زێڕ گران بوو

:: PM:02:20:13/08/2022 ‌
نرخی زێڕ لە بازاڕەكانی دنیا گران بوو، ئەو گرانبوونەش كاریگەریی لەسەر نرخی زێڕ لە هەرێمی كوردستان دروست كردووە و ئەمڕۆ دووجار گۆڕانكاری لە نرخەكەی رووی دا.

لە بۆرسەی دنیا نرخی هەر ئۆنسێك زێڕ گەیشتە هەزار و 801 دۆلار، بەمەیش كاریگەریی لەسەر هەر مسقالێك زێڕ دروست كرد و نرخەكەی بەرز بووەوە.

لە بەیانییەوە دووجار نرخەكەی چەند هەزار دینارێك بەرز بووەتەوە.
ئەمڕۆ شەموو 13ـی ئاب، ئازاد مستەفا خاوەنی زێڕنگری پاك، بە "وشە"ـی راگەیاند، ڕۆژی پێنجشەم نرخی زێڕ لەگەڵ ئەمڕۆ جیاوازی هەیە و گرانبوون لە نرخەكەی هەیە.

زیاتر گوتی، پێنجشەم مسقاڵێك زێڕ عەیار 18 بە 318 هەزار دینار بوو، مسقاڵێكی عەیار 21 بە 378 هەزار دینار بوو، مسقاڵێكی عەیار 24 بە 425 هەزار دینار بوو.

باسی لەوەش كرد، ئەمڕۆ نرخی زێڕ گۆڕاوە و بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، لە بەیانییەوە دووجار نرخەكەی چەند هەزار دینارێك بەرز بووەتەوە.

بۆ نرخەكانی نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەو زێڕنگرە روونی كردەوە، مسقاڵێك زێڕ عەیار 18 بە 327 هەزار دینارە، مسقاڵێكی عەیار 21 بە 383 هەزار دینارە، مسقاڵێكی عەیار 24 بە 423 هەزار دینارە.



وشە - رامیار جەواد