دروسته كه شێركۆ عه‌بدوڵا له‌لای ئێمه به ته‌نزنووس ناسراوه و زیاتریش له "به‌رنامه‌ی به‌رنامه"دا به‌و ناوه ئاشنا بووین، به‌ڵام ئێسته كه ویستوویه‌تی به‌ناوی ته‌نزه‌وه شه‌كر بشكێنی و سووكایه‌تی بخاته به‌ر ته‌نزه‌وه و ئه‌و بواره ئه‌ده‌بییه شێلوو بكات، هی ئه‌وه‌ی به كورتی له‌سه‌ری بوه‌ستین.
ته‌نز له نووسیندا ده‌رده‌كه‌وێ و ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ بیخه‌ینه ناو هونه‌ری موزیك و گۆرانییه‌وه، ده‌كرێ ناوی مه‌نه‌لۆجی لێ بنێین. نووسینی ته‌نز زیاتر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ دیارده دزێوه‌كان ده‌كات، مهلهنۆجیش هه‌مان ئه‌و دیاردانه ده‌خاته به‌ر رۆشنایی به‌ڵام به شكڵ و هێماكانی تری هونه‌ری.
مه‌نه‌لۆج له هونه‌ری موزیك و گۆرانیی كوردیدا زۆر نییه، بۆیه ئاسان ده‌توانین ئاماژه به مهنهلۆجهكان بده‌ین، راستیتان ده‌وێ له‌ناو هونه‌ری عه‌ره‌بیشدا ئه‌وانه‌ی مه‌نه‌لۆج ده‌ڵێنه‌وه وه‌ك ژماره زۆر كه‌من، به‌ڵام له هونه‌ری كوردی و عه‌ره‌بیشدا كاریگه‌رییان هه‌بووه و ره‌نگه زۆر كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ڕێی ئه‌وانه‌وه زیاتر ورووژێنرابن و دواتریش چاره‌سه‌ر كرابن.
له ساڵانی حه‌فتاكان و دواتر له هه‌شتاكاندا، هونه‌رمه‌ند سابیر عه‌بدولڕه‌حمان ناوی دیاری مه‌نه‌لۆج بوو له هونه‌ری كوردیدا، له‌و بواره‌دا چه‌ندان مه‌نه‌لۆجی پێشه‌ش كردین كه كارگهرییان دروست كردبوو. جیاله‌و، هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن دڵسۆز كه هونه‌رمه‌ندێكی خانه‌قینی بوو، به‌هه‌مانشێوه له بواری مهنهلۆجدا رۆڵی بینی. بۆ ساڵانی ئه‌مدواییه‌ی كوردستانیشدا چه‌ند مه‌نه‌لۆج پێشكه‌ش كران، به‌ڵام دواتر ئه‌و بواره دیسان له كزیی دایه‌وه و ئێسته له هونه‌ری كوردیدا مه‌نه‌لۆج نابینین كه بۆ ئه‌م قۆناغه زۆر گرنگه.
شێركۆ عه‌بدوڵایش كه بوێریی به‌خۆی داوه سووكایه‌تی به شێوزارێكی كوردی به‌ناوی ته‌نزه‌وه بكات، یان دیسان دیارده به‌سه‌رچووه‌كه‌ی جاران زیندوو بكاته‌وه و شه‌ڕی قێزه‌ونی نێوان شاره‌كان به‌رپا بكات، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ری كز بكرێته‌وه، وه‌ڵامی ده‌وێ، به‌ڵام وه‌ڵامێك له ئاست ته‌نزه‌كه‌ی خۆی بێت.
به‌بۆچوونی من مه‌نه‌لۆج بۆ ته‌نزه‌كه‌ی شێركۆ، جوانترین وه‌ڵام ده‌بێ و رێ له‌وه ده‌گرێ تا كه‌سێكی تر بوێریی زیندووكردنه‌وه‌ی شه‌ڕی نێوان شاره‌كانی نه‌بێت. جنێودان و ته‌نزی هه‌رزان و فهریكهتهنز، نابنه وه‌ڵامی ده‌مشكێنی شێركۆ، خۆزگه هونه‌رمه‌ندانی بواره‌كه بیریان له مه‌نه‌لۆج ده‌كرده‌وه كه له‌لایه‌ك بۆ وه‌ڵامی ته‌نزه‌كه‌ی شێركۆ، له‌لایه‌كی تریشه‌وه بیركردنه‌وه له دروستكردنی چه‌ندان مهلهنۆجی تر كه له هونه‌ری كوردیدا زۆر پێویستیمان پێ ده‌بێت.