میدیاكانی ئێران و توركیا لەسەر دۆزینەوەی شوینی فڕۆكەكەی رەئیسی ناكۆكن

:: PM:08:58:22/05/2024 ‌

ئێوارەی یەكەشەمی رابردوو ئێران تووشی كارەساتێكی گەورە هاتەوە، كاتێك سەرۆكی ئەو وڵاتە و وەزیری دەرەوە و ژمارەیەكی تر لە بەرپرسانی باڵای بەهۆی تێكشكانی هەلیكۆپتەرەكەیان لە باكوری رۆژئاوای وڵاتەكە گیانیان لە دەست دا، دۆزینەوەی شوێنی رووداوەكە 12 سعاتی خایاند، ئەو بابەتە سەرەڕای خراپیی كەشوهەوا لە ناوچەی رووداوەكە، پەردەی لەسەر ئاستی پێشكەوتنی تەكنۆلۆجیای درۆنەكانی ئێران هەڵماڵی.

بەهۆی دواكەوتنی بەهاناچوون و دۆزینەوەی قوربانیانی رووداوەكە، بەتایبەتی كە باڵاترین بەرپرسی ئەو وڵاتەن، چەند پرسیارێك لە سۆشیال میدیا دروست بووە، بەتایبەتی سەبارەت بە ئاستی پەرەسەندن و پێشكەوتنی درۆنەكانی ئێران، كە زۆر جار لافیان پێ لێ دەدات بەوەی لە وڵاتانی پێشەنگی ئەو بوارەیە، كەچی باسی هاتنی درۆنی جۆری "بەیرەكدار ئاكنجی"ی توركی بۆ دیاریكردنی شوێنی فڕۆكەكە دەكرێت، ئەوەش دستەی ئەركانی گشتیی هێزە چەكدارەكانی ئێرانی شەرمەزار كردووە، كە بەرپرسە لە پیشەسازیی سەربازی لەو وڵاتە. 

ئەمڕۆ دەستەی ئەركانی ئێران لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە درۆنە توركییەكەی نەیتوانیوە شوێنی رووداوەكە دیاری بكات و گەڕاوەتەوە وڵاتەكەی، ئەوەی شوێنەكەی ئاشكرا كردووە درۆنەكانی ئێران بوون كە بۆ ئەو مەبەستە لە زەریای هیندییەوە گەڕێندرابوونەوە.

سەرحان ئافاجان، مامۆستای زانكۆی مەرمەرەی توركی دەڵێت، سەرەڕای ئەوەی دەگوترێت ئێران لە چەند وڵاتێكی ناوچەكە رۆڵی هەیە، بەڵام لە ناو سنووری ئەو وڵاتە حكوومەتێكی پووكاوە و شاش هەیە.

لەوكاتەی لە توركیا باسی سەركەوتنی درۆنەكانی ئەو وڵاتە لە دۆزینەوەی شوێنی هەلیكۆپتەرەكەی رەئیسی و شكستهێنانی درۆنەكانی ئێران لەو بارەوە دەكرێت، میدیاكانی سەر بە سوپای پاسداران لێدوانی بەرپرسانی توركیا و قسەی میدیاكانی لەبارەی بابەتەكە بە درۆ وەسف دەكەن، بەوەی درۆنەكەی توركیا نەیتوانیوە شوێنی رووداوەكە دەستنیشان بكات، چونكە ئامرازی چاودێری لەسەر هەوری نەبووە، بەڵكو درۆنەكانی ئێران شوێنەكەیان دۆزیوەتەوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل