پێشه‌کی:
له حاڵێکدا خه‌ڵکی کوردستان و به‌تایبه‌تی سلێمانی که‌وتوونه‌ته ناو یاریی میدیایی و سیاسیی لایه‌نی لاده‌ری ناوخۆیی و لایه‌نی داگیرکه‌ری عێراقی و به باسی مووچه و هاندانی بایکۆت و دروستکردنی پشتیوانی ڕیکخراو و ساخته‌وه سه‌رقاڵ کرابوو یادکردنه‌وه‌ی قۆناغی یه‌که‌می ئه‌نفالمان له بێده‌نگیی و کشوماتییهکی ڕه‌ها تێپه‌ڕاند، قۆناغی یه‌که‌می ئه‌نفال که له مانگی دووی 1988 ده‌ستی پێ کرد و تا 18/3/1988 به‌رده‌وام بوو، یه‌که‌مین ئۆپه‌راسیۆنی دڕنده و پاکتاوکارانه‌ی به‌عسییه‌کان بوو، ده‌رگای دۆزه‌خیان به‌سه‌ر کورددا کرده‌وه، ئێسته‌یش ده‌وڵه‌ته‌کانی دوای به‌عس به‌شێوه‌ی جیاواز هه‌مان ڕیچکهیان گرتووه‌ته به‌ر و خه‌ریکی پووکانه‌وه‌ی ناوخۆیی کوردستان له ڕێگه‌ی یاسای نایاسایی و بڕیاره ناده‌ستوورییه‌کانی دادگای فیدراڵییەوە.
به‌داخه‌وه به‌هۆی نه‌بوونی قوولبوونه‌وه‌ی پێویست بۆ کاره‌ساته‌کانی وه‌ك ئه‌نفال، نه‌ک ته‌نیا ناتوانرێت ده‌وڵه‌تی داگیرکا‌ر ئێسته‌یش به قووڵی بناسرێن و کردەوهکانیان پێشبینی بکرێت، به‌ڵکوو هه‌ر به‌هۆی نه‌بوونی هه‌مان تێروانینینهوه واته ده‌سه‌ڵاتێکی زۆره‌ملێی تاکه‌که‌سیی، له سلێمانی په‌یکه‌ری سه‌دام به‌بێ ئه‌وه‌ی گوزارشت له دڕنده‌یی و جه‌لادبوونی بکرێت، له‌سه‌ر به‌ردی مه‌ڕمه‌ڕ له "ئه‌منه‌سووره‌که" داده‌نرێت و له باتی نه‌فره‌ت و کردنی به سیمبولی دڕنده‌یی، به‌پێوه وه‌ستاوه و ده‌ستێکی نه‌ماوه! ئایا ئه‌مه ئه‌وپه‌ڕی تێگه‌یشتنی ئه‌وانه‌یه بۆ جه‌لاد و ده‌سه‌ڵاتێکی کوردکوژ؟
من لێره‌دا نامه‌وێ ئه‌مه به وردی باس بکه‌م و دایده‌نێم بۆ وتاری تر، به‌ڵام دێمه‌وه سه‌ر ئه‌نفال و ئه‌و یادکردنهوهیهی ده‌بوو ئه‌م ڕۆژانه‌یان بۆ ئێمه پڕ له هێمنی و ئاسایش و هێوری بکردایه.، به‌ڵام ئاخۆ هێزی ناپاکی ناوخۆیی که ڕێز له دیکتاتۆری کوردکوژ ده‌گرێت، ده‌توانێت بزانێت کێ دوژمن و ئه‌نفالچیه؟ له‌م وتاره‌دا سه‌ره‌تای ده‌سن پێکردنی ئۆپه‌راسیۆنه‌که و ئه‌و ئه‌ندازیارییه‌ی له پشت کارهساتهكەوە بوو، دەخەمە ڕوو.
