نرخی دۆلار بۆچی بەرز بووەتەوە؟

:: PM:11:05:23/11/2022 ‌


لە ماوەی دواییدا نرخی دۆلار لە بازاڕەكان بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوە هات كە پێش ماویەك، بەتایبەتی لە دوای دەستبەكاربوونی حكوومەتی نوێی عێراق، بەهۆی دەنگۆی دابەزینی نرخی دۆلار، نرخی دۆلار لە بازاڕەكان بە شێوەیەكی بەرچاو كەم بووبوویەوە، شارەزایەكی ئابووری هۆكاری بەرزبوونەوەی دوایی نرخی دۆلار ئاشكرا دەكات.

مەهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری ئابووری حكوومەت دەڵێت، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕی ناوخۆیی كاتییە و بەردەوام نییە، روونی كردەوە، ئەو بەرزبوونەوە بەهۆی بڵاوكردنەوەی دەنگۆكانەوەیە، كە بازاڕ بە هەر دەنگۆیەك كاریگەر دەبێت، ئەوانەشی لەپشت بڵاوكردنەوەی ئەو دەنگۆیانەن بریتین لەوانەی لە بازاڕی لاوەكی مامەڵە بە دۆلارەوە دەكەن.

روونی كردەوە، ئەوان ناوە ناوە دەنگۆی جیاواز بڵاو دەكەنەوە، ئەوەش لەپێناو قازانج لە كڕین و فرۆشتنی دۆلار، بەتایبەتی هەر بەرزبوونەوەیەك دابەزینی بەدواوە دێ و بەپێچەوانەشەوە، بەوەش ئەوان قازانجی باش دەكەن، بۆیە ئەوان ئەو دەنگۆیانە لەبارەی دابەزینی نرخی دۆلار و هیتریش بڵاو دەكەنەوە، كە كاریكەری لەسەر بازاڕ دەبێت.

شایەنی باسە لە ماوەی چەند هەفتەی دوایی بازاڕی عێراق و هەرێمی كوردستان دابەزینێكی بەرچاوی نرخی دۆلاری ئەمەریكی بەهۆی دەنگۆی نیازی حكوومەتی محەمەد شیاع سوودانی بۆ دابەزینی نرخی دۆلار بەخۆیەوە بینی، بەر لەوەی نرخەكەی بگاتەوە ئاستی سروشتی، ئێستەش ماوەی سێ رۆژە نرخی دۆلار بۆ دەوروبەری 149 هەزار دینار بەرز بووەتەوە، بێ ئەوەی هۆكارەكەی دیار بێت.

 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل