رووسیا: ئەگەر فڕەنسا هێزەكانی بۆ ئۆكراینا بنێرێت مەترسیی شەڕی ئەتۆم دروست دەبێت

:: AM:10:15:22/05/2024 ‌
ئاژانسی هەواڵی رووسی لەسەر زاری بەرپرسێكی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی بڵاوی كردووەتەوە، ئەگەر فڕەنسا هێزی سەربازیی وڵاتەكەی بۆ ئۆكراینا بنێرێت، ئەوكات وەڵامی رووسیا تەنیا سیاسی نابێت.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ چوارشەم 22ی ئایار بڵاوی كردووەتەوە، ئاژانسی هەواڵی رووسی لەسەر زاری ئەرتیۆم ستۆدینیكۆڤ سەرۆكی ئیدارەی ئەوروپی لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بڵاوی كردووەتەوە، ئەگەر فڕەنسا نیازەكەی خۆی بۆ ناردنی هێزی وڵاتەكەی بۆ ئۆكراینا جێبەجێ بكات، ئەوكات وەڵامی رووسیا تەنیا سیاسی نابێت و مەترسیی زۆر گەورەیش دروست دەبێت.

ستۆدینیكۆڤ باسی لەوە نەكردووە كە لە كاتی ناردنی هێزی فڕەنسی بۆ ئۆكراینا، دروست رووسیا چی دەكات، بەڵام ئاماژەی داوە كە رووسیا داوەتە ماكرۆن سەرۆكی فڕەنسا ئەگەر هێز بۆ ئەو وڵاتە بنێرێت، ئەوكات وەڵامی روسیا تەنیا سیاسی نابێت، بەڵكو ئەگەری زۆرە رووبەڕووبوونەوەی نێوان هەردوو وڵات، سەر بكێشێتە شەڕی ئەتۆم.

بەمدواییە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فڕەنسا لە دیمانەیەك لەگەڵ گۆڤاری "زە ئیكۆنۆمینست"، دیسان رۆشنایی خستە سەر ئەوەی كە وڵاتەكەی ئامادەیی هەیە هێزی سەربازی بۆ ئۆكراینا بنێرێت ئەگەر رووسیا هێرسشەكانی فراوانتر بكاتەوە، بۆ ئەوەیش مەترسی دەكەوێتە سەر وڵاتانی ئەوروپا و ئەركی ناتۆیە هەڵوێستی هەبێت.

ماكرۆن زیاتر بۆ گۆڤارە بەریتانییەكە دووپاتی كردەوە، ئەگەر رووسیا هێڵەكانی بەرەكان ببەزێنێت و هاوكات ئۆكراینا داوای هاوكاریی زیاتر لە ناتۆ بكات، ئەوكات فڕەنسا ئامادەیی هەیە هێز بۆ ئۆكراینا بنێرێت.

جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا كە لە 24ی شوباتی 2022 دەستی پێ كرد، بەهۆیەوە هەزاران كوژراو و برینداری لە هەردوولا لێ كەوتووەتەوە، بەهۆیەوە ملیۆنان ئۆكراینیش ئاوارە بوون و شوێنەكانیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا جێهێشتووە. هاوكات ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا سزای ئابووریی توندیان بەسەر رووسیادا سەپاندووە و لە هەمان كاتیشدا بە چەك و كەلوپەلی سەربازی و دارایی، پاڵپشتیی ئۆكراینا دەكەن.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د