یه‌كه‌م/ توندوتیژی و ره‌هه‌نده‌كانی
چیڕۆكێك هه‌یه گوایه سه‌ره‌تا و یه‌كه‌م كرده و وێنه‌ی توندوتیژی، له كوژرانی هابیل له‌لایه‌ن قابیله‌وه ده‌ست پێ ده‌كات. ئه‌مه كورتترین چیڕۆكه له‌باره‌ی توندوتیژی "قابیل، هابیل ده‌كوژێت". ئه‌م سه‌ره‌تایه‌ی مرۆڤایه‌تی به توندوتیژی و زه‌بروزه‌نگ ده‌ست پێ ده‌كات. دواتر ئه‌م رووداو و چیڕۆكه به‌رده‌وامی ده‌بێت، ته‌مه‌نی خۆی درێژ ده‌كاته‌وه، فۆڕمه‌كانی خۆی ده‌گۆڕێت و رووداوی گه‌وره‌تر و زیاتر له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت.
ئه‌مڕۆ دنیا پڕه له توندوتیژی، زه‌بروزه‌نگ، توندوتیژی له‌سه‌ر بنه‌مای جێنده‌ری، توندوتیژی سێكسی، توندوتیژی خێزانی، توندوتیژی كه‌سیی و دژ به خۆت، توندوتیژی كۆمه‌ڵگه‌یی، توندوتیژی سه‌ربازی، ئابووری، سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، كارگێڕی و میدیایی و ده‌یان و سه‌تان فۆڕم و شێوه‌ی تر.
له دنیای ئێسته‌دا هیچ كۆمه‌ڵگه و گۆشه و سوچێك نییه توندوتیژی ئاماده‌یی نه‌بێت تێیدا و نه‌بینرێت. وه‌ك چه‌مك و ناو له هه‌موو شوێن و جیۆگرافیایه‌ك ئاماده‌یه، به‌ڵام رێژه‌یی و ره‌ها نییه، له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه‌وه بۆ یه‌كێكی تر فۆڕم و مانا و شێوه و ره‌هه‌نده‌كانی جیاوازن و گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت. دۆخێكی وه‌ها پڕۆسه‌كه‌ی ئاڵۆزتر كردووه له‌به‌ر دوو هۆكار: یه‌كه‌م، هه‌موو كۆمه‌ڵگه و یه‌كه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی خاوه‌ن نۆرم، یاسا و رێسای كۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونی تایبه‌ت به‌خۆیه‌تی. دووه‌م: په‌یكه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و بیركردنه‌وه‌ی تاك له كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك به‌ته‌واوی جیاوازه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌كانی تر.
ئه‌مانه وایانكردووه به‌رده‌وام زه‌بروزه‌نگ و توندوتیژی شێوه و جۆره‌كانی خۆی تازه بكاته‌وه، به‌تایبه‌ت كاتێك تاك، خێزان و كۆمه‌ڵگه رووبه‌ڕووی پرۆسه‌ی مۆدێرنه و تازه‌بوونه‌وه و ته‌كنه‌لۆجیا ده‌بنه‌وه و دواتریش رووبه‌ڕووی دیارده‌ی گۆڕانی فه‌رهه‌نگی و كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بنه‌وه. له‌و ناوه‌نده‌دا بۆشایی دروست ده‌بێت، ئه‌مه‌ش ده‌بێت به ده‌رفه‌تێك بۆ دیارده و رێژه‌ی توندوتیژی و مانا جیاوازه‌كانی.
دووه‌م/ خێزان و مۆدێرنه
كاتێك مۆدێرنه له دایك ده‌بێت و دێت، چه‌مك و په‌یكه‌ری خێزانیش مانا و شێوه و ئه‌ركه‌كه‌ی ده‌گۆڕێ. خێزان له سه‌رده‌می ئه‌مڕۆدا هه‌م ئه‌رك و هه‌میش رۆڵی ئه‌ندامه‌كانی داڕشتووه‌ته‌وه و گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه. ئه‌مڕۆ له زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگه جیاوازه‌كانی دنیادا، خێزان وه‌ك یه‌كه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی بنه‌ڕه‌تی به‌ره‌و بچووكبوونه‌وه و كه‌مبوونه‌وه رۆیشتووه. دیاره به‌شێكی سه‌ره‌كی ئه‌م دیارده‌یه پێوه‌ندی به گۆڕانی شێوه‌ی ژیان و پرسی ئابووری و شێوازه‌كانی به‌رهه‌مهێنان و ناسنامه‌ی تاك و داهات و پیشه‌ی تاكه‌وه هه‌یه. خێزان له‌مڕۆدا قه‌باره‌ی بچووكه به‌ڵام ئاڵۆز و فره ره‌هه‌نده.
ئاڵۆز به‌و مانایه‌ی رۆڵ و پێگه و ئه‌ركی ئه‌ندامانی ناو خێزان له كۆمه‌ڵگه هاوچه‌رخ و پێشكه‌وتووه‌كاندا گۆڕانی به‌سه‌ردا هاتووه، به‌مه‌ش ململانێكانی ناو خێزان رووبه‌ڕووی گۆڕان بوونه‌ته‌وه، به‌تایبه‌ت ململانێ له‌سه‌ر داهات، ناسنامه، پێگه و ناوه‌ندی بڕیار و سێكس.
