زیلینسكی: شاری لیمانمان گرتووە و شارەكانی تریش رزگار دەكەین

:: AM:09:26:02/10/2022 ‌
دوای ئەوەی رووسیا بە فەرمی پاشەكشەی هێزەكانی لە شاری لیمان راگەیاند، سەرۆكی ئۆكراینایش رای گەیاند كە شارەكەیان كۆنترۆڵ كردووە و بەردەوامیش دەبن لە رزگاركردنی شارە داگیركراوەكانی تر.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ یەكشەم دووی تشرینی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، سوپای رووسیا بە فەرمی پاشەكشەی خۆی لە شاری لیمانی سەربە ناوچەی دۆنیتسك لە رۆژهەڵاتی ئۆكراینا راگەیاند. شەوی رابردوویش سەرۆكی ئۆكراینا ڤۆڵۆدمێر زیلینسكی لە گوتارێكدا رای گەیاندووە، شاری لیمانیان كۆنترۆڵ كردووە و شەڕیش بۆ رزگاركردنی شارەكانی تریش بەردەوامە.

زیلینسكی رای گەیاندووە، ئێستە ئاڵای ئۆكراینا لە شاری لیمان لە ناوچەی دۆنیتسك دەشەكێتەوە، بەڵام شەڕ لەو ناوچەیە نەوەستاوە و بەردەوام دەبین تا تەواوی شارە داگیركراوەكانمان رزگار دەكەینەوە. دووپاتی كردەوە كە لە هەفتەی داهاتوو تەواوی شارەكانمان لە دەستی سوپای رووسیا دەردەهێنین و رزگاریان دەكەین.

سەرۆكی ئۆكراینا ئاماژەی بەوە كرد كە بەهۆی ئەو پاشەكشەی سوپای رووسیا و شكانیان لە بەرەكانی جەنگ، فەرماندەكانیان یەكتر تۆمەتبار دەكەن لە ئاكامی شكانەكەیان.

لەلایەكی تریشەوە وەزیری بەرگریی ئەمەریكا لوید ئۆستن، پێشوازی لە رزگاركردنی شاری لیمان كردووە و رای گەیاندووە، ئەو سەركەوتنەی هێزەكانی ئۆكراین لە رۆژهەڵاتی وڵاتەكە، ورەی زیاتر دەداتە ئۆكراینا كە شارە داگیركراوەكانی تریش رزگار بكاتەوە.

ئۆستن دووپاتی كردەوە كە رزگاركردنی لیمان زۆر گرنگ بوو، چونكە رێیەك بوو بۆ سوپای رووسیا تا لەو رێیەوە كەلوپەلی سەربازی بۆ سوپاكەی بگوازێتەوە، ئێستە ئەو رێیەیان لێ گیراوە.

جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا كە لە 24ی شوباتەوە دەستی پێ كردووە، شەڕ لە زۆربەی بەرەكاندا بەردەوامە، رووسیا هەوڵی وێرانكردنی ژێرخانی ئەو وڵاتەی داوە و زیانی زۆری پێ گەیاندووە. ئەمەریكا و یەكێتیی ئەوروپا كە پاڵپشتی لە ئۆكراینا دەكەن، جیا لە پێدانی چەك و كەلوپەلی سەربازی، سزای ئابووریی زۆر توندیان بەسەر رووسیادا سەپاندووە، لە زۆربەی بانكەكانی دنیادا دەستیان بەسەر پارەكانی رووسیادا گرتووە و سڕیان كردووە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د