كتێبی "ته‌یموور تاكه ڕزگاربووی ناو گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی ژن و منداڵه ئه‌نفالكراوه‌كان" كه ئه‌نجامی دیمانه‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیی تێروته‌سه‌لی عارف قوربانی ڕۆژنامه‌نووس له‌گه‌ڵ ته‌یموور كوڕی عه‌بدوڵا ئه‌حمه‌د و سارا محه‌مه‌د مه‌حموود كه له‌گه‌ڵ هه‌موو بنه‌ماڵه‌كه‌ی به سێ خوشك (لاولاو، سنوور و گێلاس)، خاڵۆژن و مام و خاڵۆوه، ئه‌نفال كراون، به‌رهه‌می هه‌وڵ و ماندووبوونی بێ وچانی ڕۆژنامه‌نووس عارف قوربانییه و له دووتوێی 253 لاپه‌ڕه به پرسیارگه‌لی ساكار و ئاڵۆز ته‌یموور دێنێته قسه و ڕووداوه‌كانی پێ ده‌گێڕێته‌وه.
ئه‌گه‌رچی ته‌یموور وه‌ك تاقه ڕزگاربوو و شایه‌تحاڵی چاره‌نووسی ژنان و منداڵانی ئه‌نفالكراو، وه‌ك دۆخ و شوێنگه‌ی گێڕانه‌وه ده‌بێت به زانای هه‌موو شتزان و یه‌كه‌م كه‌سی تاك كه ڕۆڵی كۆیه‌كی مردوو (ئه‌نفالكراوه‌كان) ده‌گێڕێت، به‌ڵام له‌وكاته‌ی له ته‌مه‌نێكی كه‌مدا ڕووداوه‌كه ده‌بینێ و ڕه‌نگه تا ماوه‌یه‌كی زۆری دوای ئه‌وه‌ش به‌شی زۆری ڕووداوه‌كه و هۆكار و بۆچێتی هێشتا لێیه‌وه نادیار بووه، تا كاتی خۆی. ئه‌و وه‌ك منداڵێكی ته‌مه‌ن 12 ساڵ كه كه‌وتووه‌ته ناو گێژه‌نی ڕووداوه‌كه‌وه، زۆرتر خه‌ریكه وێنه و مۆته‌كه‌یه‌ك ده‌گێڕێته‌وه كه بینیویه‌تی، واته ئه‌و وه‌ك مرۆڤێك كه هێشتا زمان و تێگه‌یشتنی پشكووتنێكی وه‌های به‌خۆوه نه‌دیوه، هه‌موو وێنه و هه‌ست و ترس و ده‌نگێكی له خۆیدا هه‌ڵگرتووه تا دواتر و پاش ڕزگاربوونی له گۆڕ و مه‌رگ، بۆ خه‌ڵكانی تری بگێڕێته‌وه.
هه‌ر له سه‌ره‌تاوه كه له گونده‌كه‌ی خۆیان "كوڵه‌جۆ" /له نزیك كه‌لار/ به‌ره‌و قۆره‌توو و له‌وێشه‌وه به‌ره‌و تۆپزاوا ده‌ڕۆن و له‌وێشه‌وه به‌ره‌و قووڵایی بیابانه‌كانی خوارووی عێراق و نوگره‌سه‌لمان، گێڕانه‌وه‌كه‌ی ده‌ست پێ ده‌كات. تایبه‌تمه‌ندیی گێڕانه‌وه‌كه‌ی ته‌یموور له چه‌ند ئاراسته‌دا به‌ده‌ر ده‌كه‌وێ.
یه‌كه‌میان ئاراسته‌ی "زه‌مان"، ته‌یموور دوو جۆر له زه‌مان ئه‌زموون ده‌كات، زه‌مانێكیان له‌ناو ئێسته‌ی كاره‌ساته‌كه و بینینی ڕووداوه‌كان و به‌ره‌و مه‌رگ ڕۆیشتن، زه‌مانێكی تر كه ڕزگاری بووه و گه‌وره بووه و له گۆشه‌نیگای گه‌نج یان پیاوێكی خاوه‌ن وزه و وشیارییه‌كی دیاره‌وه، ده‌كه‌وێته ڕاڤه و ته‌ئویلكردنی ڕووداوه‌كان. ئێسته‌ی ڕابردوو و ئێسته‌ی داهاتوو.
ئاراسته‌ی تر كه تایبه‌تمه‌ندییه‌كی تری گێڕانه‌وه‌كه‌ی دیاری ده‌كات، "زمان"ـه. ئه‌و وه‌ك منداڵێكی 12 ساڵ بێگومان زمانێكی ئه‌وتۆی نه‌بووه بۆ فامكردن و گێڕانه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌نده بووه كه جه‌مسه‌ره‌كانی مه‌رگ و ژیان و سنووره‌كانی مرۆڤ و ماشێن و عه‌سكه‌ر و كڵاشینكۆف دیاری بكات، واته هاتووه‌ته ناو فۆرم و نه‌زمێكی سیمبۆلییه‌وه، وه‌ك خۆی ده‌یڵێت، زۆرتر گرێدراویی به باوكییه‌وه هه‌بووه كه هه‌موو ڕازێكی لا دركاندووه و كاتی خۆی كڵاشینكۆفه قاچاخه‌كه‌ی پێ پێشان داوه و پێكه‌وه نیشانه‌یان گرتووه‌ته‌وه و فیشه‌كیان ته‌قاندووه.
ته‌یموور دواتر زمانه‌كه‌ی له پێگه‌ی بابه‌تێكی پێوه‌ندییانه‌ی ڕه‌ها ده‌رده‌چێت و ده‌كه‌وێته ناو گێڕانه‌وه‌وه، مه‌به‌ست له "دواتر" تێپه‌ڕینی زه‌مان و پاش ڕزگارییه. له‌م خاڵه‌دا ئاسۆ و ئاسته‌كانی زه‌مان و زمان پێكه‌وه ده‌ئاڵێن و وێنه‌یه‌كی گه‌وره‌تر له گێڕانه‌وه‌كه‌ی ته‌یموور ده‌ده‌ن به ده‌سته‌وه.
له قۆناغی یه‌كه‌مدا پاش ڕزگاربوونی له گۆڕه‌كه كه وه‌ك خۆی ده‌یگێڕێته‌وه، دوای گه‌یشتن به چاڵه‌كان، ئه‌و لۆرییه داپۆشراوه‌ی كه شوێنی ئه‌وه‌نده‌ی بۆ هه‌ناسه‌دانیش نه‌بووه، هه‌ر به‌و هۆیه‌ش دوو منداڵی ته‌مه‌نخوار (حه‌وت و هه‌شت) ساڵان تێیدا ده‌مرن و دایكه‌كانیان له‌ناو لۆرییه‌كه و له به‌رده‌م خۆیاندا دایده‌نێن، به درێژایی ڕێ وه‌ك ته‌یموور ده‌ڵێت "واته دوای به‌ڕێكه‌وتن له تۆپزاوه‌وه، به‌ره‌به‌ره هه‌ستیان به بۆنی مه‌رگ و نه‌گه‌ڕانه‌وه كردووه". دوای ئه‌وه‌ی ماوه‌یه‌كی زۆر كه دیار نییه چه‌ند بووه، به شه‌قامی قیردا ده‌ڕۆن، ئێواره‌یه‌كی دره‌نگ لۆرییه‌كان له شه‌قامه‌كه لاده‌ده‌ن و ته‌یموور به هه‌ست ده‌ڵێت له‌ناو شه‌قامی خۆڵین، پاش ئه‌وه له شوێنێك ڕایانده‌گرن و به مه‌تا‌ره‌یه‌كی گه‌وره یه‌كی تۆزێك ئاویان ده‌ده‌نێ.
ته‌یموور دواتر له گێڕانه‌وه‌كه‌یدا ده‌ڵێت، ڕه‌نگه ده‌رمان بووبێت بۆ گێژ و بێحاڵكردنی ئێمه، چونكه كاتێ بینیمان ده‌یانه‌وێ هه‌موومان بخه‌نه چاڵه‌وه و بمانكوژن، هه‌موومان كه‌ڕ و لاڵ و وشك بووین. دواتر سواریان ده‌كه‌نه‌وه تا ده‌یانگه‌یه‌ننه سه‌ر چاڵه‌كان و له‌وێ دایانده‌به‌زێنن، هه‌ر چاڵێك 50 بۆ 60 ژن و مندڵیان تێخستووه و دوو عه‌سكه‌ر كه جلیان سه‌وزی به‌ڵه‌ك به‌ڵه‌ك بووه، له‌سه‌ر كۆمای خۆڵێك كه شۆفڵه‌كه له چاڵه‌كه‌ی هه‌ڵكه‌ندووه، به كڵاشینكۆفه‌وه ئاماده‌ن و به فه‌رمانێك ته‌قه‌یان لێ ده‌كه‌ن، دایك و پوور و ژنێكی ناسیاوی دایكی و خوشكه‌كانی و خاڵۆژنی (ئامینه عه‌لی عه‌زیز) و هه‌مووان جگه له كچێكی منداڵكار (هه‌شت بۆ نۆ ساڵ) كه فیشه‌ك نه‌یپێكابوو و قاچی بووبوو به‌ژێر ته‌رمه‌كانه‌وه، كه‌چی هه‌موویان له‌و كاته‌دا ده‌كوژرێن، دواتر چاره‌نووسی كچه‌ی منداڵكاریش مه‌رگ بووه.
ئه‌و زه‌مه‌نی له ئێسته (ئێسته‌ی داهاتوودا)دا ده‌ڵێت، سێ مه‌خزه‌نیان له هه‌ر چاڵێك خاڵی كرد و فیشه‌كێ به‌ر گۆشتی شانی ده‌كه‌وێ و ده‌كه‌وێت، دواتر ده‌یه‌وێ له گۆڕه‌كه هه‌ڵبێت و قۆناغێكی سامناك ئه‌زموون ده‌كات، به‌ڵام به‌ختی گه‌وره‌یه و ته‌نیا فیشه‌كێكی تر به ناته‌واوی به‌ر پشتی ده‌كه‌وێت. خۆی ده‌ڵێ "پاش ئه‌وه‌ی تۆزێ سه‌رنجم دا و له‌و هه‌موو ته‌رمه‌م ڕوانی له چاڵه‌كه ڕۆیشتمه ده‌ره‌وه و باوه‌شم كرد به كه‌مه‌ری ئه‌و سه‌ربازه‌ی كه ئێسته پشتی له ئێمه بوو و وایزانیبوو هه‌موومانی كوشتووه.. سه‌ربازه‌كه چاوی لێ كردم و چاوی پڕ بوو له ئاو، باوكمم هاته‌وه یاد كاتێ له تۆپزاوا لێكیان جیا كردینه‌وه كه وه‌ها چاوی پڕ بووبوو له فرمێسك،".
یه‌كێك به عه‌ره‌بی شتێك به سه‌ربازه‌كه ده‌ڵێت، شتێك كه به وردی ته‌یموور لێی تێناگه‌ت، به‌ڵام واتای ئه‌وه‌یه كه ته‌یموور ده‌خاته‌وه ناو چاڵه‌كه و ده‌سڕێژێكی به‌سه‌ردا ده‌كات و فیشه‌كێ به‌ر پشتی ده‌كه‌وێت و بریندار ده‌بێت، نازانێ بووراوه‌ته‌وه یان خه‌وتووه له ماندوویه‌تی، دوای ماوه‌یه‌ك هه‌ڵده‌ستێته‌وه دێته‌وه سه‌ر له چاڵه‌كه، شۆفڵه‌كه و لاندكرۆزه‌ر و ئۆتۆمبێله‌كان ده‌بینێت كه خه‌ریكن ده‌ڕۆن، له‌به‌رئه‌وه‌ی عه‌سكه‌ری ناو لاندكرۆزه‌ره‌كه نه‌یبینێت تۆزه چاڵێك له‌سه‌ر كۆمای ئه‌و خۆڵه‌ی ده‌ر دراوه‌ته ده‌ره‌وه، ده‌كه‌نێت و خۆی له ناویدا ده‌شارێته‌وه، دیسان خه‌وی لێ ده‌كه‌وێته‌وه یان ده‌بوورێته‌وه. دوای چه‌ند چركه یه‌كێك به ده‌نگی به‌رز تێی ده‌خوڕێ ته‌یموور، هه‌سته، ته‌یموور هه‌سته، دوام كه‌وه. هه‌ستی كردووه باوكێتی، تارماییه‌ك كه جلێكی سپی له‌به‌ردا بووه.
به‌پێی قسه‌ی ته‌موور، ئه‌م تارماییه ئه‌وه‌نده واقیعی بووه كاتێ گوتوویه‌تی دوام كه‌وه و ڕۆشتووه، بڕێك ته‌پوتۆز و خۆڵ له‌ژێرپێی ده‌رچوون و كراوه به ده‌موچاویدا، ته‌یموور كه به‌ره‌به‌ره له گۆڕه‌كان دوور ده‌كه‌وێته‌وه به هه‌موو ترس و تۆقین و نیوه وشیارییه‌كه‌وه، شوێنپێی تۆزه نیشانه‌یه‌ك له تایه‌ی ماشین ده‌گرێته‌به‌ر، به‌ره‌و تاریكایی ده‌چێت، چونكه نوور نیشانی مه‌رگ و عه‌سكه‌ر و بنكه‌ی سه‌ربازییه. چه‌ندان جار له ڕێدا ئه‌ملاولا ده‌كه‌وێت، له دواجاردا ڕه‌شاییه‌ك ده‌بینێته‌وه، به‌ڵام یه‌كه‌م ده‌نگ كه ده‌یبیستێ ده‌نگی چه‌ند سه‌گێكن، سه‌گه‌لی وه‌ها گه‌وره و تۆقێنه‌ر، به‌ڵام هه‌مدیس دڵخۆشكه‌ر و هێمان بۆ ئاوه‌دانی.
"چۆكم خستبووه سه‌ر زه‌وی و ده‌ستم به عه‌رزه‌كه‌ی به‌رده‌مم گێڕا، به‌ردێكم دۆزییه‌وه تا ئه‌گه‌ر سه‌گه‌كان زۆر نزیك بوونه‌وه تێیانگرم و هه‌ركات نزیك كه‌وتنه‌وه به‌و بوێرییه‌ی كه منداڵی گوندێكی كوردستان هه‌یبووه به‌ردێكم تێگرتن و به‌ری یه‌كیان كه‌وت و قوزاندی، له‌وێ تارماییه‌ك به چرایه‌كه‌وه ده‌ركه‌وت، كه زانی كه‌سێكی منداڵه سه‌گه‌كانی دوور خسته‌وه و هات و بینی بریندارم، بردمی به‌ره‌و ڕه‌شماڵه‌كه كه ژنێكی گه‌نج و پیره‌ژنێكی تێدابوو، ئه‌مه ئه‌و كه‌سه بوو كه له بیابان ڕزگاری كردم، دوایی زانیم ناوی غانم بووه". ته‌یموور وای گوتووه.
پرۆسه‌ی ڕزگاری جه‌سته‌یی ته‌یموور له‌م دیمه‌نه ڕه‌ش و ڕوون و تۆقێنه‌ره‌وه ده‌ست پێ ده‌كات و تا دوو ساڵ له گوندی ئالعێشم و له‌ناو بنه‌ماڵه‌ی غانم و شاری سه‌ماوه ده‌مێنێته‌وه، تا دواتر ده‌چێته‌وه بۆ كه‌لار و دواتر چه‌ند ساڵ لای مام جه‌لال و بنه‌ماڵه‌كه‌ی وه‌ك شایه‌تحاڵ له ده‌باشان ده‌ژی و دواتر وه‌ك شایه‌تحاڵی ڕووداوه‌كه ناو ده‌رده‌كات و پۆست هێلته‌رمان توێژه‌ری بواری ئه‌نفال و به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوینی "گرووپی ته‌نگژه‌ی نێوده‌وڵه‌تی" له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سی تر كه ئه‌وانیش شایه‌تحاڵی ئه‌نفالكراو بوون، به ناوه‌كانی "عه‌زیز، واحید، ڕه‌مه‌زان و فه‌ره‌ج" ده‌یانگوێزێته‌وه بۆ واشنتن دی سی. ئه‌و هه‌موو لێدوان و دیمانه ته‌له‌ڤزیۆنی و ڕۆژنامه‌نووسییه و ته‌نانه‌ت دیدار له‌گه‌ڵ كالین پاڤێل و ڕۆیشتنه ناو گۆشه و نه‌زمێكی دیسكۆرسیڤی سیاسی و تا هاتنه‌وه و شایه‌تیدان له دژی تاوانبارانی ئه‌نفال له كه‌یسی دادگاییكردنی تاوانبارانی ئه‌نفال و ڕووبه‌ڕوو قسه‌كردن له‌گه‌ڵ سه‌دام و... دیسان ڕۆیشتنه‌وه بۆ ئه‌مه‌ریكا و دواتر هاتنه‌وه، هه‌موو ڕه‌وتی ئه‌نفالاوی داهاتووی ته‌یمووریان دروست كرد.
ئه‌و شته‌ی له سه‌ره‌وه‌ش ئاماژه‌م پێ داوه و به‌م گێڕانه‌وه گشتی و دیمه‌نه خێرایه كه له زمان و گێڕانه‌وه‌كانی ته‌یموور هێناومه‌ته‌وه، جێی هه‌ڵوه‌سته و تێكه‌ڵاویی زه‌مان و زمانه له گێڕانه‌وه‌دا، كه دۆخێكی گێڕانه‌وه‌یی و زمانیی تایبه‌ت دروست ده‌كات. له كاتێكدا ئه‌و منداڵ بووه و 12 ساڵ ته‌مه‌نی بووه له‌و ماڵه‌دا له سه‌ماوه ماوه‌ته‌وه، به‌هۆی ترس و برینه‌كانیه‌وه ده‌ڕشێته‌وه و له‌و كاته‌دا كچێكی ئه‌و ماڵه ده‌ست ده‌خاته به‌رده‌می و ڕشانه‌وه‌كه‌ی ده‌گرێت و ده‌چێته حه‌وشه و به ئاسمانه‌وه ڕایده‌دات و هه‌ندێ قسه ده‌كات. له‌و ساته ئه‌و تێناگات چ بووه و چییه و چ گوتراوه، به‌ڵام دواتر كه گه‌وره ده‌بێت و سه‌دام وه‌ك ڕژێم ده‌ڕووخێت، دێته‌وه ده‌پرسێت چی گوتراوه؟ ده‌ڵێن داوامان له خودا كردووه ئه‌م ناهه‌قییه‌ی به‌رانبه‌ر به تۆ كراوه قبووڵ نه‌كات. یان هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده ئاڵۆزه‌ی سه‌ره‌تادا بنه‌ماڵه‌كه پیاوێكی كورد ده‌بیننه‌وه و ده‌یهێنن قسه له‌گه‌ڵ ته‌یمووردا بكات، به‌ڵام ته‌یموور ته‌نانه‌ت ناتوانێت یه‌ك وشه‌یش بڵێ.
ته‌یموور ده‌ڵێت نازانم بۆ قسه‌م نه‌كرد یان ئه‌مری خوا بووه یان ئیراده‌ی خۆم، دوای ئه‌وه‌ی له ماڵ بنه‌ماڵه‌ی ئه‌لعێشمدا دووساڵ ده‌مێنێته‌وه تا كه‌سوكاری هه‌ر له ڕێی سه‌ربازێكی ئه‌م بنه‌ماڵه‌یه كه له زاخۆ سه‌رباز بووه، ده‌بینرێته‌وه، له‌و ماوه‌یه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی باش هه‌ڵسوكه‌وتیان له‌گه‌ڵ كردووه، زمانی كوردی ئه‌و نه‌یتوانیوه به زمانی عه‌ره‌بی ئه‌وان بڵێت چی ڕووی داوه! ته‌نیا هه‌ندێ نیشانه‌ی جه‌سته‌یی نه‌بێت. به‌ڵام له‌و دوو ساڵه زمانی عه‌ره‌بی فێر ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك و دراوسێی به‌عسی نه‌زانن كوردێك لێره‌یه، ته‌نانه‌ت ناوه‌كه‌یشی ده‌گۆڕن و ده‌یكه‌ن به "عه‌لی" ئه‌مه ئه‌گه‌ر وه‌ك پێوه‌ندی ناو و زمان چاوی لێ بكه‌ین له ڕوانگه‌ی بنیامین ناو ڕۆحی زمانه و پێدراوێكی بانسروشتییه كه دوای دابه‌زین له به‌هه‌شت كه‌وتووه‌ته دۆخێكی ته‌نگژاوی و كوشنده‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی كه‌سوكاری ده‌دۆزنه‌وه و مامه‌كانی (عه‌لی و عه‌زیز) دێنه ناو گونده‌كه‌وه تا بیبیننه‌وه و له‌گه‌ڵیان ڕووبه‌ڕوو بێته‌وه، دیسان كێشه‌ی زمان لێره‌دا قووت ده‌بێته‌وه، چونكه ئه‌و به‌هۆی ئه‌و دوو ساڵه‌وه كوردی بیر چووه‌ته‌وه و ته‌نیا ده‌توانێ عه‌ره‌بی قسه بكات، واته زمانی ئه‌و جه‌لادانه‌ی به به‌رچاوییه‌وه هه‌موو كوردیان كوشتووه.
ته‌یموور ده‌ڵێت، وامزانی هه‌موو كوردیان كوشتووه و ئیتر كورد نه‌ماوه تا بگه‌ڕێمه‌وه بۆ كوردستان. دواتر كه ده‌ڕواته‌وه بۆ كه‌لار، ئه‌وان هێشتا نه‌یانزانیوه قووڵایی كاره‌ساته‌كه چه‌ند بووه، نه‌ك ئه‌وان هه‌موو دانیشتووانی ئوردوگای سموود /نزیك كه‌لار كه پاشماوه‌كانی ئه‌نفال تێیدا ده‌ژین/ دیسان له‌وێ به زمانی عه‌ره‌بی ناتوانێ تێ‌یان بگه‌یه‌نێت ورده‌كاریی ڕووداوه‌كه چۆن بووه. تا ماوه‌یه‌كی به سه‌ردا تێده‌په‌ڕێت كه كوردیی فێر ده‌بێته‌وه.
كه ته‌مه‌نی ئه‌و سه‌رووی 30 ساڵ بووه ئه‌م ڕووداوانه‌ی گێڕاوه‌ته‌وه، زمانی گێڕانه‌وه و شیكاریی ئاساییه، به‌ڵام ئه‌م ئاساییبوونه نابێت به‌و لاڕێیه‌دا بمانبات كه ئه‌مه دۆخ و شتێكی سروشتی و ئاساییه، به‌ڵكو ئه‌مه خۆی ده‌توانێت زمانی ئه‌نفالی كردبێت به‌ژێر زمان و ڕێنووسه‌وه، وه‌ك كۆمه‌ڵێك نیشانه بۆ گه‌یاندنی واتا و دروستكردنی پێوه‌ندی.
لێره‌دا ده‌شێت گریمانه‌ی ئه‌وه بكه‌ین كه گرێ و ئاڵۆزییه‌كی زمانی هاتووه‌ته پێش بۆ تاقه ڕزگاربووی ئه‌م ڕووداوه، ئه‌م گرێیه ده‌شێت بووبێته كێشه‌یه‌كی ده‌روونی و بوغزێك كه وه‌ك خۆی ده‌ڵێت، پێ ده‌چێت له دانیشتنی دادگاییكردن و شایه‌تیدانه‌كه‌ی دژی سه‌دامدا، بڕێكی وه‌ك هه‌ستی خاڵیبوون و تۆڵه‌كردنه‌وه به‌تاڵ بووبێت، به‌ڵام نابێ به ئاسانی به‌سه‌ر ئه‌مه‌دا باز بده‌ین كه ئه‌م زمانه‌ی ته‌یموور نابێت ببێ به هه‌موو زمانی ڕووداوی ئه‌نفال. واته گێڕانه‌وه له سۆنگه‌ی یه‌ك كه‌س و تاقه كه‌سی ڕزگاربووی ناو گۆڕه به كۆمه‌ڵه‌كانی ژن و منداڵانی ئه‌نفالكراو. ئه‌مه به‌و واتایه نییه تایبه‌تمه‌ندیی گێڕانه‌وه‌یی ته‌یموور هه‌ڵگری ناڕاستییه، به‌ڵكو پێداگرییه له‌سه‌ر زمانێكی واڵا و گه‌وره و وه‌ك ده‌ڵێن بانزمانێك بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئه‌نفال.
ئه‌گه‌ر وه‌ك لاكان ده‌ڵێت، ناوشیار به خاوه‌ن بنه‌ما و كرۆكێكی زمانی بزانین كه میتافۆریك و خوازه‌یی فیچقه ده‌كات و ڕێی ته‌ئویل و سه‌فه‌ركردن به ناو پێچوپلووچه نیشانه‌یی و وێنه‌یان ده‌كاته‌وه، ئایا دنیای خه‌ون و مۆته‌كه و خه‌وه‌كانی ته‌یموور نابێت وه‌ك ئه‌و زمانه دوورده‌ست و نه‌ناسراو و به‌ژێره‌وه بووه بزانین؟ كه ده‌شێت به‌شێكی زۆر له ئه‌نفال له‌وێدا خۆی مه‌ڵاس دابێت.
سه‌رچاوه‌كان:
1-ته‌یموور تاكه ڕزگاربووی ناو گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی ژن و منداڵه ئه‌نفالكراوه‌كان. ئاماده‌كردن، عارف قوربانی- چاپخانه‌ی كارۆ سلێمانی
عروسک و کوتوله، والتر بنیامین، مقالاتی درباب فلسفه‌ی زبان و فلسفه‌ی تاریخ، گزینش و ترجمه مراد فرهادپور و امید مهرگان، چاپ غزال، تهران 1387