مۆدێرنه تاك و كۆمه‌ڵگه‌ی ته‌واو سه‌رقاڵ و ماندوو كردووه، هه‌ر له پرسی كاركردن وه‌ك به‌هایه‌كی به‌رز و گه‌یشتن به سه‌رچاوه‌كانی داهات تا گه‌یشتن به سه‌رچاوه‌كانی چێژ و سێكس و خۆبه‌تاڵكردنه‌وه و چه‌مكی به‌رپرسیارێتی كۆمه‌ڵایه‌تی ناو خێزان و پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌كردن و یه‌كسانی جێنده‌ری و دابه‌شكردنی به‌هاكان و چه‌ندان بواری تر.
ئه‌م كارلێك و كاردانه‌وه خێرا و له‌ناكاوانه، كاریگه‌ری بنه‌ڕه‌تی و سه‌ره‌كی هه‌بووه له درێژه‌دان و گۆڕانی چه‌مك و دیارده‌ی توندوتیژی له‌ناو خێزان و ده‌ره‌وه‌ی خێزانیش، لێره‌وه مۆدێرنه هه‌م وه‌ك سه‌رچاوه‌ی چێژ و كامه‌رانی و به‌خته‌وه‌ربوونی خێزان خۆی راده‌گه‌یه‌نێت و هه‌میش وه‌ك ئامێرێك بۆ به‌رهه‌مهێناوه‌ی توندوتیژی و زه‌بروزه‌نگ.
سێیه‌م/ خێزان و ته‌كنه‌لۆجیا
شۆڕشی ته‌كنه‌لۆجیا و زانیاری و ژماره‌كان، كۆمه‌ڵگه و خێزانی ده‌ستكاری كردووه و گوتار و مامه‌ڵه‌ی گۆڕیوه. خێزان له سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆجیادا رووبه‌ڕووی چه‌ندان ئالنگاری و هه‌ڕه‌شه و كۆسپی تازه بووه‌ته‌وه. ئالنگاری به‌و واتایه‌ی ته‌كنه‌لۆجیا و كاریگه‌رییه‌كانی به قووڵی چوونه‌ته ناو دامه‌زراوه‌ی خێزان و رایه‌ڵه‌كانی نێوان ئه‌ندام و سیستم و به‌ها و كۆپێوه‌ندییه‌كانی دووباره داڕشتووه‌ته‌وه و بینا كردووه.
ئه‌م وێنه‌یه ئه‌وكاته زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت كه له ماڵێكدا یان له‌ناو خێزانكێدا هه‌ر ئه‌ندامه و خاوه‌ن كه‌ره‌سته و ئامێری ته‌كنه‌لۆجیا و مۆبایلی زیره‌كی خۆیه‌تی، له‌وێوه ره‌فتار و بیركردنه‌وه و خه‌یاڵ و خه‌ونه‌كانی وه‌رده‌گرێت و ده‌یگوازێته‌وه بۆ ناو ژیانی راسته‌قینه، دواتریش مامه‌ڵه و ره‌فتار و بیركردنه‌وه‌ی پێ ده‌نه‌خشێنێته‌وه. زۆرینه‌ی تاكه‌كانی خێزان له سه‌رده‌می ته‌كنه‌لۆجیادا بوون به دوو كاراكته‌ر، كاراكته‌رێكی فیزیكی و كاراكته‌رێكی تری نافیزیكی كه له‌ناو شاشه‌ی مۆبایله‌كه‌ی یان تی ڤی ماڵه‌كه‌یدا بۆی دروست ده‌كرێت و داده‌تاشرێت و به‌سه‌ریدا ده‌سه‌پێنرێت. دیاره كاراكته‌ری دووه‌م زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر یه‌كه‌مدا یان خۆی ده‌سه‌پێنێت، به‌مه‌ش كۆی سیستمی ره‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وت و بیركردنه‌وه، به جۆرێكی تر ئاراسته ده‌كاته‌وه كه له زۆربه‌ی دۆخه‌كاندا ئاراسته‌ی دژ به‌یه‌كن له‌ناو تاكه‌كانی خێزان به‌تایبه‌ت له نێوان نێر و مێ و ژن و مێرددا، ده‌ره‌نجام رێژه‌یه‌كی گه‌وره له زه‌بروزه‌نگ له دایك ده‌بێت و ئاماده‌یی ده‌بێت.
پێ ده‌چێت ئه‌م دیارده‌یه به‌رۆكی هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌كان بگرێت، به‌ڵام ره‌نگه له كۆمه‌ڵگه دواكه‌وتوو یان كلاسیك و تازه پێگه‌یشتووه‌كان زیاتر به‌چڕی خۆی بسه‌پێنێت به‌پێی ئه‌وه‌ی نۆرم و بیركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی جیاواز و ناچوونییه‌كه. ده‌كرێت ئێمه ته‌كنه‌لۆجیا له‌ناو خێزاندا وه‌ك ئامێرێك هه‌ژمار بكه‌ین كه ده‌یه‌وێت و هه‌وڵ ده‌دات رایه‌ڵه‌ی پێوه‌ندی نێوان ئه‌ندامه‌كان بپچڕێنێت و توانای گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا كه‌م بكاته‌وه، دواجاریش بیكات به سه‌رچاوه‌ی به‌رهه‌مهێنان و تازه‌كردنه‌وه‌ی توندوتیژی و به‌یه‌كدادانی كۆمه‌ڵایه‌تی.