قەدیرۆڤ داوا لە رووسیا دەكات بۆمبی ئەتۆمی بەكار بێنێت

:: PM:08:27:01/10/2022 ‌

شەڕی ئۆكراینا چووەتە ناو قۆناغێكی نوێ، هاوكات لەگەڵ شكستەكانی سوپای رووسیا لەسەر زەوی، مۆسكۆ راپرسی لە چوار ناوچەی ئۆكراینا ئەنجام دا و خستنی بۆ سەر خاكەكەی، رەمەزان قەدیرۆڤ، سەرۆكی كۆماری شیشان داوا لە سوپای رووسیا دەكات باری نائاسایی رابگەیەنێت و بۆمبی ئەتۆمی سنوورداریش بەكار بێنێت.
بوونی واستە لەناو سوپای رووسیا ئەنجامی باشی نابێت
قەدیرۆڤ لە پەیامێك لە تەلەگرام نووسیویەتی، بە بۆچوونی من پێویستە رێوشوێنی توندتر بگیرێتە بەر، تا دەگاتە راگەیاندنی باری نائاسایی لە ناوچە سنوورییەكانی ئۆكراینا و بەكارهێنانی چەكی توانا سنوورداری ئەتۆمی.

قەدیرۆڤ كە كەسێكی نزیكی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی رووسیایە، و هەینی رابردوو لە رێوڕەسمی راگەیاندنی خستنی چەند ناوچەیەكی ئۆكرانیا بۆ سەر رووسیا لە مۆسكۆ بوو، گوتی، پێویستە ئۆپراسینە سەربازییە تایبەتەكەی رووسیا بە توندی جێبەجێ بكرێت، پێویستیش ناكات بڕیارەكانمان بە رەچاوكردنی بۆچوونی ئەمەریكا و رۆژئاوا وەربگرین.

قەیرۆڤ رەخنەی لە سوپای رووسیا گرت، بەتایبەتی ئەلیكسەندەر لابین، جەنرالی رووسی سەرپەرشتیاری ئۆرپراسیۆنەكانی شاری لیمان، كە ئەمڕۆ سوپای ئۆكراینا كۆنترۆلی كردەوە، بەوەی نەیتوانیوە پێداویستی بۆ سوپای رووسیا فەراهەم بكات بۆ بەرگریكردن لە شارەكە، بۆیە بوونی واستە لەناو سوپای رووسیا ئەنجامی باشی نابێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل