تێڕامانێك له "ژینگه و ژینگه‌پارێزی" له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان
شاخ و ژینگه به‌رله‌وه‌ی هێما و نیشانه‌یه‌ك بن بۆ سروشت و وه‌حشییه‌تێكی دڕ و له بنه‌چدا شه‌قڵنه‌شكاو، هاوكات جوان، سه‌مبوولێكن بۆ بوون و هه‌ستیی هه‌موو بوونه‌وه‌ر نه‌ك ته‌نیا مرۆڤ. بۆیه دركاندنی ئه‌م ڕاستییه ته‌نیا ئاماژه نییه به بوون و هه‌ستی بوونه‌وه‌رێكی خاوه‌نئاوه‌ز و بیر و زمان كه به ناوی مرۆڤ ناوی زڕاوه، به‌ڵكو ئاماژه‌یه‌كی تۆخه به هه‌موو ئه‌و كائین و ورده بوونه‌وه‌رانه‌ی له ئامێز و هه‌ناوی سه‌رزه‌وینی شاخدا ئاشكرا و نائاشكرا ده‌ژین و هه‌ناسه‌ی دنیا پاكتر و بێگه‌ردتر ده‌كه‌نه‌وه.
"بوون"ی مرۆڤ ته‌نیا بوونێكی خۆبژێو و سه‌ربه‌ست نه‌بووه به‌و شێوه‌یه‌ی هه‌ندێك فه‌یله‌سووفی وه‌ك دیكارت ده‌ڵێن، به‌ڵكو به سانایی بوون و "بیركردنه‌وه "( Cogito)ی به‌نده به هه‌موو ئه‌و لاسك و چڵ و گه‌ڵا و گیانه‌وه‌ر و...یانه‌ی كه مێژینه و سه‌ربورده‌یه‌كی كه‌ونینه‌یی و دووره‌ده‌ستیان له‌سه‌ر گۆی زه‌وی، واته دنیای ئێمه‌ی مرۆڤدا تۆمار كردووه.
شاخ و كێوه‌كان وه‌ك دیارترین هێمای سروشت و ژینگه هه‌میشه لانكه‌ی یه‌كه‌می "دابوون" و داهاتنی مرۆڤ و بێشكه‌ی "داچوون" و مه‌رگیشی بوونه، پاش شۆڕشه‌كانی جیهانی مۆدێرن و گه‌شه‌سه‌ندنی عه‌قڵی ئامێربازانه‌ی مۆدێڕنیته له وڵاتی ئێمه‌دا، ژینگه مه‌ترسی زۆری بۆ دروست بوو و شێواوی و سووتاندن و قڕكردن به‌شێك له ڕووخساری "باكیره" و چێژبه‌خشی شێواند، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌یش كه‌متر خاوه‌نی ئه‌و ڕه‌گه‌ز و توخمه نه‌ریتی و كولتوورییانه بوو كه بۆ پاراستنی هه‌ر شتێك جگه له خۆی پێویست بوو.
ئه‌و ئه‌زموون و زانستانه‌ی كه كرۆك و هه‌ناوی سروشتیان هه‌ڵكۆڵیوه به‌ره‌و ئه‌م بیردۆزه ده‌چن كه ئه‌گه‌ر ڕێز له سروشت نه‌گیرێت، سروشتیش رێزمان لێ ناگرێت، چونكه سروشت ژیانمان ده‌داتێ و ده‌توانێ (به‌هۆی شۆڕشه‌كانی ئێمه‌یشه‌وه هاوشێوه‌ی مرۆڤ) مه‌رگمان پێشكه‌ش بكات.
له ماوه‌ی ئه‌م چه‌ند ساڵانه‌ی دواییدا، كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی دركی به بایه‌خ و نرخی ژینگه و ژیانی دارستان كردووه و تا ئاستێكی باش و زۆریش ئه‌م فام و تێگه‌یشتنه‌ی بۆ ڕێزگرتن له دارستان بردووه‌ته دۆخی كرده‌نی و كانالیزه‌كردنه‌وه. به‌تایبه‌ت كه ئێمه وه‌ك مرۆڤی كورد وا كه‌وتووینه‌ته گه‌رداوێكی تووشی مێژووه‌وه كه دارستانه‌كانیشمان له‌گه‌ڵ خۆمان قوربانی كراون.
ڕاسته كۆی مرۆڤایه‌تی و ئاین و فه‌لسه‌فه و... به‌و ئاكامه گه‌یشتوون كه مرۆڤ له سه‌رووی هه‌موو بوونه‌وه‌رانه و نرخی ئاوه‌ز و عه‌قڵی تایبه‌ت جیای ده‌كاته‌وه، یان وه‌ك ئاین ده‌ڵێت "ئه‌شره‌فی مه‌خلوقاته". به‌ڵام ئه‌مه به‌و واتایه نییه شوێنگه و ژینگه‌ی هه‌بوون "وجوودمان" به نزم دابنرێت و سووك بیگرین و قات و قڕ بێت. ئێمه وه‌ك كورد دارستانه‌كانیشمان سیاسه‌تزه‌ده بووه، كاتێك مرۆڤێكی كورد له هه‌ر گۆشه‌یه‌كی كوردستان ده‌كوژرێت، هه‌موو ده‌زگه و لایه‌نێكی سیاسی وه‌ك ئه‌وه‌ی كه شتێك به ناوی مرۆڤی كورد بوونی نه‌بێت، بێده‌نگ و لاڵ ده‌بن، به چ هۆكارێك؟ ئه‌مه روونه.
كاره‌ساته‌كه له‌وه‌دایه كه دارستانه‌كانیشمان هه‌مان تێڕوانینی بۆ پێناسه كراوه، داری كوردیی له‌گه‌ڵ داری فارسیی جیاوازی هه‌یه، په‌له‌وه‌ری كوردی له‌گه‌ڵ په‌له‌وه‌ری نه‌ته‌وه‌كانی تر جیاوازن. ئه‌گه‌رچی هه‌ردووكیشیان به یه‌ك زمانی سروشتی ده‌جریوێنن. به‌ڵام هاوكێشه‌كه ئه‌مه‌یه، واته كاتێك هه‌ڵه‌بجه یان سه‌رده‌شت كیمیاباران ده‌كرێن، یه‌كه‌م شت كه ده‌شێت گرنگی پێ بدرێت و بۆی بناڵێنین و بیگێڕینه‌وه و هه‌ناسه‌كانیان جاوید بكه‌ینه‌وه، مرۆڤه‌كانی ئه‌و شوێنانه‌ن، ئه‌و هه‌موو ژن و منداڵ و گه‌نج و پیره‌ی پڕن له ژیان و ئومێد و خه‌ون و هیوا له یه‌ك چركه‌ساتدا ئیتر نین. به‌ڵام شوێن و دارستان و ژینگه كانگه و بێشكه‌ی ژیان و حه‌ز و هیواكانی ئه‌م مرۆڤه‌یه.
ئه‌گه‌ر دارستان خاوه‌نی عه‌قڵ و ئاوه‌ز وه‌ك مرۆڤ نین، به‌ڵام خاوه‌ن ئۆرگان و سیستمێك له هاوسه‌نگكردن و هێشتنه‌وه‌ی ژیان و هه‌بوونی مرۆڤ، به‌پێی ئه‌وه‌ش عه‌قڵی ئه‌م مرۆڤه‌ن. ناكرێت پله و پێگه‌ی شاخ و دارستان له‌گه‌ڵ مرۆڤدا به یه‌كسان بگرین، به‌ڵام لانیكه‌م له مێژووی ئێمه‌دا و به‌هۆی ئه‌و دۆخه سیاسییه‌ی له سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیست به‌سه‌رماندا سه‌پێنرا، دارستان و مرۆڤ، شار و شاخ، ژیار و كێ‌و و... له یه‌كتر دانه‌بڕاون و جیا نه‌كراونه‌ته‌وه و شاخ و شار له یه‌ك خاڵ و ترۆپكدا به‌ناوی "شۆڕش" هاوبه‌ش و هاوڕۆح بوون.
ئه‌گه‌رچی زۆرترین ده‌لاله‌ت بۆ ئه‌م زاراوه و چه‌مكه (شۆڕش) سیاسی بووه، به‌ڵام له بنه‌مادا و له‌م هاوكێشه‌یه‌دا ده‌شێت وا نه‌بێت، شۆڕش و ڕامنه‌كراویی و یاخیبوون و ماڵی نه‌بوون، له جه‌وهه‌ردا تایبه‌تمه‌ندی شاخ و دارستانن، كاتێك ئێمه به‌هۆی دۆزی سیاسیمان جیهانی شارستانیی و مرۆڤایه‌تی نه‌یهێشت ده‌وڵه‌تمان هه‌بێت و نه‌ته‌وه‌كه‌مان ئارام و هێمن، ماڵ و شار و شارستانیی رۆ بنێت... نه‌یانهێشت ماڵی بكرێینه‌وه /به واتا مۆدێرنه‌كه‌ی/ ته‌نیا شاخ بوو هه‌ڵگری ئێمه و دۆخ و ماناكانمان بوو، مانا و ئاره‌زوویه‌كی مه‌زن و گه‌وره به ناوی شۆڕش، به‌ناوی كۆیله‌نه‌بوون بۆ شار، په‌رستشی یاسای بزۆز و نه‌ناسراو و یاخیی دارستان، له قۆناغێكدا ئێمه شاخ بووین.
بێ هۆ نییه ئێسته‌یش فه‌یله‌سووفێكی وه‌ك نوام چامسكی بڵێت: كورد ده‌بێت باوه‌ڕیان به شاخه‌كان زۆرتر بێت له وڵاتانی تر بۆ نموونه ئه‌مه‌ریكا. وڵاتانی تر و لێره‌دا ئه‌مه‌ریكا هێمای ئه‌و كۆیله‌بوونه شارییه‌ن كه له‌سه‌ر كوشتن و قڕكردنی خه‌ڵكی به‌ده‌وی و سروشتیی ئه‌مه‌ریكا شارستانییه‌تیان ڕۆنا و ده‌وڵه‌ت نه‌ته‌وه‌یان دروست كرد.
ئێسته‌یش ئێمه له دنیای مۆدێرن و له هه‌ناوی مێژووی خۆمان به ڤیدیۆ و وێنه ئاسك و پێشمه‌رگه ده‌بینین یاریی ده‌كه‌ن، ئاسك هێمای وه‌حشییه‌تی جوان، پێشمه‌رگه هێمای به‌رگری له ڕۆحێكی شۆڕشگێڕ بۆ دروستكردنی شار و ژیار. له هه‌ر ڕوویه‌كه‌وه بدوێین شاخ و شار، ئێره و ئه‌وێ، ئێمه و دارستان، لێك دانه‌بڕاوین.
ماهییه‌تی پێوه‌ندیی ئێمه وه‌ك كورد تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه كه له‌ناو هاوكێشه سیاسییه‌كانی مێژووماندا ده‌خوێنرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌م هاوكێشه ته‌نگژه‌ییه سیاسییانه وایان نه‌كردووه سروشت و دارستان ته‌نیا وه‌ك داڵده و په‌ناگه‌یه‌كی سیاسی ببینینه‌وه، به‌ڵكو هاوكات بووه له‌گه‌ڵ تێكه‌ڵبوون و قووڵبوونه‌وه له ناخی دارستان و شاخ و گژوگیا و ئه‌و ڕه‌سه‌نایه‌تییه‌ی سروشت كه گلگامێشی ئه‌فسانه‌یی له باوه‌شیدا ده‌یویست جاوید و هه‌رماو ببێته‌وه، ئێمه وابووین و واین.
ئه‌م شاخه وا هه‌ڵكه‌وتووه
ئه‌ڵێی ماینێكی ئاوسه
دێڕه شیعرێكی شێركۆ بێكه‌س.
له‌م ساڵانه‌ی دواییدا به داخرانی هه‌موو ئه‌نجوومه‌ن و ڕێكخراوه ئه‌ده‌بی و كولتووری و هزرییه‌كان، ڕێكخراوانی خۆبه‌خشی ژینگه‌پارێز له مه‌ریوان و سنه‌وه بۆ كرماشان و ئیلام، هه‌موو هه‌وڵ و خه‌می خۆیان خسته‌گه‌ڕ بۆ پاراستنی ژینگه و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی حورمه‌ت و وه‌فا بۆ سروشت و دارستان. ئه‌م هه‌وڵانه به كه‌مترین پشتگیری حكوومه‌ت بووه و له زۆر شوێندا حكوومه‌ت له‌مپه‌ر و به‌ربه‌ستی یاسایی و كرده‌نیشی بۆ دروست كردوون، به‌ڵام هه‌موو ئه‌و چالاكه ماندوونه‌ناسانه به ڕۆحیی لێبورده‌یی و خه‌مخۆرانه‌وه ئاگاداری شاخ و دارستان بوون.
سه‌ره‌تا كێشه‌ی دارستانه‌كانی ئێمه پاك و خاوێن نه‌بوون و ئاماده‌نه‌بوونی كولتوورێكی گشتی بوو، كولتووری فڕێدانی زبڵ و پاشماوه له سروشت و ژینگه‌دا. دواتر كێشه‌ی سه‌ره‌كی و بنه‌مایی كه كه‌وته گیانی ژینگه و بوونه‌وه‌ر و ئاژه‌ڵی ناخ و باوه‌شی ژینگه، ئاگركه‌وتنه‌وه بوو، ئاگری له‌ناكاو و بێ هۆكار و نادیار. ئه‌و ئاگرانه كه حكوومه‌ت ئه‌وه هیچ به هانایه‌وه نه‌ده‌هات تا باش باش ئاگره‌كه عاله‌می داگیر ده‌كرد و زۆر شت له‌ناو ده‌چوون، دواتریش هیچ به‌دواداچوونێكی بۆ هۆی كه‌وتنه‌وه ئاگره‌كه نه‌ده‌كرد، بگره هه‌میشه پاش ئاگركه‌وتنه‌وه ئاخر كه‌سێك كه ده‌گه‌یشت به‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو خۆڵه‌مێشه‌ی دارستان و ئێسك و پرووسكی ئاژه‌ڵدا، ئیداره‌ی ژینگه یان ئاگركوژێنه‌وه بوو.
به‌شێك له هۆكاره‌كه هاوینی گه‌رم و چوونه سه‌ره‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمای گۆی زه‌وییه، به‌شێكی تری چڕی و پڕی گژوگیا و دار و ده‌وه‌نه له دارستانه‌كانی كوردستان، به‌شێكیش هه‌ڵه‌ی كه‌ژه‌وان و شوان و ڕێبوارانی كه‌مته‌رخه‌م، به‌ڵام ئه‌مانه كێشه‌ی سه‌ره‌كی نین.
ئه‌م هۆكارانه هه‌ن و ته‌نیا ڕووداون و به‌س، كێشه‌ی جه‌وهه‌ری ئه‌وه‌یه ژینگه‌ی كوردیی ده‌لاله‌تی سیاسیی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه و ژینگه واتای شوێنگه‌ی مرۆڤی كورد و لانكه‌ی شۆڕشی هه‌بووه و هه‌یه، ئه‌م تێگه‌یشتنه ژینگه وه‌ك شوێنگه‌ی ئه‌كتێكی سیاسی و ڕه‌مزی ده‌بینێت و ژینگه‌پارێزانیش به بكه‌رانی گوماناوی چاو لێ ده‌كات، لێره‌دا سروشت فیگور و فۆرمێكی سیاسی و ڕه‌مزی وه‌رده‌گرێت و ئه‌وه‌ی زیاد ده‌كرێته سه‌ر هاوكێشه‌ی كوردبوون و به‌رگریی و شۆڕش ژینگه، به مانای شوێنگه و هه‌ناسه‌دان و بووژانه‌وه‌ی دێت.
پاراستنی ژینگه خۆی له وه‌ها هاوكێشه‌یه‌كدا ئه‌كتێكی سیاسی و شۆڕشگێڕانه‌یه كه هه‌ڵگری مانایه‌كی پێشكه‌وتنخوازانه‌یه له ئاستی كولتوور و سیاسه‌تدا.