ئێسته که بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا له که‌رکووک ده‌ستی پێ کردووه، زیاتر له هه‌ر کاتێکی تر ئێمه ده‌توانین گوتاره‌کان بناسین و ئه‌و تریبۆن و سه‌کۆیانه‌ی که گوتارەکانیان ئاڕاسته ده‌که‌ن به ڕوونی به‌ره‌به‌ندی لایه‌نه‌کان ئاشکرا ده‌که‌ن، ئەوەی ده‌شێت لێره‌دا له‌سه‌ری بوه‌ستین، ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌رچی بۆ ئێمه‌ی کورد و هاووڵاتییانی که‌رکووک بابه‌تی پێکه‌وه‌ژیان و مه‌عاش و خزمه‌تگوزاری و پرسی ته‌ناهی له ئهولهوییهتهکانن، به‌ڵام بۆ ده‌سته ده‌ره‌کی و نه‌یاره‌كانی تینووی خوێنی کورد، که‌رکووک شاده‌ماری ڕزگاریی کوردستان و که‌وتنه‌مه‌ترسیی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی ئه‌وانه، بێگومان له‌م سۆنگه‌یه‌وه کورد هه‌میشه که‌رکووکی له تێڕوانینی سیاسیی خۆیدا وه‌ک شاڕێگه‌ی ئازادی و ڕزگاریی ته‌واوی کوردستان وه‌ک یه‌که و پێکهاتێکی سه‌ربه‌خۆ بینیوه، داگیرکه‌رانیش چه‌ند قاتی ئه‌مه، هه‌ر جۆره سه‌رکه‌وتنێکی کوردیان له که‌رکووک به گه‌وره‌ترین مه‌ترسی نه‌ک ته‌نیا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی و دۆخی ته‌ناهیی خۆیان که پارچه‌ی دیکه‌ی کوردستان له ژێر پۆستاڵیاندایه، ده‌بینن، به‌ڵکوو وه‌ک له‌مپه‌رێکی گه‌وره‌یش له به‌رده‌م پیلانه سه‌ره‌ڕۆ و تیرۆریستییه‌کانیان سەیری دەكەن.
نموونه‌ی دیار و زه‌قی ئه‌و وڵاتانه‌ی که‌رکووک له وه‌ها شوێنگهیهکهوه ده‌بینن، کۆماری ئیسلامیی ئێرانه که هه‌میشه و له هه‌موو قۆناغه‌کاندا هاوپه‌یمانێکی نزیکی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان بووه، پێویست به گوتن ناکات 16ی ئۆکتۆبه‌ر به بێ پلانی کۆماری ئیسلامی ئێران و گوشاری ئه‌وان، لانیکه‌م به‌م شێوه‌یه نه‌ده‌هاته ئاراوه و نه‌ده‌بووه مه‌ترسی بۆ سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی کوردستان، به‌ڵام هه‌ژموون و زاڵبوونی کۆماری ئیسلامیی به‌سه‌ر یه‌کێتییەوە وایکردووه ئەو حزبە جگه له جێبه‌جێکارێکی باجگر، هیچ ئیراده و ڕۆڵێکی کرده‌یی و بکه‌رانه‌ی سیاسیی خۆی نه‌بێت و وه‌ک کۆلۆنی و داگیرکراوێکی نافه‌رمی سه‌ربه ئێران بجووڵێته‌وه و هه‌ر له‌و ئاستەیشدا هه‌ڵسوکه‌وتی له‌گه‌ڵ بکرێت.
