بلینكن: بۆ رێگرتن لە چەكی ئەتۆمی ئێران هەموو بژارەیەك كراوەیە

:: PM:09:13:29/01/2023 ‌

ئەمەریكا نایەوێ ئێران دەستی بە چەكی ئەتۆمی بگات، چونكە بوونی تاران بە خاوەنی ئەو چەكە هاوكێشەی هێز لە ناوچەكە دەگۆڕێت و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە گۆڕەپانی كێبەركێی ئەتۆمی، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند كە تاران پێشنیازەكانی بۆ گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمی رەت كردووەتەوە، بۆیە ئەمەریكا بۆ رێگرتن لە بوونی بە خاوەن ئەو چەكە هەموو بژارەیەك دەگرێتە بەر.

لە لێدوانێكی بۆ كەناڵی "عەرەبییە"، ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا گوتی، ئێستە گەنجانی ئێران بەرگری لە مافی خۆیان بەرانبەر بە رژێمی ئەو وڵاتە دەكەن، سەرنجی ئەمەریكاش لەسەر ئەو سەركوتكاریانەیە كە رژێمی ئێران بەرانبەر بە گەلەكەی لە شەقامەكانی ئەنجامی دەدات. 

بلینكن دووپاتی كردەوە كە واشنتن پاڵپشتی لە گەلی ئێران دەكات، بەڵام بڕیاری گۆڕینی رژێمەكە بۆ ئەوان جێ دێڵین، لەوكاتەی رژێمی ئێران ئەو بیرۆكە لە مێشكی گەلەكەی جێگیر دەكات كە ئەمەریكا دەیەوێ رژێمەكە بگۆڕێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا نیگەرانی خۆی بەرانبەر پێدانی درۆن و مووشەك لەلایەن ئێرانەوە بۆ رووسیا دەربڕی، كە بەو شێوەیە پاڵپشتی لە مۆسكۆ لە شەڕ لە دژی ئۆكراینا دەكات،  دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی سوورە لەسەر ئەوەی ئێران نەبێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی، بۆ ئەوەش هەموو بژارەیەك كراوەیە بۆ رێگریكردن لێی.

لەبارەی سزاكانی سەر ئێران بلینكن روونی كردەوە، واشنتن لە رێگەی سزاكانەوە راوەدووی هەموو بەرپرسانی سەركوتكارییەكانی ئێرانی ناوە، هاوكات لە گەڕان بەدوای رێگەی پەكخستنی چالاكییە خراپەكارییەكانی ئێران بەردەوام دەبن.

سەبارەت بە دۆخی سووریا بلینكن ئاماژەی كرد، هەر ئاساییكردنەوەیەك لەگەڵ رژێمی بەشار ئەسەد رەت دەكەینەوە، هاوكات هەر ئۆپراسیۆنێكی سەربازی لەو وڵاتە هەوڵەكانی دژ بە داعش لاواز دەكات، بۆیە داوامان لە هەمووان كردووە، بەتایبەتی ئەنقەرە، كە پەرەسەندن بوەستێنێت.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل