یه‌كه‌م/ سیاسه‌تی مووشه‌ك
هه‌فته‌ی رابردوو، چه‌ند مووشه‌كێك ئاراسته‌ی هه‌ولێر كران. مووشه‌كه‌كان هه‌ر له نزیك هه‌ولێره‌وه له‌سه‌ر رێی گوێڕ هه‌ڵدران و شوێنی جیاوازیان پێكا. ئاراسته‌ی مووشه‌كه‌كان بۆ ئه‌وه بووه جیۆگرافیای دیپلۆماسی له هه‌ولێر بگرنه‌وه. ئه‌م جووڵه‌یه به فه‌رمی هیچ كه‌س و لایه‌نی پێ تۆمه‌تبار نه‌كرا، به‌ڵام به‌گشتی وا ده‌رده‌كه‌وێت هێز و گرووپه چه‌كداره‌كانی سه‌ربه حه‌شدی شه‌عبی به پلان و به‌رنامه ئه‌م دۆخه‌یان هێنابێته‌وه كایه‌وه، یان وێنه‌یه‌ك دروست بكه‌ن بۆ گه‌یاندنی په‌یام و دید و كارنامه‌ی سیاسی شیعه‌كان به‌گشتی بۆ ده‌سه‌ڵاتی كوردی و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
دیاره پاڵنان بۆ ئاراسته‌كردنی مووشه‌ك بۆ ناوه‌ندی هه‌ولێر، له‌م كات و ساته‌دا ئاماژه هه‌ڵگره. ده‌یه‌وێت كۆمه‌ڵێك په‌یام و مانا و گوتاری تازه بۆ ئه‌كته‌ره‌كانی ناو هه‌ولێر بنێرێت. ئه‌كته‌ر لێره واته په‌یكه‌ری ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان، ناسنامه‌ی سیاسی ده‌سه‌ڵاتی كوردی، جه‌ماوه‌ری كورد و كورد وه‌ك ئیتنیك و نه‌ته‌وه. هێزه بیانییه‌كانی ناو هه‌ولێر كه پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستانه، هه‌ولێر ناوه‌ندی دیپلۆماسی و دروستكردنی پێوه‌ندییه له‌گه‌ڵ وڵاتانی دنیا و هێزه گه‌وره‌كانی دنیا. هاوكات كرۆكی ره‌سمی سیاسه‌تی هه‌رێم له هه‌ولێر ده‌كرێت و به‌ڕێوه ده‌چێت.
پێده‌چێت ئه‌م ره‌گه‌زانه‌ی هێز و بنیاتی هێز له هه‌ولێر له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك فاكته‌ر و رووداوی تر، وایان له رۆكێتهاوێژهكان كردبێت له‌ڕێی مووشه‌كه‌وه بیر له هه‌ولێر و هێزه‌كانی ناوی بكه‌نه‌وه. دواتر رووداوه‌كه هاوسۆزی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت. هاوسۆزی له‌لایه‌ن دانیشتووانی شاره‌كه و شاره‌كانی تر، ناوچه‌كانی تر، پارته سیاسییه‌كان و رێكخراوه مه‌ده‌نی و سیاسییه‌كانی تر، هاوسۆزی و هاوده‌نگی له‌لایه‌ن وڵاتانی تری دنیا، كۆی رووداوه‌كه له ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌مدا وه‌ها فۆڕمه‌ڵه ده‌بێت كه بكه‌ره‌كانی رووداوه‌كه به‌خێرایی خۆیان لێی بدزنه‌وه و بشارنه‌وه، به‌ڵام ئاماژه‌كانی پێش رووداوه‌كه و هه‌ستی پێش رووداوه‌كه، چوارچێوه‌ی بكه‌ره‌كانی ده‌ستنیشان كرد، به‌تایبه‌ت كاتێك ئه‌مه‌ریكاییه‌ك بریندار ده‌بێت.
دووه‌م/ دیپلۆماسی مووشه‌ك
له هه‌ناوی مووشه‌كه‌كان چه‌ندان لایه‌نی دیار و نادیار، شاراوه و روون، به‌رجه‌سته ده‌بن. ئه‌م رووداوه له چه‌ندان ئاسته‌وه ده‌دوێت و زمان و گوتاری تایبه‌ت به‌خۆی له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت. یه‌كێك له گوتاره‌كان، گوتاری دیپلۆماسی و خۆنواندنه له فۆڕمی ره‌ق و زبر، له‌ڕێی مووشه‌ك و تێكدانی ئاسایشه‌وه. پێده‌چێت ئه‌م شێوه له دیپلۆماسییه ره‌قه پێوه‌ندی به دوو دیدی هه‌ره ستراتیجی ناو كۆی رووداوه‌كانی تر و شوێن و كات و زۆر بابه‌تی تره‌وه هه‌بێت. یه‌كێك له‌م دیدانه تێكدانی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانه له حاڵه‌تێك ئه‌گه‌ر ببێت به په‌ناگه و بلۆكێكی گه‌وره بۆ ئه‌مه‌ریكاییه‌كان.
ده‌سته‌بژێری سیاسی شیعی به‌گشتی پێیان وایه، نابێت ئه‌مه‌ریكاییه‌كان له هیچ جیۆگرافیایه‌كی عێراق پارێزراو بن و ده‌بێت بچنه ده‌ره‌وه‌ی رووبه‌رێكی خاوه‌ن سه‌روه‌ری. ئه‌م بیركردنه‌وه و پڕۆژه سیاسییه له‌وه‌وه دێت كه ئه‌مه‌ریكا داگیركه‌ره و ده‌بێت بچێته ده‌ره‌وه‌ی عێراق. ئه‌مه‌ریكا چ له باشووری عێراق، چ له باكور و ناوه‌ڕاست و به‌غدا، هێزێكه ده‌بێت ئاماده‌یی نه‌بێت. ئه‌م مووشه‌كانه نوێنه‌رایه‌تی ئه‌م سیاسه‌ته‌ی شیعه ده‌كه‌ن و به‌و زمانه قسه ده‌كه‌ن و پێوه‌ندیی و قه‌یران و ململانێكان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا به‌ڕێوه ده‌به‌ن.
دواتر په‌یامێكی تر دێته پێشه‌وه، ئه‌ویش پرسی به ئاسایشكردنی هه‌رێمی كوردستانه، واته چۆن كۆی پێوه‌ندی و كێشه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان ده‌گۆڕێت بۆ پرسی ئاسایش و هه‌موو پرسه‌كانی تر، بچووك و بێ مانا بكه‌یته‌وه و به‌تاڵیان بكه‌یته‌وه له مانا راسته‌قینه‌كانیان. به‌تایبه‌ت پرسه‌كانی بودجه و دارایی و خاك.
سێیه‌م/ شیعه‌كان چی‌یان له هه‌رێمی كوردستان ده‌وێت
ئه‌م پرسیاره چیڕۆك و شرۆڤه‌ی زۆر له‌خۆ ده‌گرێت. شیعه‌كان چی‌یان له هه‌رێمی كوردستان ده‌وێت و ده‌یانه‌وێت چۆن رۆڵ و ئه‌رك و پێگه‌ی دابڕێژنه‌وه. پێده‌چێت مووشه‌كه‌كان پێوه‌ندییه‌كی یه‌كجار زۆریان به‌و پرسیاره‌وه هه‌بێت یان هه‌وڵێكی خێرابێت بۆ له چوارچێوه‌دانی پێگه و جیۆپۆڵه‌تیكی هه‌رێمی كوردستان، به‌تایبه‌ت كاتێك مووشه‌كه‌كان ئاراسته‌ی زۆن و جیۆگرافیای دیپلۆماسی له هه‌ولێر ده‌كرێن و ده‌یانه‌وێ دوو جۆر له هه‌ڕه‌شه دروست بكه‌ن و بنیات بنێن:
یه‌كه‌م، هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر دانیشتووانی هه‌رێم و هاووڵاتییانی.
دووه‌م: هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ستافی دیپلۆماسی و نێرده‌ی وڵاته جیاوازه‌كانی دنیا و تێكشاندنی ئه‌م شێوه پێوه‌ندییه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ دنیای ده‌ره‌وه‌ی خۆی و وڵاته گه‌وره و زلهێزه‌كانی دنیا دروستی كردووه.
بنه‌مای سه‌ره‌كی كاركردنی هێز و میلیشیا شیعه‌كان، له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه چۆن هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و سه‌رمایه سیمبۆلییهی له‌ڕێی پێوه‌ندییه دیپلۆماسییه‌كان و بوونی كونسولگه و نێرده دیپلۆماسییه‌كانه‌وه دروستی كردووه، بیپچڕێنن و دایببڕن له ئه‌كته‌ر و ناوه‌نده‌كانی تر. دابڕاندن به‌مانای ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا و هێزی هاوپه‌یمانان ناچار بكه‌ن دووربن له دنیای كوردی و پڕۆژه‌كانیان، به‌تایبه‌ت له پڕۆژه‌ی ریفۆرمی پێشمه‌رگه، پاشه‌كشه بكه‌ن و چیتر روانگه‌یه‌كی ستراتیجیان بۆ ئه‌م پرس و دۆخ و پێگه‌ی كوردستان نه‌بێت.
دیاره ئه‌مه‌ریكاییه‌كان هێشتا نازانن یان نایانه‌وێ هێزه شیعییه‌كان تاوانبار بكه‌ن، به‌ڵام به باشی له په‌یام و مه‌به‌ست و مانا قووڵ و نادیاره‌كانی ئه‌م رووداوه تێگه‌یشتوون.
له‌لایه‌كی تره‌وه، ده‌سه‌ڵاتی شیعی له‌رێی هێزه میلیشیاكانیه‌وه ده‌یه‌وێت گوشار دروست بكات و وێنه‌یه‌ك دابڕێژێت كه عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌ت ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر هه‌موو گۆشه و سنوور و ئاراسته‌كانی وڵاته‌كه‌یه‌وه هه‌یه.