دەست لە كوردستان هەڵگرن خۆ ئێوەش كوردن

AM:09:09:23/08/2021 ‌
ماوەیەك بوو لە دوای ڕێككەوتنی بەغدا و هەرێم لەسەر بودجە، هەندێك گوێ و چاو و مێشكمان ئارامی بۆ گەڕابووەوە، خەریك بوو دەمانتوانی شتەكان بەباشی ببینین، بەڵام وادیارە هەندێك لە سیاسی و ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووسەكانی كوردستان، ئەنتی بەهەموو شتێكی باش و خراپی ئەم  هەرێمی كوردستانە، بێ لەو وشانەی خراپترینن، ناتوانن یەك وشەش بڵێن و بنووسن، لە سایەی ئەوانەوە خەریكە تێكەڵی دەكەینەوە و باش و خراپەكان بەباشی نەبینین و نەبیستین.

 با هەندێك بگەڕێینەوە بۆ ساڵانی پێشتر بەتایبەتی لە ساڵی 2014وە چاوێك بخشێنینەوە بەو كێشانەی لە كوردستان روویان دا، كە هەموویان لە دوای ئەو كێشە داراییانەی لە هەرێمی كوردستان دروست بوون و هاتنە ئاراوە، هۆكارە سەرەكییەكەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو عێراقەی ئەو برادەرانە بوونەتە پارێزگاری ئەو هەموو غەدرەی لەم هەرێمە دەیكەن. ئیتر وردە وردە وەك ئۆپۆزسیۆنێكی پۆپۆلیستی ئانارشیست خۆیان رێكخست و سوودیان لەو كەشە دیموكراسی و ئازادی و ڕادەربڕینە وەرگرت كە لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حزبە دەسەڵاتدارەكانی ئەم هەرێمەوە فەراهەم كراوە، بەڵام ئەوەی جێی دڵخۆشییە، نەیاتوانی سەركەتووبن لە بەلاڕێبردنی زۆرینەی شەقامی كوردی و بیانخەنە ژێر كاریگەری خۆیان. 

ئەو كەسانە هەرچۆن بێت ئایدیالیزمێكی خەیاڵییان لای بەشێكی كەمی خەڵك دروست كرد بێ هەبوونی هیچ ئەلتەرناتیڤێك، تەنیا ئەو وشانەیان بەخەڵكی ئەم هەرێمە ئاشنا كرد كە خۆیان دەیانەوێت (گەندەڵی حوكمڕانییەكی خراپ) كە لە بنەڕەتدا خۆیان نەك گەندەڵی و حوكمڕانییەكی خراپ، بەڵكو هاووڵاتییانیان خستە ژێر كاریگەریی ئەو ئایدۆلۆجیا نەرجسییەی خۆیان. ئەم جۆرە لە تێڕوانین و هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ میلەت و هاوزمانی خۆت، لە پێناوی سەرمایەداری كەسی خۆتدا، نەك حوكمڕانییەكی خراپ و گەندەڵی، بەڵكو تیرۆركردنی فكر و هزری خەڵك و هاوزمانی خۆتە!.

ئەم كەسانە هێندە دژن، ئەگەر كێشەیەك لە كوردستاندا نەبێت، دێن لەڕێی نووسین و گوتنەكانیانەوە هەرێمی كوردستان تێكەڵ بە كێشە دەرەكی و ناوچەییەكان دەكەن، هەندێك جار نووسین و گوتنی وا بەرگوێ و چاومان دەكەوێت، زۆریش بەزمەساتە بەبێ هەبوونی هیچ بەڵگەیەك لەسەر ئەو قسانەی دەیكەن، وەك لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا كەشێكی وایان خوڵقاندبوو، خەڵكی ئەم هەرێمە وایاندەزانی ئەفغانین و كابولیش پایتەخی هەرێمی كوردستانە!. بەبێ هەبوونی هیچ پێوەندییەك لە نێوان ئێمە و ئەفغانستاندا چی لەڕووی سنوور و سەربازی و سیاسی و دارایی و هتد.

بەڵام دەبێت بۆ لەمەودوا چیتر ڕێ نەدرێت سومعەی حوكمڕانی و مێژووی ئەم هەرێمی كوردستانە لەكەدار بكرێت بەدەستی ئەو كەسە بەرژەوەندخوازانەی كورد. لە بنچینەدا ئەوان سەرچاوەی هەموو ئەو نەهامەتییانەن كە لە هەرێمەدا هەیە. لە بنەڕەتدا كێشەی ئاو و كارەبا و ڕێگەوبان و تەندروستی و دارایی و كۆچ، هەموو لەم كێشانە لە وڵاتانی چواردەورماندا زۆر زیاترە و ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو خراپتر دەڕۆن، بەڵام ئەوان لەو جۆرە هاووڵاتییانەیان نییە كە لەگەڵ هەبوونی كێشەدا، ببن بە كرمێكی كوشندە و مێشكی خەڵكی وڵاتەكەی خۆیان بكرۆژن لە پێناوی خۆشگوزەرانی خۆیان و گیرفانیاندا!.

 هەموو ئەوانە لە كاتێكدایە لە هەرێمی كوردستان، ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو چارەسەر و باشتر هەنگاو هەڵدەگیرێت، ئەویش لەلایەن حكوومەتی هەرێم و حزبە دەسەڵاتدارەكانەوە، ئەم بەرەو باشبوونە و پرۆسەی باشتركردنە، بەكردەیی چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، دەیان دیكۆمێنتیش هەیە بۆ باشتربوون.

ئەوەی جێی داخە ئەو كەسانەی هۆكاری سەرەكین بۆ ئەو هەموو پڕوپاگەندەیە، خۆیان كوردن. دەمیان بكەرەوە دنیایەك كوردایەتی و دڵسۆزیت پێ دەفرۆشنەوە، لە كاتێكدا ئەم جۆرەی هاووڵاتی لەهەر وڵاتێكی دنیادا هەبن، نەك لێیان قبووڵ ناكرێت، بەڵكو دەدرێن بەدادگا و وەك خۆفرۆشێك دادگایی دەكرێن. كەچی لە كوردستان و دەرەوەی، هەریەكەیان مەكینەیەكی ڕاگەیاندنی چەواشەكارییان خستووەتە گەڕ دژی حكوومەت، گومانیان خستووەتە سەر باش و خراپ و ورد و درشتی ئەم وڵاتە، لە كاتێكدا خۆشیان هەریەكەیان شوقە یان ڤێلایەكیان بەپارەی درۆ و چەواشەكارییەكانیان كڕیوە و بۆ پشوودان دێنەوە كوردستان و زۆریش ڕێزلێگیراو و پارێزراون.!