فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا سەركۆنەی هێرشی ئێران دەكات

:: PM:09:46:28/09/2022 ‌

ئەمڕۆ چوارشەم ئێران زۆر بە سەختی بنكە و بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی لە هەرێم بۆردمان كرد، كە زیانێكی زۆری گیانی لێ كەوتەوە، فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا سەركۆنەی هێرشەكەی كرد و ئاشكرای كرد كە درۆنێكی ئێرانیان تێك شكاندووە.

كۆلۆنیل جو بۆچینۆ، بەڕێوەبەری كاروباری گشتی لە فەرماندەییەكە لە بەیاننامەیەكدا گوتی، فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا سەركۆنەی هێرشە بێ پاساوەكەی بەیانی ئەمڕۆی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر پارێزگای هەولێر دەكات، روونی كردەوە، ئەو جۆرە هێرشە هەڕەمەكیانە هەڕەشە بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان سەقامگیریی ناوچەكە دروست دەكات، كە بە زەحمەت بەدەست هاتووە. 

روونی كردەوە، بەهۆی هێرشەكانەوە كەس لە هێزەكانی ئەمەریكا نەكوژراوە یان بریندار نەبووە، زیانیش بە كەلوپەلەكانیان نەگەیشتووە، ئاشكرای كرد كە لە سەعات 2:10 خولەكی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەم هێزەكانی ئەمەریكا درۆنێكی ئێرانیان لە جۆری "موهاجیر-6"یان تێك شكاندووە، كە بەرەو هەولێر دەهات، وەك ئەوە وابوو كە ببێتە هەڕەشە بۆ سەر هێزەكانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا لە ناوچەكە.

بەپێی بەیاننامەكە، ئەندامانی فەرماندەیی ناوەندی هێزەكانی ئەمەریكا لەسەر داوای حكوومەتی عێراق كار بۆ پێشكەیشكردنی راوێژ و یارمەتی و بەهێزكردنی توانای هێزی هاوبەشەكانیان دەكەن، ئەوەیش بۆ مسۆگەری سەركەوتن بەسەر داعش، دووپاتی كردەوە كە هێزەكانی فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا دۆخەكە هەڵدەسەنگێنن، ئەوەیش وەك پاڵپشتییەك بۆ هێزی هاوبەشەكانیان لە عێراق. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل