خاوەنی درێژترین زمانە لە دنیا

:: PM:11:22:23/01/2023 ‌

زۆرجار گوێبیستی ئەوە دەبین كە فلانە كەس زمانی دریژە، واتە بە قسە زماندرێژی دەكا و هێرش دەكاتە سەر خەڵك یان وڵامی خەڵك دەداتەوە، بەڵام كچێكی ئەمەریكی بەناوی ئەدریان لویس، بە كردەنی زمانێكی درێژی هەیە، كە رەنگە درێژترین بێت لە دنیا.

ئەو كچە خەڵكی میشیگانە لە ئەمەریكا و زمانێكی درێژی هەیە، تەنانەت ژمارەیەك لە ئەندامانی خێزانەكەی ئەوانیش زمانی درێژیان هەیە، بۆیە پێ دەچێت ئەو زماندرێژییە بۆماوەیی بێت، ئەدریان دەڵێت، وا هەست دەكەم بۆماوەیی بێت و دەبێت بە بەردەوام زمانم بێنمە دەرەوە.

دایكی ئەو كچە دەڵێت، باپیرە گەورەی ئەدریان زمانێكی زۆر درێژی هەبووە، باپیری دایكیشی ئەوەش بە هەمان شێوە، بۆ ماوەی ساڵانێك ئەو كچە وای زانیوە كە خاوەن درێژترین زمانە لە دنیا، ئەگەرچی خاوەن درێژترین زمان نییە لە مێژوودا، ئەدریان بەرە بەرە لەسەر زمانە درێژەكەی راهاتووە و لە سۆشیال میدیا سوودی لێ بینیوە.

ئێستە ئەدریان لە یوتیوب و تویتەر و ئینستاگرام و فەیسبووك، وڵامی پرسیاری خەڵك لەبارەی زمانە درێژەكەی دەداتەوە و هەندێك جووڵانەوەش دەكات، ئەو حەز بەوە دەكات كە وەك خاوەن درێژترین زمان ناوی بچێتە ناو كتێبی گینس بۆ ژمارە پێوانییەكان، كە تا ئێستە خاوەن درێژترین زمانی تۆماركراو 9.9 سانتیمەترە. 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل