"كوردش تاڵنت".. بەهرەمەندەكانی ئەمڕۆ و هونەرمەندانی سبەی

PM:12:53:20/08/2022 ‌
ئەو بەرنامانەی جارجار بۆ دیاریكردنی خۆشترین دەنگ بە ناوی جیاجیا لە كوردستان ئامادە و پێشكەش دەكرێن، كەم نین، بێگومان ئەوانیش ئاستی جیاواز دەنوێنن، بەڵام بە بۆچوونی من خراپترینیان باشە. باش بەو ماتایەی هیچ نەكرابێت توانراوە هەندێك دەنگی خۆشمان پێ بگەیەنن یان هان بدرێن بۆ كاری باشتر و جوانتر كە پێشتر ئێمە پێیان ئاشنا نەبووین.

هەر بەرنامەیەكی لەو جۆرە لە كوردستان یان لە دەرەوە، بڵاو كرابێتەوە، چاودێر بووم و بەپێی ئەو فەریكە شارەزاییەی خۆم لەبارەیانەوە دواوم، زۆربەی نووسینەكانیش ئەرێنی و زیاتر هاندان بوون بۆ هەبوونیان لەم قۆناغەدا. كە دەڵێم لەم قۆناغە، دەبینین جۆرە شێواوییەك لە بوارەكەدا خۆی بەرجەستە كردووە و زوو زوو ناهونەمەندمان لێ دەكرێتە هونەرمەند، بەڵام لەو بەرنامانەدا هونەرمەندی جوانمان پێ ئاشنا دەكەن. كە دەڵێم خراپترینیان، نموونەی "كوردستان ستار" دێنمەوە كە وێڕای سەرنجی زۆر لەسەر بەرنامەكە، بەڵام بێبەش نەبوو لە خزمەتكردنی دەنگە خۆشەكان.

دواترین بەرنامە بۆ دەرخستنی خۆشترین دەنگ، "كوردش تاڵنت"ـە كە پێم وایە لەڕووی رێنووسی كوردییەوە "كوردش تاڵینت" دروستترە. بەڵام ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگترە، جۆری ئامادەكردن و پێشكەشكردنی بەرنامەكەیە لەڕووی ناوەڕۆكەوە كە هی ئەوەیە بە خێراییش بێت بیخەینە بەر رۆشنایی. بەرنامەكە بە بەشداریی گرووپێكی موزیكی پڕۆفیشناڵ و لیژنەیەك لە هونەرمەندانی باڵای كورد كەوتە بەرچاومان.

بەپێی وردە زانیارییەكانی من، بەهرەمەندان كە بۆ ئەو بەرنامەیە ناوی خۆیان پێشكەش كردبوو، سەتان دەبوون، لەڕێی پەیجی بەرنامەكە و ئینتەرنێتەوە زۆربەی كارە تەكنیكی و هونەرییەكانی بەرنامەكە بەڕێوە چوون، ئەوەیش بۆ جیاكردنەوەی ئاستی دەنگەكان كە لە ئاستێكدابن شیاوی بەشداری بەرنامەكە بن، بەر لەوەی لە كەناڵی "وار تی ڤی" بێنە سەر شاشە، دواتریش 30 دەنگ لەناو سەرجەم بەشداران گوڵبژێر كران و ئێمە زیاتر بەو 30 بەهرەمەندە ئاشنا بووین. راستیتان دەوێ بە بۆچوونی من ئەوەیان دوو خاڵی گرنگ لە خۆ دەگرێت. یەكیان بۆ شەرمەزارنەبوونی ئەو دەنگانەیە كە شیاوی بەرنامەكە نابن، خاڵی دووەمیشیان تێچووی بەرنامەكە لەڕووی داراییەوە، زۆر كەمتر دەبێت لەوەی پێشتر و لە بەرنامەكانی تردا كراون.

دەنگە خۆشەكانی ئەو بەرنامەیە كە ئێمە لە شاشەی "وار تی ڤی" دەیانبینین، لەڕووی ژمارەوە زۆر نین و وەك ئاستی هونەری و چۆنێتیش ناوازەن، ناوازە بەو واتایەی ئەوانەی ئێمە لە شاشەدا گوێ لە دەنگەكانیان دەگرین، لە دوای هەڵسەنگاندنیان لەلایەن ئەو لیژنەیەی كە چەند هونەرمەندێكی باڵای كورد پێكهاتووە وەك "خالید سەركار، فاتێ و چیا مەدەنی"، تەنیا دەنگە بژاردەكانمان پێشان دەدەن كە ئەوەیان لە جوانییەكانی بەرنامەكەیە، بەلای كەمەوە ئاسانتر دەتوانین چاودێریی بەرنامەكە و دەنگەكان بكەین و ئاستەكانیان لە یەكتر جیا بكەینەوە، یان بتوانین بەشێوەیەكی گشتی هەڵسەنگاندن بۆ بەرنامەكە بكەین.

دەنگە خۆشەكان زۆرن، نموونەیان "دەریا كاكەیی، رێژوان، بێریڤان، ئەحمەد و ئەوانی تر"، ئەوانەی ناوم هێناون لە دەنگ و ئاستە زۆر ناوازەكانن كە رەنگە كەمتر لە بەرنامەكانی تردا ئەو جۆرە توانایانەمان بینیبێ. دەریا كاكەیی تەمەن 12 ساڵ كە كچێكی كوردە، وەك گۆرانیبێژێكی پڕۆفیشناڵ لەو بەرنامەیە خۆی دەرخستووە و توانای زۆر سەرووتری تەمەنیەتی، هاوكات ئاستی رێژوان لە فرە ستایلی لە بوارەكەدا دەردەكەوێت، بەو جۆرە دەنگ و توانایە دەگوترێ "جۆكەر"، واتە لە هەموو بوارەكانی دەنگبێژیدا خۆی دەردەخات، سەرهەت وەك ناوازەترین دەنگی بادینان بە ئێمە ئاشنا كرا. راستیتان دەوێ ئەو دەنگانە بەسن بیانكەینە نموونەی بەرنامەكە كە پێشتر لە بەرنامەكانی تردا ئاستەكان وەك ئەوەی هەن، دیار نەخرابوون. لە كاتێكدا رێژوان لە چەند بەرنامەیەكی تردا دەنگی خۆی دەرخستبوو، كەچی لە "كوردش تاڵنت"دا توانا شاراوەكانی ئاشكرا كران.

لە هەموو ئەوانە گرنگتر، بۆ سەركەوتنی بەرنامەكە، هەڵبژاردنی ئەندامانی لیژنەیە كە هەریەك لەوانە جیا لەوەی هونەرمەندی باڵان، هاوكات ئەوەی ئێمە دەیبینین، نە خۆیان شەرمەزاری هونەری كوردی دەكەن و نە دەنگەكانیش، وێڕای ئەوەی خۆیان تووشی موجامەلەی بێمانا ناكەن، هاوكات رێز لەو هەڵانەیش دەگرن كە جارجارە دەنگەكان تووشی دەبن. ئەمەش وا دەكات دەنگەكان لە بەرنامەكەدا بە ورەیەكی بەرزترەوە خۆیان بنوێنن و توانای راستینەی خۆیان دەربخەن.

هەڵسەنگاندنی راستینە بۆ بەرنامەی "كوردش تاڵنت" جارێ زۆری ماوە و تا نەگەینە ئەنجامی كۆتا، ئەستەمە لە ئێستەوە پێشبینی بكەین، دەهێنێ دەستخۆشی لە سەرپەرشتیاری گشتیی بەرنامەكە هونەرمەند "زیرەك ژێدار" بكەین كە نوێترین جۆری ئەو بەرنامانەی لە كوردستاندا تاقی كردووەتەوە و بەپێی زۆرترین بۆچوونی شارەزایان، تا ئێستە سەركەوتوو بووە و بواری بۆ هەموو دەنگێكی كورد لە هەر كوێیەك بێت فەراهەم كردووە. بۆیە ژێدار وەك هونەرمەندێكی گەنج، لە قۆناغی گەشەكردنی تەكنەلۆجیای سەردەمدا، گەنجانە كاری كردووە و لەڕێیەوە دەیان دەنگی گەنجیشمان پێ دەناسێنێ كە لە داهاتوودا لە بەهرەمەندییەوە هەنگاو بۆ قۆناغی هونەرمەندبوون بهاوێژن.