بۆ نووسینی ئه‌م بابه‌ته له وتاری (خوێندنه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵناسانه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازیی "ئه‌نفال") له نووسینی د.حسه‌ین محه‌مه‌دزاده مامۆستای کۆمه‌ڵناسی که به فارسی نووسراوه، که‌ڵکم وه‌رگرتووه.
وتار:
ساڵی 1988 ترۆپکی ده‌رکه‌وتن و مانیفێستکردنی ئاشکرای ئه‌نفاله. پێشتر به‌پێی نامه‌یه‌کی نهێنی به ژماره‌ی 4686/28 له 29/6/1985 فرمانێک ده‌رکراوه که له‌م ناوچانه‌ی کوردستاندا ناوه‌نده‌کانی خۆراک و خوارده‌مه‌نی له‌ناو ببرێن، جگه له‌وانه‌ی که مۆڵه‌تیان هه‌یه، گواستنه‌وه‌ی کاڵاکان له پارێزگایه‌که‌وه بۆ پارێزگایه‌کی دیکه قه‌ده‌غه بکه‌ن، پێشگری بکه‌ن له گه‌یشتنی خۆراک و خوارده‌مه‌نی به ده‌ستی به حیساب خراپەکاران و تێکده‌ران. خزمه‌تگوزاری بۆ ئه‌و گوندانه ڕابگرن كە لەگه‌ڵ تێکده‌ران و خراپه‌کاراندا هاوکاری ده‌که‌ن، له گواستنه‌وه و کڕین و فرۆشتن بۆ ناوچه قه‌ده‌غه‌کراوه‌کان پێشگری بکه‌ن و له فرمانێکدا ده‌ڵێت: "پێوه‌ندیی که‌سانی پله‌دوو له‌گه‌ڵ تێکده‌ران بپچڕێنن. به‌هه‌مانشێوه که هێڵی ته‌له‌فۆنه‌کانیان ده‌پچڕێنن".
له جێبه‌جێکردنی فرمانه‌که‌دا پێشوه‌خت "ئه‌م ناوچانه‌ی کوردستان به ناوچه‌ی قه‌ده‌غه‌کراو، (المنگقه المحژوره یا منگقه المحرمه) ناو ده‌بات. دواتر فرمان ده‌رده‌کرێت ئاو، کاره‌با، سیستمی گواستنه‌وه و پێداویستییه‌کانی تری گونده‌کان ڕابگیرێت. له‌م قۆناغه‌دا خه‌ڵکی گونده‌کان به‌شێوه‌ی یاسایی و كارگێڕی سه‌رکوت ده‌کرێن. خه‌ڵکی گونده‌کانی ناوچه قه‌ده‌غه‌کراوه‌کان پاش ئۆپه‌راسیۆنه‌که مافی یاسایی کڕین و فرۆشتنیان نامێنێت. ته‌نیا چه‌ند هه‌فته پاش ده‌ستپێکردنی ئۆپه‌راسیۆن، گونده‌کان چۆڵ ده‌کرێن و له شوێن و نیشتنگه‌ی نوێ‌دا له‌ژێر ناوی ئۆردوگای زۆرەملێ نیشته‌جێ ده‌کرێن. عه‌لی کیمیایی ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر وا نه‌که‌ین، تێكده‌ری و خراپه‌کاری ملیۆنان ساڵ درێژه‌ی ده‌بێت".
ئه‌نفال ئه‌ندازیاریی کوشتنی به کۆمه‌ڵ. پرۆژه‌یه‌ک که له خۆگری سێ قۆناغی پێکه‌وه‌گرێدراوه:
1-پێناسه (ناساندن)ی ناوچه (definition)
2-ده‌ستبه‌سه‌رکردن (Concentration-Seizure)
3-قه‌تڵوعام/ كۆمەڵكوژ Annihilation
واته له قۆناغی یه‌که‌مدا ناوچه‌ی ئۆپه‌راسیۆن دیاری ده‌کرێت، له قۆناغی دواتردا هەمان ناوچه‌یه گه‌مارۆ ده‌درێت و هێرشی ده‌کرێته سه‌ر و له قۆناغی سێیه‌میشدا هه‌موو شوێنەوارە مرۆیی و کزلتوورییهکان و ته‌نانه‌ت په‌ز و ئاژه‌ڵه کێوییه‌کانی ناوچه‌که ده‌که‌ونه به‌ر هێرش و قڕکردن.
له ئۆپه‌راسیۆنی ئه‌نفالدا فهرماندهگهلێکی وه‌ک سوڵتان هاشم، عادل خه‌لیل زه‌کی و هێزه‌کانی گاردی نیشتمانی، کورده جاشه‌کان، هێزه‌کانی تایبه‌ت، هێزی فریاکه‌وتن، بەرگریی نیشتمانی، هێزی ئاسمانی، هێزی به‌رگریی سه‌رکۆماری و هێزه‌کانی زانیاری و هەواڵگری، به‌شدار بوون.
ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه که زیاتر له ساڵی 1988دا جێبه‌جێ کرا، له هه‌شت قۆناغی یه‌ک له دوای یه‌کدا له ناوچه زیاتر گوندییه‌کانی باشووری کوردستان به‌شێوه‌ی خواره‌وه جێبه‌جێ کرا؛
قۆناغی یه‌که‌م
ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه ناوچه و دۆڵی جافایه‌تی له 23ی شوبات/فێبریوەر تا 19ی ئادار/مارسی 1988 له‌خۆ ده‌گرێت. ئۆپه‌راسیۆن له ناوچه‌ی سوورداش، بنگرد، ماوه‌ت، قه‌یوان، وڵاخلوو، سه‌رگه‌ڵوو، به‌رگه‌ڵوو، هه‌ڵه‌دن، مالوومه، یاخسه‌مه‌ر، گه‌وره‌دێ، گه‌ڵاڵه و گۆمهزل، جێبه‌جێ کرا.
پاش یه‌که‌مین قۆناغی ئه‌نفال هێرشی کیمیایش ده‌کرێته سه‌ر هه‌ڵه‌بجه، لەو بۆردمانەدا چاودێری مافی مرۆڤ ناوی 3200 کوژراو ده‌خاته ڕوو، به‌ڵام زۆربه‌ی ئاماره‌کان له ژماره‌یه‌ک له نێوان پێنج بۆ حەوت هه‌زار قوربانیی ده‌دوێن.
قۆناغی دووه‌می ئه‌نفال
ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه به هێرشی کیمیایی بۆ سه‌ر گوندی سێوسێنان ده‌ستی پێ کرد، به‌ڵام زیاتر له ناوچه‌ی قه‌ره‌داغ جێبه‌جێ کرا و له 22ی ئادار تا یەكی ئەپریل درێژه‌ی كێشا و ناوچه و گونده‌کانی گۆمه‌زه‌رد، سه‌گرمه، جافراوا، قه‌ره‌داغ، کۆشکی سوور و تهکیە، له‌خۆ ده‌گرێت.
قۆناغی سێیه‌م
قۆناغی سێیه‌می ئۆپه‌راسیۆن له ناوچه‌ی گه‌رمیان جێبه‌جێ کرا و ناوچه‌کانی له‌یلان و چه‌مچه‌ماڵ و گونده‌کانی تالیبان، سه‌نگاو، پونگڵه، درۆزنه، چارمگ، قادرکه‌ره‌م، تازه‌شار، عه‌زیز قادر، ئیبرائیم غوڵام و کوڵه‌جۆ له‌خۆ گرێت. له‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌دا 100 هه‌زار که‌س له دانیشتوانی ناوچه‌ی گه‌رمیان له‌ناو بران.
قۆناغی چواره‌م
قۆناغی چواره‌می ئەنفال له که‌رکووک و کۆیه جێبه‌جێ کرا و ناوچه‌ی شوان، شێخ بزێنی، نراگین، سێگردکان، کانی ڕه‌ش، سه‌رچنار، قه‌ره‌ناو و قه‌سرۆک، له خۆ گرتبوو.
قۆناغه‌کانی پێنجه‌م، شه‌شه‌م و حه‌وته‌م، له دوو ناوچه‌ی خۆشناوه‌تی و باڵه‌کایه‌تی جێبه‌جێ کرا. قۆناغی هه‌شته‌می ئەنقال له ناوچه‌ی بادینان جێبه‌جێ کرا.
له‌م ئۆپه‌راسیۆنه گه‌وره‌یه‌دا هه‌لیکۆپته‌ر، جێتی میگ و سۆخۆی ڕووسی و چه‌کی کوكوژی کیمیایی که‌ڵک وه‌رگیرا. له‌م نێواندا هه‌ر بوونه‌وه‌رێک چ ئینسان چ ئاژه‌ڵ، ده‌کرێت به ئامانج. هه‌ر که‌س ده‌کوژرێت ده‌کوژرێت و ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌کرێت. پاش ده‌سبه‌سه‌رکردن دوو جۆر جیاکردنه‌وه و هه‌ڵاواردن دێته ئاراوه. هه‌ڵاواردنی ڕه‌گه‌زی و ته‌مه‌نی. که‌سانی خوار 15 ساڵ و سه‌روو 75 ساڵ ئازاد ده‌کرێن و ئه‌وانیتر ده‌گوازرێنه‌وه بۆ ئۆردوگاکانی ناو بیابان و ناوچه هاوسنوورییه‌کانی عێراق و ئوردن و عێراق و عه‌ره‌بستانی سهعوودیە.
ئۆردوگاکانی تۆپزاوا، دووبز و نوگره‌سه‌لمان له خراپترین و به‌دناوترینی ئه‌م ئۆردوگایانه بوون. له‌وێدا پیاوه‌کان ده‌درانه به‌ر ده‌ستڕێژ و پاشان به شۆڤڵ ده‌کران به ژێر خۆڵه‌وه و ژنان به که‌نیزه‌ک ده‌بران و کۆیله ده‌کران.
"له کۆتایی ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌دا وه‌ها خه‌مڵا که نزیکه‌ی 150 بۆ 200 هه‌زار که‌س له‌ناو براون و لانیکه‌م ملیۆن و نیوێك كورد له ئۆردوگا نوێیەکاندا نیشته‌جێ کران، له تەمووز/یۆلیۆی ساڵی 1988، چوار هەزار و 500 کیلۆمه‌تر له حەوت هەزار و 500 کیلۆمه‌تر، خاکی باشووری کوردستان قه‌ڵاچۆ کرا.
ئۆپه‌راسیۆنه بهدناوکهی ئه‌نفال به قه‌ڵاچۆکردنی ناوچه گوندییه‌کانی کوردستان و له‌ناوبردنی چوار هەزار گوند، هەزار و 757 قوتابخانه، 245 مزگه‌وت و 271 نه‌خۆشخانه و بنكەی ته‌ندروستی هاته ئه‌نجامدان.
بابه‌ته‌که هه‌ر به‌مه‌وه ناوه‌ستێته‌وه و له یه‌کێک له به‌ڵگه‌نامه به‌جێماوه‌کاندا ناوی 19 کچی کورد هاتوون که به وته‌ی به‌عس بۆ ته‌مبێکردن و به پهندکردنی کورده‌کان ناردوویانن بۆ یانه‌كانی شه‌وانی میسر. عه‌لی کیمیایی له‌و کاته‌دا گوتبووی: "چاوه‌ڕوانن من زیندوو و گه‌ش و شاد بیانبینم... نه‌خێر، من به شۆڤڵ ده‌یانکه‌م به‌ژێر گڵه‌وه".