به‌داخه‌وه هاوسنووریی جیۆگرافیا و زۆنێک که یه‌کێتی تێیدا حوکمڕانی ده‌کات، له‌گه‌ڵ ئێران بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه و ئه‌و پێوه‌ندییه‌ی نێوان ئاغا و نۆکه‌ر به‌رقه‌رار بێت، ئه‌گینا ئه‌گه‌ر یه‌کێتی و به‌ڕێوه‌به‌رانی نوێی، نیوئه‌وه‌نده‌ی کاکه حه‌مه‌ی حاجی مه‌حموود گوتاری کوردستانیان هه‌بوایە، ئێرانیش حیسابێکی زیاتری بۆ ده‌کردن.\
مه‌به‌ستم له‌م باسه ئه‌وه‌یه که کۆماری ئیسلامیی هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زرانییه‌وه تا ئێسته، چاودێریی که‌رکووک ده‌کات و پیلانی جۆراوجۆری به‌سه‌ردا جێبەجێ ده‌کات، به دڵنیاییه‌وه حه‌شدی شه‌عبی ته‌نیا باڵێکی دیاری جێبه‌جێکاری سه‌ربازیی ئه‌وانە، ئه‌گینا به شێوه‌ی شانه‌ی نهێنی و سیخووڕی له‌و شاره‌دا چالاکه و جگه له یه‌کێتی نیشتمانی ئه‌وه له پارتی کرێکارانی کوردستانیش که هیچ ئینتیمایه‌کی کوردستانی نه‌ک نه‌ماوه، به‌ڵکوو دژی هه‌ر جۆره ئیرادهیهکە بۆ سه‌رخستنی دۆزی کورد و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی کوردی، که‌ڵک وه‌رده‌گرێت بۆ ئه‌وه‌ی گوتاری ڕاسته‌قینه‌ی مافخوازی کوردانه سه‌رنه‌که‌وێت.
ئه‌گه‌ر ئاوڕێک له‌و فیلمانه بده‌ینه‌وه که کۆماری ئیسلامی له ژێر ناوی فیلمی "به‌رگریی پیرۆز" دروستی کردوون، چه‌ند فیلم له‌باره‌ی که‌رکووکه‌وه دروست کراون که یه‌ک له‌وانە ده‌کرێت بشڵێین گرنگترینیان، فیلمی "ئۆپه‌راسیۆنی که‌رکووک"ـه له ده‌رهێنانی جهناك شورجه له ساڵی 1991، واته 32 ساڵ پێش ئێسته. به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی له‌م فیلمه‌دا نوێنراوه، هاوکاریی هێزه‌کانی یه‌کێتی بۆ هێرشکردنه سه‌ر که‌رکووک و ته‌قاندنه‌وه‌ی پاڵاوگه پێشان ده‌دات که ئێسته‌یش له واقیعدا ئه‌م هاوکارییه نزمه به‌رده‌وامه. له‌و فیلمه‌دا هێزه‌کانی یه‌کێتی وه‌ک پاشکۆ و پاشکه‌وتووی چه‌ند پاسدار و بهسیجێكی ساویلکه‌ی ئێرانی، پێشان ده‌درێن، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌مان هیچ شوناسێکیان نییه و ته‌نیا چه‌ند که‌سێکی خێڵه‌کیی بەکرێگیراون و یارمه‌تی پاسداران ده‌ده‌ن دژی ڕژێمی به‌عس لەو ئۆپه‌راسیۆنه‌دا.
فیلمی ئۆپه‌راسیۆنی که‌رکووک نواندنه‌وه‌ی تێڕوانینی سووک و چرووک و له هه‌مانکاتدا داگیرکه‌رانه و چه‌واشه‌کارانه‌ی ئێرانه بۆ که‌رکووک به تایبه‌تی و هه‌موو کوردستان به گشتی، به‌داخه‌وه تا ڕاده‌یه‌کی زۆر له‌و پرۆسه‌ی داگیرکاری و ده‌ستێوه‌ردانه‌دا به ئێسته‌یشه‌وه له‌و ناوچه‌یه سه‌رکه‌وتوو بووه، ئه‌مه‌یش بێ ناپاکیی ناوخۆیی، نایه‌ته دی! بۆیه ئێسته له میدیاکانیان یه‌کانگیرییه‌کی ئاشکرا و نهێنی دژی گوتاری کوردستان و پارتی و هه‌وڵ و گه‌ڕانه‌وه‌که‌ی ده‌بینرێت.
ئه‌گه‌ر سرنج بده‌ین هه‌ر له‌م ماوه که‌مه‌دا که بانگه‌شه‌کان ده‌ستیان پێ کردووه، هه‌واڵنێرییه‌کانی سه‌ربه کۆماری ئیسلامیی به تایبه‌تی هه‌واڵنێریی "کوردپرێس" که به چڕی هه‌واڵه‌کانی پێوه‌ندار له‌گه‌ڵ باکوری کوردستان و پەكەكە ڕووماڵ ده‌کات و ڕاسته‌وخۆ له‌لایه‌ن سوپای پاسدارانه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێت، ده‌ستیان داوه‌ته شیکاریی ورد و هاوکات چه‌واشه‌کارانه‌ی ڕووداوه‌کانی باشووری کوردستان و به‌تایبه‌ت که‌رکووک و به تایبه‌تیتر ئه‌و پرس و بابه‌تانه‌ی پێوه‌ندییان به حکوومه‌تی هه‌رێم و پارتی دیموکراتی کوردستانه‌وه هه‌یه.
کۆی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی له‌م ڕۆژانه‌دا له‌و هه‌واڵگرییه بڵاو کراونه‌ته‌وه، ته‌نیا به‌رجه‌سته‌که‌ری قه‌یران و تێکشکانێکی وه‌همین که ئه‌وان ده‌یخه‌نه پاڵ حکوومه‌تی هه‌رێم و پارتی، هاوکات له ڕووماڵی ڕووداوه‌کانی که‌رکووکیشدا ده‌یانه‌وێت دۆخی هاوسه‌نگی خوازراوی خۆیان ڕابگرن و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش که له هاتنه‌وه‌ی پارتی بۆ که‌رکووک ترساون، به‌ڵام له پڕوپاگه‌نده و چه‌واشه‌کاری به‌رده‌وامن، ئه‌مه‌یش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه که لەبارەی گۆڕانی هاوکێشه‌ی هێز و ده‌سه‌ڵات له که‌رکووک، نیگه‌رانن. بۆیه مه‌زه‌نده‌ی ئه‌وه ده‌کرێت به شێوه‌ی جۆراوجۆر گێره‌شێوێنی و ده‌ستێوه‌ردان بکه‌ن و که‌رکووک تووشی ڕووداوی نه‌خوازراوی کۆمه‌ڵایه‌تی یان ئاژاوه‌ی ئه‌منی بکه‌نه‌وه. بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ یه‌کێتی لایه‌نێکه له به‌ره‌وپێشبردنی ئه‌و هاوکێشه‌یه‌دا و پەكەكەیش به‌هه‌مانشێوه، هه‌ربۆیه ده‌بێت بزانین پارتی له ڕاستیدا له‌ناو مه‌یدانی جه‌نگێکی سارد و چه‌ند به‌ره‌ییدا له که‌رکووک سه‌ربه‌رزانه تێده‌کۆشێت و ئیش ده‌کات، ئه‌مه وا ده‌کات هه‌موو کوردێک وه‌ک ئه‌رکی سه‌رشانی خۆی كە باوه‌ڕی به گوتاری کوردستانیی هه‌یه، ئاگاداری هه‌ر جۆره پیلان و پلانە ده‌ره‌کی و گێره‌شێوێنانه بێت که دژی هێزه ڕاسته‌قینه‌که‌ی کوردستان و شوناس و چاره‌نووسی که‌رکووکییه‌کان له ئارادان.
که‌رکووک به پلانی ئێرانییه‌کان و ملکه‌چیی یه‌کێتی و یاریی بانێك و دوو هه‌وای پەكەكە، به‌م ڕۆژه گه‌یشت و ئێسته‌یش ئه‌م یه‌کانگیری و بهرهبهندییه دژی هێزی ڕاسته‌قینه‌ی ڕزگاریکه‌ری که‌رکووک له ئارادایه و شکاندنی ئه‌م میکانیزمه پیلانگێڕانهیه، به وردبینی و پشوودرێژی و سیاسه‌تی مه‌ده‌نی و حه‌کیمانه ده‌كرێ، ئه‌و ڕێبازه‌ی له پارتی چاوه‌ڕوان ده‌کرێت، به‌ڵام له هه‌مبه‌ر ئه‌م گه‌له‌کۆمه‌یه پێویسته هه‌موو تاکێکی کوردستانییخوازی که‌رکووک هوشیار و بە ئاگا بێت و یارمه‌تی سه‌رکه‌وتنی هێزی ڕزگاریکه‌ری خۆیان بده‌ن.