سەدر: توانیمان جەژنە گەورەكەی خوا جێگیر بكەین

:: PM:05:51:22/05/2024 ‌

ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، دوای ئەوەی جەژنی غەدیر لەسەر پێشنیازی ئەو پەسەند كرا، ئینجا داوایەكی تری هەیە و بە جەژنە گەورەكەی خوا ناوی دەبات.

ئەمڕۆ چوارشەم، 22ی ئایار، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، لە توویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی X داوا دەكات، دوای ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگیان لەسەر جەژنی غەدیر دا، لە مزگەوتەكانی هەموو عێراقدا ئاڵای غەدیر بەرز بكەنەوە، بۆ ئەوەی ئیشەكە تەواو ببێت.

ئەو دەڵێ، بە پشتیوانیی خوا و هەوڵی ڕۆڵە نیشتمانییەكان لە مەزەوی ئیمامی جەعفەری و هەموو دادپەروەران لە سونە و كورد و ئاین و نەتەوەكانی تر، دەنگ لەسەر جەژنەكە درا كە جەژنی گەورەی خوایە و پشووی نیشتمانیی عێراقە.

سەبارەت بەو هەڵكردنی ئاڵای غەدیرە لەسەر مزگەوتەكان، دەڵێت هەموو عێراقییەكان ناچارن بیكەن و دەبێت ملپێچێكی سەوزیش ببەستن و دوو ڕكات نوێژیش بە هەمان بۆنەوە بكەن، ئینجا سێ شایەتمانەكە هەڵبواسن: اشهد ان لا اله الا الله، اشهد ان محمدا رسول الله، اشهد ان عليا ولي الله.

لە یاساكەدا كە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر دا، ڕۆژی 18ی زولحەجەی هەموو ساڵێك بە جەژنی غەدیر دەستنیشان كرا، هەروەها 16ی ئاداریش كە ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجەیە، كرایە پشووی فەرمی.

"الغدير الاغر" چییە؟
مەزەوی شیعە بڕوایان وایە، لە ڕۆژی 18ی زولحەجەدا پێغەمبەری ئیسلام لە گوتاری هەینیدا ئیمامی عەلی بۆ جێنشینی خۆی دەستنیشان كردووە، بەڵام بە "غەدر" و گەلەكۆمەكیی ئیمامی ئەبووبەكر و ئیمامی عومەر، نەیانهێشتووە ببێتە جێنشین و لەنێو خۆیاندا ئەبووبەكریان هەڵبژاردووە.


وشە - عەبدوڵا عومەر