خۆكوژێك لە سەنتەرێكی خوێندن لە كابول 43 كەس دەكوژێت

:: AM:08:49:03/10/2022 ‌
لە هێرشێكی خۆكوژێك بۆ ناو سەنتەرێكی خوێندن لە كابولی پایەتەختی ئەفغانستان، بەلای كەمەوە 43 كەس كوژران و زیاتر لە 80 كەسی تریش بریندار بوون. ئاماژە بەوە دەدرێ كە زۆربەی كوژراو و بریندارەكان لە مەزەوی شیعەن.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ دووشەم سێی تشرینی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە كابول ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای كردووە، خۆتەقاندنەوەی خۆكوژەكەی كابول لەناو سەنتەری خوێندن كە دەیان خوێندكاری تێدا بوون، بووەتە هۆی كوژرانی 43 كەس و برینداربوونی دەیانی تریش، چاوەڕێ دەكرێ ژمارەی كوژراوان زیاتر هەڵبكشێت.

ئاماژە بەوە دراوە ئەو خۆكوژە هێرشی كردووەتەوە سەر سەنتەرێكی خوێندن كە قوتابیانی سەربە مەزەوی شیعە تێیدا دەخوێنن. بەیاننامەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێ، تا ئێستە 43 كەس كوژراون و 83 برینداریش هەن، زۆربەیان كچان و كوڕانی گەنجن، چاوەڕێی ئەوە دەكرێ ژمارەی كوژراوەكان زیاتر هەڵبكشێت.

كاتێك هێرشەكە رووی داوەتەوە و خۆكوژەكە خۆی تەقاندووەتەوە، قوتابیانی سەنتەرەكە بەرەو هۆڵی تاقیكردنەوە دەچوون.

تا ئێستە هیچ لایەنێك كردەوە تیرۆریستییەكەی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام گومان لە داعش دەكرێ كە شیعە مەزەوەكان بە كافر ناو دەبات، پێشتریش لە چەندان تەقینەوە لەو وڵاتە، داعش لە ئەستۆی گرتبوون.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د