‌ردۆغان گرووپێك له‌ناو پارته‌كه‌ی به به‌ربه‌ست، كۆنكریت و كێشه‌ی گه‌وره ده‌زانێت و هه‌رزوو دووریان ده‌خاته‌وه، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ به سه‌رۆكایه‌تیكردنی سیستمی سیاسیی توركیا نه‌بوون و ره‌خنه‌یان له ئه‌ردۆغان ده‌گرت به‌وه‌ی كه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و بنه‌مای حوكمڕانی ده‌گۆڕێت بۆ تۆتالیتاریزم و خۆی له سه‌رووی هه‌ڕه‌م و لووتكه‌ی ده‌سه‌ڵات داده‌نیشێت، ده‌رگه و ده‌رفه‌ت بۆ هیچ كه‌س و گرووپ و بكه‌رێكی تری ناو پارته‌كه ناكاته‌وه. ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵو له زۆرینه‌ی دۆخه‌كاندا خۆی وه‌ك په‌راوێز و ئه‌كته‌ری سیاسیی پله دوو و بێ كاریگه‌ر له‌ناو پارتی داد و گه‌شه‌پێدان و ناوه‌ندی بڕیار ده‌بینی. ئه‌م دۆخه بۆ ناو حكوومه‌تیش راست بوو، چ وه‌ك وه‌زیری ده‌ره‌وه و چ وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران.
(٢)
سیستمی سه‌رۆكایه‌تی و كۆمه‌ڵگه‌ی توركی
یه‌كێك له خاڵه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ململانێ و جودابوونه‌وه و له‌یه‌كتر دووركه‌وتنه‌وه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵو و عه‌لی باباجان و عه‌بدوڵا گویل پرسی به‌ڕێوه‌بردنی توركیا، سیستمی حوكمڕانی توركیا و مۆدێلی سیستمی سیاسی ده‌وڵه‌تی توركیایه. ئه‌ردۆغان پیداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرد كه سیستمی سیاسی له توركیا ده‌بێ سه‌رۆكایه‌تی بێت! سه‌رۆكایه‌تی به‌و مانایه‌ی كه سه‌رۆك كۆمار كه‌ناڵێكی به‌هێزی بڕیاردان و بڕیارسازی و داڕشتنی ستراتیجی ده‌وڵه‌تی توركیا بێت؛ یان هه‌ڕه‌مێك هه‌بێت سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت له لووتكه و ترۆپك بێت و هه‌موو بڕیار، چیڕۆك و پڕۆژه‌كان لای خۆی گل بداته‌وه و یارییان پێ بكات. دیاره له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی پارتی داد و گه‌شه‌پێدان مۆدێلی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تی توركیا یان سیستمی سیاسی په‌رله‌مانی بووه. سه‌رۆك وه‌زیران خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات و بڕیار و خه‌یاڵی سیاسی بووه. سه‌رۆك كۆمار سیمبۆلی و بێ ده‌سه‌ڵات بووه. ئه‌م دۆخه بریتییه له دوانه‌یی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن كه دوو كه‌ناڵ به‌یه‌كه‌وه گرێ ده‌دات، هه‌م سه‌رۆك وه‌زیران و هه‌میش سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت، به‌ڵام سه‌رۆك وه‌زیران خاوه‌ن زۆرینه‌ی جووڵه و بڕیاری ناو كه‌ناڵه‌كه‌یه كه كابینه‌ی حكوومه‌ت و وه‌زیره‌كان له‌خۆ ده‌گرێت. له‌دوای گۆڕینی سیستمی سیاسی له په‌رله‌مانییه‌وه بۆ سه‌رۆكایه‌تی، ئه‌م پرۆسه‌یه شتێكی تره. ئه‌ردۆغان دوانه‌یی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی هه‌ڵوه‌شانده‌وه و سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تی كرد به جه‌مسه‌ری سه‌ره‌كی له دروستكردنی بڕیار و ناسنامه و روانینی ده‌وڵه‌ته‌كه بۆ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی خۆی! ئه‌م شێوه بیركردنه‌وه و گۆڕینی سیستمه له‌لایه‌ن ئه‌ردۆغانه‌وه فۆڕمێك بوو له كوده‌تا به‌سه‌ر هاوڕێ و هه‌ڤاڵ و هاوڕێیه‌كانی دوێنێی! جۆرێك بوو له په‌راوێزخستن و فه‌رامۆشكردن و دوورخستنه‌وه له ناوه‌ندی بڕیار و به‌ڕێوه‌بردن. دۆخێك بوو هه‌موو ئه‌و هاوڕێیانه‌ی بێ ئومێد كرد كه وه‌ك ئه‌ردۆغان بیریان نه‌ده‌كرده‌وه و خه‌می سیاسیی تریان هه‌بوو بۆ سیاسه‌ت و حوكمڕانی له توركیادا.
(٣)
دوانه‌ی عه‌لی باباجان و ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵو
یه‌كێك له‌و بیركردنه‌وه و سیناریۆیانه‌ی كه زاڵه له ئه‌گه‌ری كه‌وتن و پووكانه‌وه‌ی ئه‌ردۆغاندا، سیناریۆی سه‌ركه‌وتنی هه‌ریه‌ك له عه‌لی باباجان و ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵووه. ئه‌م ئاڕگیۆمێنته پێی وایه كه ئه‌م دوو ئه‌كته‌ره له‌ڕێی پارته سیاسییه تازهكانیانهوه ده‌نگ ده‌هێنن و زاڵ ده‌بن به‌سه‌ر ئه‌ردۆغاندا. زاڵبوون به مانای ئه‌وه‌ی ئه‌م دوو هێزه ده‌ست به‌سه‌ر كه‌ناڵی بڕیاردان له ده‌وڵه‌تی توركیادا ده‌گرن؛ سیستمی سیاسی به‌ره‌و په‌رله‌مانی ده‌به‌نه‌وه، ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن ده‌كه‌نه‌وه به دوو كه‌ناڵ و جه‌مسه‌ر. سه‌رۆك وه‌زیران بۆ ئه‌حمه‌د داود ئۆغڵو و سه‌رۆك كۆماریش بۆ عه‌لی باباجان. وه‌ك چۆن له دوای كوده‌تا سپییه‌كه‌ی ساڵی ١٩٩٧ه‌وه فه‌تحوڵا گویله‌ن و ئه‌ردۆغان به هاوبه‌شی ده‌ستیان به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و جومگه‌كانی حوكمڕانی له توركیادا ده‌گرت! گویله‌نییه‌كان سیستمی دادوه‌ری و پۆلیس و دامه‌زراوه‌ی سه‌ربازییان بۆ خۆیان برد و ئه‌ردۆغان و شوێنكه‌وته‌كانی كایه‌ی دیپلۆماسی و كه‌رتی بازرگانی و وزه و كه‌رته‌كانی تر. به‌گشتی ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت و هه‌ستی پێ ده‌كرێت، دروستبوونی بلۆكێكی سیاسییه له به‌رانبه‌ر ئه‌ردۆغان و دوورخستنه‌وه‌ی له ده‌سه‌ڵات و رووداوه‌كاندا. پێ ده‌چێت له‌سه‌ر ئاستی یه‌كێتی ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا و به‌شێك له وڵاتانی ده‌وروبه‌ر، ویستێك و خولیایه‌ك و به‌رنامه‌یه‌كی سیاسی هه‌بێت بۆ بچووككردنه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان و رزگاركردنی كۆمه‌ڵگه‌ی توركی له وه‌ڕسبوون و بێزاربوونی سیاسی و ئابووری.