ئەمساڵ زۆرترین مادەكانی بەشە خۆراك دابەش كراوە

:: PM:11:04:02/10/2022 ‌

دابەشكردنی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان بەردەوامە، لە ماوەی ئەمساڵدا زۆرترین بەشە خۆراك بێ هیچ كەموكورتییەك دابەش كراوە، لایەنە پێوەندیدارەكان باس لەوە دەكەن كە بەشە خۆراكێكی زۆر هەیە و فریا ناكەون دابەشی بكەن، مادە خۆراكییەكانیش كوالێتییان بەرزە و بێ كێشەن.

لە ماوەی ساڵانی رابردوو گرفتێكی زۆر لە دابەشكردنی بەشە خۆراك بەسەر هاووڵاتییان هەبوو كە دابەش دەكرا، بەڵام دوای ئەوەی بەشە خۆراكەكە بۆ سەبەتەی خۆراك گۆڕدرا و بۆ حەوت مادە زیاد كران، تا كۆتایی مانگی كانوونی یەكەمیش تەواوی بەشە خۆراكی ئەمساڵ دابەش دەكرێت.

شەوكەوت محەمەد، بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، بەردەوامین لە دابەشكردنی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان و هیچ رۆژێك نییە وەستابین، هەر مادەیەك لە عێراقەوە بگات، دوای ئەوەی لە كۆگاكان پشكنینی بۆ دەكرێ و لە باشی و كوالێتی دڵنیا دەبینەوە، دەستبەجێ دابەشی سەر بریكارەكانی دەكەین بۆ ئەوەی بەسەر هاووڵاتییان دابەش بكرێت.
تا كۆتایی مانگی كانوونی یەكەمیش تەواوی بەشە خۆراكی ئەمساڵ دابەش دەكرێت
زیاتر گوتی، سەبەتەی حەوتەمی بەشە خۆراك لە تەواوبووندایە و دوو مادەی ماوە تەواو بكرێت، ئەوانیش شەكر و دۆشاوی تەماتەیە، روونی كردەوە، دەستمان بە دابەشكردنی سەبەتەی هەشتەم كردووە و نیوەی هاووڵاتییان وەریان گرتووە، ئەو بەشەیشی كە ماوە، چاوەڕێ دەكەین لە رۆژانی داهاتوو بگات و دابەشی بكەین، لە عێراق سەبەتەی نۆیەم دەستی پێ كردووە و بۆ هەرێمی كوردستانیشی دەنێرن.

"مادەكانی برنج و رۆن و شەكر و پاقلەمەنی و نیسك و لەتكەنۆك و فاسۆلیا و دۆشاو لە كۆگاكانەوە دابەشی سەر بریكارەكان كراوە، بۆ ئەوەی وەك سەبەتەی هەشتەم بدرێتە هاووڵاتییان، برنجەكەیش زۆر جۆری باشە و تایلەندییە و هاووڵاتییان دەتوانن بەكاری بێنن و گرفتێكی نییە، لە رووی خۆراكەوە هیچ كێشەمان نییە و تا مانگی  كانوونی یەكەم بەردەوام دەبین"، بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراكی سلێمانی وا دەڵێت.

لای خۆیەوە نەسرین محەمەد، بەڕِێوەبەری دروستكراوی دانەوێڵەی سلێمانی بە "وشە"ی راگەیاند، چەند رۆژێك دەبێت دەستمان بە دابەشكردنی بەشە ئاردی مانگی نیسان كردووە، زۆربەی بریكارەكان ئاردیان بۆ رۆیشتووە و هاووڵاتییان وەریان گرتووە، رۆژانە بە بەردەوام ئارد بەسەر بریكارەكان دابەش دەكرێت، هەر مانگێكیش تەواو بوو، دەستبەجێ مانگی دواتر دەست پێ دەكات، چونكە لە دابەشكردنی ئارد دواكەوتووین.

روونی كردەوە، گەنمەكە هی جووتیارانی ناوخۆیە و هەر ئەو ئاردەی لێ بەرهەم دێت و گرفتێك لە ئاشەكان نییە، ئاردەكەیش زۆر باشە و هەموو مانگێك سەرەتا لیژنەی تایبەتمەند تاقی دەكاتەوە و نانی پێ دەكەن، دواتر دابەش دەكرێت.

پێوەست بەو بابەتە نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمساڵ زۆرترین مادەكانی بەشە خۆراك دابەش كراوە و هیچ گرفتێك نەبووە، ئەو مادە خۆراكییانەیشی كە بەدەستمان گەیشتوون، دوای دڵنیابوونەوە لە باشیی جۆرەكەی بەسەر هاووڵاتییان دابەش كراوە، هەموو مادەكانیش دابەش كراون كە حەوت جۆرە.

باسی لەوەیش كرد، ئێمە لە دابەشكردنی بەشە خۆراك نەوەستاوین و بەردەوام بریكارەكان خۆراكیان بۆ هاتووە، هەرچی لە كۆگاكاندا هەبێت دەدرێتە بریكارەكان بۆ دابەشكردن.

ئێستە بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان بە ناوی سەبەتەی خۆراكی مانگانە دابەش دەكرێت، كە لە مادەكانی رۆن و برنج و شەكر و نیسك و فاسۆلیا و دۆشاو و لەتكەنۆك لەگەڵ بەشە ئارد پێك هاتووە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل