گوتاری ناسیۆنالیزمی سەرۆك بارزانی لە پاش كۆنگرە

PM:01:24:15/11/2022 ‌
گوتاری ناسیۆنالیزمی سەرۆك بارزانی لە ریفراندۆمەوە تا كۆنگرەی 14، گۆڕانكاریی ریشەیی پێوە دەبینرێت، هەر لە پەیامناردن بۆ وڵاتانی دراوسێ و دنیاوە، تا دەگات بە گۆڕانكاریی ریشەیی لە باسكردن لە سەرچاوەی ناسیۆنالیزمیی خۆی.

گوتاری سەرۆك بازانی لە ریفراندۆمدا
سەرۆك بارزانی لە ریفراندۆمدا، گوتارێكی جیاوازی سێ رەهەندی هەبوو، هەر جارەو لە شارێكی كوردستان پەیامێكی دەخستە روو، لەلایەك پەیامەكە بۆ خەڵكی كوردستان و ناوخۆ بوو، لەلایەكی تریش بۆ دراوسێ یار و نەیارەكان و دوورتریش بۆ یار و نەیارە بیانییەكان، بە تایبەتی ئەمەریكا و بەریتانیا بوو.

لە بەشێكی گوتارەكانی سەرۆك بارزانیدا دەبینرا زۆر بەتوندی قسە دەكات، دژی ئەو هێز و لایەنە ناوخۆییانەی لە عێراقدا بوون و دژی كوردایەتیی بوون، ئەم پەیامە موتوربە دەكرا بەو بیرە عێراقییە شۆڤێنییەی بڕوای بە ئازادی كوردستان و سەربەخۆیی نەبوو، لەم قۆناغەدا سەرۆك بارزانی بە توندی دژی ئەو كەسانە بوو كە لە عێراقەوە دژی سەربەخۆیی كوردستان دەجووڵانەوە، زۆر جاریش لەسەر ئاستی باڵا و زۆر توند لەبارەی ئەو هێزە عێراقی و كوردییانە قسەی دەكرد كە ریفراندۆم بە رەوا نابینن، (بنواڕە وتارەكانی سەرۆك بارزانی لە سەردەمی ریفراندۆم).

كاتێكیش بارزانی دەیویست وتارێك ئاراستەی وڵاتانی دراوسێ بكات، بەتایبەتی ئێران و توركیا، دەبینی وەك سیاسییەكی بەهێز تەحەدای ئەو هەموو بیردۆلۆجیایانە دەكات كە رەوایەتیی بە كورد نادەن ببێت بە خاوەنی قەوارەی سیاسی خۆی. ئەو دەیگوت: كوردستان مافی خۆیەتی داوای مافی چارەی خۆنووسین بكات و بچێتە ئاستی وڵاتانی دنیا و كوردیش ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی، خۆ ئەگەر ئەوان دراوسێیەكی باش بن، بێگومان كوردیش باشتر دەبێت و نە تەحەدا دەكەن و نە تەحداش قبووڵ دەكەین. 

ئەوە بیری ناسیۆنالیزمی كوردی لە مێشكی بارزانیدا بەو شێوازە پێشانداین كە لە تەواوی رابردووی مێژووی كورددا زۆر بە پاكی هاتووە، نە دژی هیچ میلەتێك بووە و نە قبووڵیەتی لەژێر داگیریدا بژی.

سەرۆك بارزانی كاتێك بۆ ئەمەریكا و ئەوروپا دەدوێ، پێیان دەڵێت، رێك بن و بە سیفەت بن و ببینن كە كوردەكان چییان كرد بۆ پاراستنی دنیا، ئەوە ئەركی كوردە وەك فریشتەی فریادڕەس دەیەوێ لە كوردستانەوە دنیا سەلامەت و پارێزراو بێت. بە دنیای پێشان دا كورد، مەسیحی و جوو و ئیسلام و كاكەیی و ئێزیدی و عەرەب و هەر كەسێكی تر لەگەڵی بژی، دەیپارێزێت لە پێناو مرۆڤایەتیدا، بەڵام كاتێك خۆیان داوای سەربەخۆیی دەكەن، دنیا وەك مەترسی دەیبینن و ئیتر كێچ دەكەوێتە كەوڵی گەلان و دژی دەوڵەتی كوردی دەوەستنەوە و رێز لە كوردبوون ناگرن.

سەرۆك بارزانی دوای ریفراندۆم بێدەنگ دەبێت
پاش ریفراندۆم سەرۆك بارزانی ئیتر بێدەنگ دەبێت، بێدەنگی گەیاندنی پەیامی ئەوەیە كە ئەركەكەی خۆی جێبەجێ كرد و دەبێ هەموو دنیا ئەو راستییە بزانن. ئەو پێشمەرگەئاسا چاوەڕێی ئەوەیە دنیا وەڵامی داوا رەواكەی بارزانی بداتەوە كە وەك مەرجەعێكی باڵا و سەركردەی گەلێكی 50 ملیۆنی، بڕیاری دەوڵەتی داوە و دەبێت دنیا لەو وەڵامە تێبگات كە بێدەنگی واتە قسەی زۆر گرنگ، ئەویش بریتییە لە سەربەخۆیی و دەوڵەت و مافی چارەی خۆنووسین.

بارزانی لە پاش ریفراندۆم تەنیا چەند جارێك لە دیدارە گرنگە كوردییەكاندا دەردەكەوێت، كەمترین قسە دەكات، وەك ئەوەی دنیا لە بەرەیەك و بارزانی لە بەرەیەكدا بێ، ئەو لە بەرەی داواكاری رەها و دنیایش لە بەرەی بەرگریی ناڕەوان، چونكە ئەوەی بارزانی بۆ گەلەكەی دەوێ، هەمان ئەو شتەیە كە دنیا بۆ خۆیان ویستیان، بەڵام بۆچی بۆ ئەوان رەوایە و بۆ ئێمە ناڕەوایە؟.

بارزانی بە دنیا دەڵێت، ئێمە داوای مافی رەوای خۆمان دەكەین، بە عێراق و دراوسێكانیشی گوت ئەگەر ئیمپراتۆرییەتێكیش دروست بكەین، نابین بە بەڵا بەسەرتانەوە و دراوسێی باش دەبین، لە هەمانكاتیشدا بە ئەمەریكا دەڵێت، بێ سیفەت مەبن و كوردبوون لەناو مەبەن، ئەمە بۆ خۆی واتە سووربوون لەسەر بیری ناسیۆنالیزمی كوردی.

سەرۆك بارزانی و جامانەی سوور 
لەگەڵ ئەوەی بارزانی وەك قوتابخانەیەك بۆ كوردەكان دەردەكەوێت، بەڵام دەیەوێ بە دنیا و تەواوی كوردەكانیش بڵێت، بیری بارزانی لە پاكی و بێگەردییەوە هاتووە كە كوردبوون دەنووسێتەوە و بەرگریی لێ دەكات، دەشیەوێت پێمان بڵێت ئێمە قوتابخانەیەكمان داناوە، یەكەم جار بەرگریی لە ئاینی خوا دەكات و دواتر لە مرۆڤایەتی و دواتریش لە كوردبوون، ئەوەش پەیامی بارزانیبوونە و چەترێكە هەر كەسێك مرۆڤایەتی و خوا و كوردبوونی لە مێشكدایە، دەتوانێ لەژێر ئەو چەترەدا مرۆڤایەتیی خۆی بكات و ئەسپی كوردایەتیی خۆی تاو بدات و ئاگای لە ئاینی خوداش بێت.

بارزانی زۆر بە روونی و بە جوانی بۆمان باس دەكات كە جامانەی سوور لەپێناو رەتكردنەوەی نادادیدا كراوەتە سەری كورد، دواتریش لەپێناو عەدالەت و كوردایەتیدا چەسپاوە، هەر لەبەرئەوەیە ئامۆژگاری كوردەكان دەكات لە سایە و سێبەری قوتابخانەكەی باوانیدا كوردایەتی و مرۆڤدۆستی بكەن و بجەنگن بۆ دادپەروەری.

بارزانی لە كۆنگرەی 14 
سێ گوتاری گرنگی سەرۆك بارزانی لە كۆنگرەی 14دا بینرا، سەرەتا بەهەموومانی گوت هاتووم پێتان بڵێم ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی بیروباوەڕی بارزانی نوێ بكەینەوە كە بیروباوەڕێكی مرۆدۆستانە و كوردانەیە، لێرەین بۆ ئەوەی كوردستان لە سایە و سیبەری كوردبووندا بپارێزین.

لە گوتاری دووەمدا سەرۆك بارزانی بە هەموان دەڵێت: ”تكایە رێبازی پیرۆزی بارزانی لە ئێمەوە مەبینن، لە چاوی خۆیەوە سەیری بكەن بۆ ئەوەی وەك خۆی بكەوێتە بەر دیدی خەڵك، چونكە ئەو رێبازە رێبازی پیرۆزی كوردایەتیی و مرۆڤانەیە، ئەوە وا دەكات خەڵك زۆر بە باشی لەوە تێبگەن ئەگەر كەسێك لە سایە و سێبەری بارزانیدا بوو، كوردایەتیی راستەقینە دەكات.

سەرۆك بارزانی جارێكی تر بە خەڵك دەڵێت، رێبازی بارزانی بریتییە لە كوردبوون و مرۆڤدۆستی و داد، بیری هەمووان دێنێتەوە ئەوان بۆچی لێرەن، بۆ ئەوەی كوردستان لە ستەم و زۆردارییە بپارێزن و كوردبوون بخەنە پێش بەرژەوەندیی خۆیان و خزمەتی كوردستان بكەن.

گوتاری ناسیۆنالیزمی بارزانی دەگۆڕێت
سەرۆك بارزانی خۆی پێمان دەڵێت: ”ئەو نەبووە بە سەرۆك تا بە سەرۆكی بمرێت، لە كاتی خۆیدا واز لە سەرۆكایەتیی پارتیش دێنێت و كورسییەكە بۆ كەسێكی تر جێدەهێڵێت، ئەوە بۆ سەلماندنی ئەو راستییەیە كە ئەو لەپێناو كوردبوون، هەموو كارێك دەكات و ئەو تەنیا پێشمەرگەیە نەك سەرۆك.

سەرۆك بارزانی واز لە بڕیاردان دێنێت و ئامۆژكاری بیردۆلۆجییەكان و كوردەكانی هاوزوانی دەكات كە ئەم وڵاتە بپارێزن، یەكڕیزی و تەبایی لە كوردستان كلیلی بردنەوەیە. ئەمە پێمان دەڵێت چۆن بیری ناسیۆنالیزمانەی بارزانی گۆڕینی بەسەردا دێت لە باشەوە بۆ باشتر، دۆستانی دڵنیا دەكاتەوە كە ئەو سوورە لەسەر ئەوەی بارزانی باوكی وەك میرات و ئەمانەت بۆی جێهێشتووە. كوردبوون بەو شێوەیە دەنووسرێتەوە كە عەدالەت و كوردایەتی و مافی مرۆڤ دەپارێزێت، ئەمە دیوە راستەقینەكەی كوردبوونە كە بارزانی وەك ئەرك جێبەجێی كرد، ئێستەیش ئامۆژگاری نەوەكانی دوای خۆی دەكات، رێبازەكە بە پیرۆزی جێبەجێ بكەن و بیپارێزن.

ناسیۆنالیزم ئیتر لە سەری بارزانیدا نەماوە، بەڵكو چووەتە خوێنییەوە كە تا كۆتایی دنیا، لە ژێر جلە كوردییەكانی و بە ناو خوێنیدا هاتوچۆ دەكات و كوردبوون دەنووسێتەوە.

بارزانی ئامۆژگاریمان دەكات دەست بە یەكترەوە بگرین و خوێنمان بە كوردایەتیی ئاو بدەین و رێبازی پیرۆز بەر نەدەین، ئەوە پەیامێكە بۆ كوردەكان و خۆئەگەر ئەوە نەكەن، كوردبوون ئیتر كۆتایی دێت.