به‌شی دووه‌م:
هه‌ڵه‌بجه وه‌ك جینۆساید و نه‌رمه‌هێز و یاده‌وه‌رییه‌كی خه‌مناك
جینۆساید یان كۆمه‌ڵكوژی، یه‌كێكه له یاده‌وه‌رییه خه‌مناكه‌كانی مێژووی مرۆڤایه‌تی. راستییه‌كه‌ی كۆمه‌ڵكوژی ئامرازێكی ره‌قه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه بۆ بچووككردنه‌وه‌ی ئه‌وانی تر، كه‌مكردنه‌وه‌ی گرووپی به‌رانبه‌ر، نه‌ته‌وه‌ی به‌رانبه‌ر، بێ به‌هاكردنی ناسنامه‌ی به‌رانبه‌ر و دابڕاندن و جیاكردنه‌وه‌ی تاك له ره‌گوڕیشه و ناسنامه‌كه‌ی. ده‌كرێت پرۆسه‌كه وا وێنا بكه‌ین كه جینۆساید پچڕاندنی رایه‌ڵه‌ی نێوان تاك و ناسنامه‌كه‌یه‌تی.
دیاره به‌درێژایی مێژوویی سه‌ده‌ی بیسته‌م، كورد له‌ژێر فشاری كۆمه‌ڵكوژی، ره‌شه‌كوژی و بچووككردنه‌وه‌دا بووه. ئه‌م دۆخه له هه‌موو پارچه‌كانی كوردستاندا ئاماده بووه. له باشووری كوردستان له 16ی ئاداری ساڵی ١٩٨٨ هه‌ڵه‌بجه كیمیاباران ده‌كرێت، گازی قه‌ده‌غه‌كراو و نایاسایی به‌كار ده‌هێنرێت و سه‌ره‌نجام پێنج هه‌زار كه‌س له‌ناو ده‌برێن، چه‌ندانی تریش بریندار و بێ سه‌روشوێن ده‌كرێن.
له‌م چركه‌ساته‌دا پرسی تواندنه‌وه‌ی كورد ده‌گاته لووتكه. كیمیابارانكردنی كورد له هه‌ڵه‌بجه له‌ڕێی چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ی مۆدێرنه‌وه له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتێكی تۆتالیتاره‌وه، ده‌بێت به یه‌كێك له خه‌مناكترین یاده‌وه‌ری و چركه‌ساته‌كانی مێژووی هاوچه‌رخی ئێمه.
به‌شێك له هێزی نه‌رمی نه‌ته‌وه و وڵاتانی تر، گواستنه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه تراجیدیی و چركه‌ساته خه‌مبار و كرده‌ی كۆمه‌ڵكوژییه‌یه بۆ هێزی نه‌رم و گۆڕینی بۆ فۆڕمێكی ته‌واو كاریگه‌ر له هێزی نه‌رم بۆ سه‌رنجڕاكێشانی خه‌ڵكانی تری نه‌ته‌وه و وڵاتانی تر و هاوسۆزكردن و راكێشانیان له‌گه‌ڵ پرسه‌كه‌دا.
هه‌م ئه‌رمه‌نه‌كان له‌ڕێی جینۆسایدی ئه‌رمه‌نه‌وه، هه‌م جوو له‌ڕێی هۆلۆكۆسته‌وه و هه‌میش یۆنان له‌ڕێی جینۆسایدی یۆنانییه‌كانه‌وه، به‌ته‌واوی وێنه‌یه‌كی خه‌مبار و پڕ له تراجیدییان دروست كردووه و سه‌رنج و هه‌ست و سۆزی وڵاتانی دنیا و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییان به‌لای خۆیاندا راكێشاوه.
جینۆساید و كۆمه‌ڵكوژی هه‌ڵه‌بجه بۆ ئێمه ده‌كرێت ببێت به سه‌ره‌كیترین سه‌رچاوه‌ی هێزی نه‌رم. ئه‌م رووداوه ده‌كرێ بێته گۆڕین بۆ وێنه‌یه‌كی ته‌واو له هێزی نه‌رم وه‌ك فۆڕمێكی هه‌ره كاریگه‌ری هێز له دنیادا.
له‌ڕێی سینه‌ما، شانۆ، ره‌وه‌ندی كورد له ده‌ره‌وه و تاراوگه، كۆنفڕانس و رووداوه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، ئه‌ده‌بیات و ژانره‌كانی تری ئه‌ده‌ب، ده‌كرێ هه‌موو به‌شداربن له پێشاندان و گه‌یاندنی ئه‌م رووداوه تراجیدییه وه‌ك هێز. دروستكردنی كاریگه‌ری سیاسی و دیپلۆماسی له‌سه‌ر ئه‌وانی تر له‌ڕێی كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌وه. راكێشانی هه‌ست و سۆز و سیستمی پێوه‌ندی و به‌هاكانی وڵاتانی تره‌وه به‌هۆی پرسی جینۆسایدی باشووری كوردستانه‌وه.
ئه‌نفال وه‌ك فۆڕمێكی تازه‌ی مه‌رگ له‌ناو ژیانی مۆدێرنه‌دا
كرده‌ی ئه‌نفال هاوشان له‌گه‌ڵ كاره‌ساتی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌دا، ده‌كرێت بخرێته ناو چوارچێوه‌ی هێزی نه‌رمی كوردییه‌وه.
به‌عس و ده‌زگه بیرۆكراتی و مۆدێرنه‌كه‌ی، سوپا و سه‌رباز و هێزه دیسپلینكراوه‌كه‌ی وه‌ك فۆڕمێك له هێزی ره‌ق و هێزێكی تۆتالیتا‌ر پێشان بدرێت له سه‌ركوتكردن و له‌ناوبردن و چه‌وساندنه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی كه له ده‌ره‌وه‌ی فۆڕمی به‌عس و به‌عسیبوون بیر ده‌كه‌نه‌وه، له ده‌ره‌وه‌ی ناسنامه‌ی به‌عسیبوون هه‌ڵگری ناسنامه و دۆخێكی تری نه‌ته‌وه و مرۆڤبوونن.
به‌عس له‌ڕێی ئه‌نفاله‌وه 183 هه‌زار كورد بێ سه‌روشوێن و زینده‌به‌چاڵ و رووبه‌ڕووی مه‌ینه‌تی و نه‌هامه‌تی و ماڵوێرانی ده‌كاته‌وه. به هه‌زاران خه‌ڵك له شوێنی له‌دایكبوون، زێدی باوباپیران، لانكه و لانه‌ی رابردوویان ده‌گوازێته‌وه و به‌ره‌و شوێنێكیان ده‌بات دوور له خواست و ئاره‌زوو و خه‌ونه‌كانی خۆیان. هه‌زاران گوند و شوێنی نیشته‌جێبوون و ناوه‌ندی ژیانكردن له كوردانی باشوور تێكده‌دات و هه‌نده‌سه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییان تێكده‌شكێنێت، ته‌نیا به‌هۆی ناسنامه‌ی كوردبوونیانه‌وه.
هه‌موو ئه‌و كرده و رووداوانه سه‌رچاوه‌ی هێزی نه‌رمن و ده‌كرێت له‌ڕێی سینه‌ما و فیلم و چالاكییه كولتوورییه‌كان و كۆنفڕانسی ساڵانه له ناوه‌نده‌كانی نێوده‌وڵه‌تی و زانكۆ گه‌وره و كاریگه‌ره‌كانی دنیاوه بخرێنه ڕوو و بناسرێن، چڕ بكرێنه‌وه به‌تایبه‌ت له هه‌ردوو كیشوه‌ری ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا كه ره‌وه‌ندی كوردی له‌رووی ژماره‌وه له ئاستێكی باش و گونجاودان و ده‌كرێ رۆڵی كاریگه‌ر و باڵا ببینن له‌و پرۆسه‌یه‌دا.
له‌لایه‌كی تره‌وه، ده‌كرێت حكوومه‌تی هه‌رێم كار و به‌رنامه‌ی چڕ ئاماده بكات و ئه‌م سه‌رچاوانه‌ی هێزی نه‌رم به دامه‌زراوه‌یی بكات، میتۆدی بۆ دابنێت و رێكیان بخات و دواتر بازاڕسازی بۆ بكات، به‌رده‌وام وه‌ك هێزی نه‌رم به‌كاری بێنێت و بیری خه‌ڵكانی تر و دنیای بخاته‌وه تا سه‌رنجی زۆرترین خه‌ڵك، نه‌ته‌وه، ده‌وڵه‌ت و ده‌زگه و ناوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی به‌لای خۆیدا رابكێشێت و ده‌ره‌نجام بڕیاره سیاسییه‌كانیان له به‌رژه‌وه‌ندیی ئێمه‌دا بێت.
هه‌رێمی كوردستان، پانتاییه‌ك بۆ پێكه‌وه‌ژیان
هه‌رێمی كوردستان و كوردستان به‌گشتی، له دێرزه‌مانه‌وه لانكه‌ی شارستانیی و پێكه‌وه‌ژیان و لێبوورده‌یی و پێكه‌وه هه‌ڵكردن و رێزگرتن له ئه‌وانیتر بووه. مۆدێلێكی جوانی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه و قبووڵكردنی جیاوازییه ئیتنكی، نه‌ته‌وه‌یی، ئاینی و مه‌زه‌وی و بیروباوه‌ڕ و ئایدۆلۆجیا جیاوازه‌كان بووه.
كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی فره كولتوور و نه‌ته‌وه و فره پێكهاته‌یه و ئه‌و فره‌ییبوونه‌یش نه‌بووه‌ته چه‌وساندنه‌وه و پێشێلكردنی مافی كه‌مینه‌كان و ژێرده‌سته‌كردنی گرووپێك و سه‌رده‌سته‌كردن و سه‌روه‌ركردنی كورد له به‌رانبه‌ر ئه‌وانی تردا، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه هه‌موو ئه‌و گرووپانه به ئاشتی و رێزه‌وه له‌گه‌ڵ یه‌كتردا ده‌ژین و به‌شدارن له پرۆسه‌ی سیاسی و ناوه‌ندی بڕیار و پرۆسه‌ی دروستكردنی بڕیار به‌شێوه‌یه‌كی گشتی.
دیاره هه‌موو گرووپه جیاوازه‌كان له هه‌رێمی كوردستاندا ددانیان پێدا نراوه و خاوه‌ن پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و مه‌عنه‌ویی خۆیانن، هیچ كه‌س ئازادییه تاكه‌كه‌سی و بنه‌ڕه‌تییه‌كانیان پێشێل ناكات و سه‌روه‌ری ئازادییه‌كانیان نابه‌زێنێت.
پڵوڕاڵیزمی كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رێمی كوردستان نموونه‌یه‌كی جوانی پڵوڕاڵیزمی ناوچه‌كه‌یه و رێژه‌یه‌كی به‌رزیشی له ئاسایشی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رهه‌م هێناوه. بۆیه ده‌كرێ ئه‌م مۆدێله وه‌ك كه‌ره‌سته و كه‌ناڵێكی گرنگی هێزی نه‌رمی كوردی به‌كار بهێنرێت.
هێزی نه‌رم به مانای ئه‌وه‌ی چۆن كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پڵوڕاڵی بێ كێشه‌ی وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌ناسێنیت و به‌های سیاسی بۆ داده‌نێت، وه‌ك چۆن كۆمه‌ڵگه‌ی خۆرئاوا به‌رده‌وام بانگه‌شه‌ی پڵوڕاڵیزم و پێكه‌وه هه‌ڵكردن ده‌كات وه‌ك كۆڵه‌گه‌یه‌كی سه‌ره‌كی دیموكراسی له دنیادا.
ئه‌م شێوه ژیانه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا سه‌رمایه‌یه‌كی گه‌وره‌ی سیاسی و دیپلۆماسییه، ده‌كرێ زیاتر له ناوه‌نده میدیایی و دیپلۆماسییه‌كان و زانكۆ و ناوه‌نده‌كانی توێژینه‌وه و به‌رهه‌مهێنانی مه‌عریفه، كاری بۆ بكرێت و چوارچێوه‌ی هێزی نه‌رمی بۆ دابنرێت و بازاڕسازی بۆ بكرێت.
ده‌ره‌نجام:
هه‌رێمی كوردستان له ئه‌ده‌بیاتی پێوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا پێی ده‌گوترێت "ئه‌كته‌ری نا-ده‌وڵه‌تی" ئه‌م وێنایه واته هێزێك كه وه‌ك ده‌وڵه‌ت ددانی پێدا نه‌نراوه و له‌ڕووی یاساییه‌وه ده‌وڵه‌ت نییه. به‌كارهێنانی هێزی ره‌ق به‌پێی لێكدانه‌وه و تیۆری ریالیسته‌كان، زیاتر پێوه‌سته به ئه‌كته‌ره ده‌وڵه‌تییه‌كان خۆیان.
هه‌رچه‌نده مه‌رج نییه هه‌موو ده‌وڵه‌تێك توانای به‌كارهێنانی هێزی ره‌قی كلاسیكی هه‌بێت. به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت سوود له هێزی نه‌رم وه‌ربگرێت بۆ دروستكردنی هه‌ژموون و باڵایی له سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیدا، هه‌ژموون به مانای ئه‌وه‌ی چۆن وا له‌وانیتر بكه‌یت پێت سه‌رسام بن و هاوسۆزت بن.
ئه‌م فۆرمه له هێز له‌به‌ر چه‌ند خاڵێك بۆ دنیای كوردی گرنگه:
یه‌كه‌م، هه‌رێمی كوردستان وه‌ك قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ هێشتا له‌و ئاسته‌دا نییه بتوانێ هێزی ره‌ق له به‌رانبه‌ر ئه‌كته‌ره‌كانی تردا به‌كار بێنێت، به‌سه‌ریاندا زاڵ بێت و ببێت به خاوه‌ن هه‌ژموون و ستراتیج و سه‌رچاوه‌ی هێز و بڕیار.
دووه‌م، هێزی نه‌رم تێچووی كه‌متره، له‌ڕووی كاته‌وه خێراتره و قووڵایی ستراتیجیشی زیاتره.
سێیه‌م، دنیای كوردی سه‌رچاوه و كه‌ره‌سته‌ی هێزی نه‌رمی زۆره و ده‌كرێ به ئاسانی وه‌به‌رهێنانی سیاسی و دیپلۆماسی تێدا بكات، ده‌كرێت له‌و ڕێیه‌وه ببێت به خاوه‌ن ستراتیج و هه‌ژموون و باڵایی.